ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەیەکی لە غەززە کرد و نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستدا

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەک 200 کەس تاوەکو 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەکات. 

 وتەبێژی تەندروستی غەززە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە ئیسرائیل نەخۆشخانەی العەرەبی لە کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە 200 کەس بۆ 300 کەس کوژران و لانیکەم 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.  و سەدان کەسیش لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە.

تەندروستی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە. 

وەک تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، سەتان کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانە بۆردوومانکراوەکەدان. 

بەهۆی ئەم كارەساتەوە دەسەڵاتدارانی فەلەستین سێ رۆژ ماتەمینی گشتییان راگەیاند.

هاوکات ئاژانسی ئەسۆشەیتێدپرێس باس لەوە ئەکات، ئەگەر ئەم هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە قورسترین هێرشی ئیسرائیل بووە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە کە زۆرترین کەس تێیدا کوژراون.

بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە ئەکەن خەریکی تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانەن. دانیەل هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمبارەوە وتوویەتی :" هێشتا هیچ وردەکارییەکمان لەسەر ژمارەی قوربانییەکانی ئەو نەخۆشخانە نەگەیشتۆتە دەست. ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی زانیارییەکانین. هەر زانیارییەکی وردمان پێ بگات رایدەگەیەنین. نازانین ئەمە بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بووە یان نا".

لە ١١ رۆژی رابردوودا و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، نەخۆشخانەکان بوون بە پەناگەی دانیشتوانی غەزە.

سوپای ئیسرائیل پێشتر بە خەڵکی دانیشتووی کەرتی غەزەی راگەیاندبوو کە باکووری کەرتی غەزە جێ بهێڵن و بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ئەوەی لە هێرشەکان پارێزراو بن. حەماس داوا لە خەڵک دەکات لە ناو غەزەدا بمێننەوەو بەریان پێ ئەگرێت کەرتی غەزە جێ بهێڵن و خەڵک وەک قەڵغانی ئینسانی بەکار ئەهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار