هاوڵاتی ئیسرائیل بەردەوامه لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و پزیشکانی بێسنور دهڵێن هیچ شوێنێکی سەلامەت له غهززه نییە. ئیسرائیل بەردەوامه لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لەوکاتەوەی کە بزوتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکە لە 7ی ئهم مانگهدا هێرشێکی لەناکاویان بۆ سەر شارۆچکە و شارەکانی تەنیشت کەرتی غەززەی ئیسرائیل دەستپێکرد. پزیشکانی بێسنور ئهمڕۆ یەکشەممە هۆشدارییاندا کە سیستەمی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕوبەڕوی داڕمان دەبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لەوانە دامەزراوە تەندروستییەکان. هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکانی غەززە ڕایانگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل بە درێژایی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە. لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند ، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە)، سەربازانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کامپی عەسکەر لە رۆژهەڵاتی شاری نابلوس لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو. لە هێرشەکەدا گەنجێکی فەلەستینی بەناوی مالیک جەمیل شەرقاوی کە تەمەنی 26 ساڵە تەقەی لێکرا و شەهید بوو. هەروەها سەربازانی داگیرکەر 3 هاووڵاتی دیکەیان بریندار کرد و هاووڵاتییەکی دیکەشیان دەستگیرکرد." ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین WAFAش بڵاوی کردەوە کە، بە هۆی بۆردومانی خانوویەک لە خان یونس، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵ و دوویان ژن بوون. لەم پەیوەندەدا پزیشکانی بێسنور لە بەیاننامەکەیاند دەڵێن "نەخۆشخانەکان قەرەباڵغن و سەرچاوەیان نییە"، ئاماژە بەوەشدەکەن، "لە غەززە هیچ شوێنێکی سەلامەت نییە بە نەخۆشخانەکانیشەوە". ئەو رێکخراوە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەیشتنی هاوکارییەکان، پشتیوانی زیاتر لە دامەزراوە پزیشکییەکان لە غەززە بکات.
هاوڵاتی دواى دوجار هێرشى درۆنى بۆسهر هێزهكانى ئهمریكا لهسنورى پارێزگاى ئهنبار، ئهمڕۆ هێرشهكان گۆڕانو سێ كاتیۆشاى یهك لهدواى یهك ڕویان لهبنكهى عهین ئهسهد كرد. ئاژانسی ههواڵى ڕۆیتەرز ئاشكرایكرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 01:30، بەسێ کاتیۆشا بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بۆردومانکرا. لەبارەی ئەوەی 'هێرشەکە بە چی کراوە؟' سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، بە مووشەک هێرشەکە کراوە و دەنگی تەقینەوەیەکیش لەنێو بنکەکەدا بیستراوە. تائێستا قەبارەی زیانە گیانیو مادییەکانی هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد ئاشکرانەکراوەو هیچ گروپێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لەئەنجامدانی هێرشەکە نەگرتۆتە ئەستۆ. ئەمە جاری چوارەمە لەماوەی دوو هەفتەدا بنکەی عەین ئەسەدی تایبەت بەهێزەکانی ئەمریکا لەپارێزگای ئەنباری هێرشی بکرێتەسەر، کە دوایین هێرش لەڕێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدرا. بنكهی سەربازی عەین ئەسەد گهورهترین بنكهی سەربازییە لەعێراق 64 كیلۆمهتر لهباكوری بهغداوە دوره، لهدهیهی ههشتاكانی سهدهی ڕابردودا كۆمپانیایهكی یۆگسلافی دروستیكردوه، 39 ژێرزهمینو پهناگهی پتهوی بۆ پاراستنی فڕۆكه تێدایه، لهسهردهمی شهڕی ههشت ساڵهی عێراقو ئێراندا چالاكترین بنكهی ئاسمانی عێراق بوه. هێرشەکان لەکاتێكدان، رۆژی 7ـی مانگ چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و ئەوەش وایکرد، سوپای ئیسرائیل شەڕ دژی ئەو گرووپە چەکدارە رابگەیێنێت.
هاوڵاتی دواى فەرمانەکەى وەزارەتى پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەى دەوام قوتابخانەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و کۆیە و رانیە و قەڵادزێ و چەمچەماڵ بەردەوامى هەیە و بەشێک لە چین و توێژەکانى دیکە هاوشان لەگەڵ مامۆستایانى ناڕازى و وانەبێژان بەشدارییان کردووە. بهیانی ئهمڕۆ یهكشهممه جارێكی دیكه مامۆستایانی میلاك و مامۆستایانی وانهبێژ و سهدان فهرمانبهر و چالاكوانی دیكه له سلێمانی خۆپیشاندانی فراوانیان ئهنجامدا و دوای داخستنی شهقامی سالم بهرهو بهڕێوهبهرایهتی پهروهردهی سلێمانی رۆیشتن، ئهوان دروشمی بهردهوامی بایكۆتیان راگهیاند. ئاماژەیان بەوەشکرد، "ئەم بایکۆتە پەیوەندی بە یەک موچەوە نییە، لە ساڵی ٢٠١٤وە پێمان دەوترێت موچە قەرەبوو دەکرێتەوە بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام ئێمە لەو کاتەوە ئەو قەرەبووەمان نەبینی." مامۆستایەکیش باسی لەوەکرد، "شەرمە بۆ حکومەتێک سەرجەم مافەکانی مامۆستایانی پێشێل کردبێت و بە وشەی "دەبێت" مامەڵەیان لەگەڵدا بکات." مامۆستایەکیدیکەش ڕایگەیاند، "رێگه نادهین وهزیری پهروهرده ههڕهشهمان لێبكات و پێمان بڵێت، دهبێت بگهڕێنهوه هۆڵهكانی خوێندن، ئێمه قبوڵی ناكهین و دهبێت موچهكانمان بدرێتهوه و دهبێت شكۆمان بۆ بگهڕێتهوه، دهبێت تاكۆتایی و بهدهستهێنانی ئامانجهكانمان بهردهوام دهبین له بایكۆت". 19ی ئهم مانگه ئالان حهمهسهعید، وهزیری پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، دڵیان لای مامۆستایان و خوێندكارانه بهڵام ئهو دۆخه گشتییه و تهنها وهزارهتی پهروهرده نییه و داوا دهكهن ههموان بچنه ژێرباری ئهوهوه كه له ههفتهی ئایندهوه "بهرپرسیارێتی گهوره "تهحهمول بكهین، وتیشی، "فهرمانێكی وهزاری واژكردوهكه دهبێت رۆژی 22ی 10 دهبێت مامۆستایان پڕۆسهی خوێندن دهستپێبكهن"، بهڵام لهوهڵامی ئهو پهیامهدا ئهمڕۆ جارێكی دیكه جهخت له بهردهوامی بایكۆت كرایهوه.
هاوڵاتی وتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، هەوڵیانداوە دوو بارمتەی ئیسرئیلی ئازاد بکەین بەڵام ئیسرائیل رەتیکردووتەوە، بەڵام تا ئیستا ئیسرائیل لەسەر ئەو بابەتە قسەی نەکردووە. ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتائیبی قەسام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام نوسیویەتی، "دوێنێ قەتەرمان ئاگادارکردەوە کە نوریت یەتشاق و یۆخفێد لیپشیدز ئازاد دەکەین بەهۆکاری مرۆیی و بەبێ چاوەڕوانی هیچ شتێک لەبەرامبەردا، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل رەتیکردەوە قبوڵیان بکات." ئەبو عوبەیدە باسی لەو هۆکارە نەکردووە کە بۆچی ئیسرائیل دوو بارمتەکەی رەتکردووەتەوە و تا ئێستاش ئیسرائیل هیچ قسەیەکی نەکردووە و لەسەر ئەو بابەتە وەڵامی حەماسی نەداوەتەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە زیاتر لە 210 بارمتە لەژێر دەستی حەماسدایە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئەنجامیدا لە 7ی ئەم مانگە کە تێیدا هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و دواتریش ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە کە تا ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشانە زیاتر لە چوار هەزار فەڵەستینی کوژراون. رۆژی هەیینی 20ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس دوو بارمتەی ئەمریکی رزگارکرد کە دایک و کچێک بوون بە ناوەکانی جودس راعنان و ناتالی رەعنانی کچی. ئەو دوو بارمتەیە یەکەمین بارمتە بوون کە لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم خشتەیەکی بڵاوکردەوە کە داهات و خەرجی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی 2023ی تییدا و بەپێی ئەو خشتەیە 477 ملیار دینار کورتهێنان هەیە. وەزارەتی دارایی لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بە بڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، هەر شەش مانگ جارێک راپۆرتی داهات و خەرجی حکومەتی هەرێم بڵاوکرێتەوە کە تێیدا "سەرجەم داتا و زانیاریەکانی لەلایەن لیژنەی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی و پەسەند کراوە." وەزارەتی دارایی دەشڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەو خشتەیە "لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی شەفافیەت و لەپێناو جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ بەڕێوەبردنی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە." بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بلاویکردووەتەوە، 477 ملیار دینار کورهێنان هەیە چونکە خەرجی زیاترە لە داهات بەشێوەیەک کە خەرجی شەش مانگی ئەمساڵ 8 ترلیۆن و 395 ملیار دینار و 501 ملیۆن دینارە، بەڵام کۆی داهاتی شەش مانگی 2023، 7 ترلیۆن و 918 ملیارو 501 ملیۆن دینارە.
هاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان پشتگیری خۆی بۆ مامۆستایان دەربڕی و رایگەیاند پێویستە وەزارەتی پەروەردە لە ریزبەندی مووچە بخرێتە پلەی یەکەم و لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مامۆستایان دابەش بکرێت، دەشڵێت، "پشتگیری لە رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەین." ئەمڕۆ شەممە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک تاووتوێکرا کە گرنگترینیان رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، نارەزایی مامۆستایان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەکە بوو. لە راگەیەدنراوێکدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی خستەڕوو کە تێیدا پشتگیری خۆی بۆ مامۆستایان راگەیاند و دەڵێت، "لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت لەو داهاتی ناوخۆیەی بەردەستە، هاوکاتیش لە ڕیزبەندی پێدانی موچەی وەزارەتەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ڕیزبەندی یەکەم" دەقی راگەیەندراوەکەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان: ئەمڕۆ شەممە (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا. ئەجێندای کۆبونەوەکە، چەند تەوەرێکی لەخۆگرتبو، یەکەم: تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێم و عێراق، بەتایبەت کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن، دوەم: خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان، سێیەم: دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و دوایین قۆناغەکانی خۆڕێکخستنەوە و سەرپێخستنی پرۆسەى ئاشتەوایی. پەیوەست بە دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، کۆبونەوەکە پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان هەردولا کرد، بەتایبەت کە دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بکرێت، لەبارەی خۆپیشاندان و چالاکیەکانی مامۆستایانیش، جگە لە پشتیوانی لە داواکاری و دابینکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران، بە پێویستزانرا حکومەتی هەرێم و وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان خواست و داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت لەو داهاتی ناوخۆیەی بەردەستە، هاوکاتیش لە ڕیزبەندی پێدانی موچەی وەزارەتەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ڕیزبەندی یەکەم، هەمو ئەم هەنگاوە کرداریانەش لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمدا. لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جڤاتی نیشتیمانی جەختی کردەوە، لە بۆشایی دامەزراوەکانی حکومڕانی و پەرلەماندا، هەڵبژاردن بووەتە پێویستی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی و سەقامگیری سیاسیی، لەوچوارچێوەیەدا دوایین هەنگاوە کردارییەکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن گفتوگۆ و تاوتوێکران. لە کۆتایدا، جڤاتی نیشتمانی هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەو پڕۆژە و ڕوانین و بۆچونانەی بەشێک لە کارەکتەر و هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان خستویانەتەڕوو، لەو بارەیەوە دروستکردنی ڕوانگەی هاوبەش و تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و بەیەکەوەبڕیاردان بۆ بەهێزکردنەوەی بەرەی گۆڕانکاری کرایە ئەولەویەت، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بە کراوەیی هێڵرایەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکە ڕێکخراوەییەکان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ئەمساڵدا و بەیەکەوە کارکردن بەمەبەستی بەخۆداچونەوەی گوتاری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەهێزکردنی بەرەیەکی سیاسیی، کە وەڵامدەرەوەی پێداویستی و داخوازییە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان بێت. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣
هاوڵاتی باندێکی قاز دزین لە سەنتەری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران کە پێشتریش سکاڵایان لەسەر بووە لەسەر دزینی کێبڵی کارەبا. منهل موەفەق بەڕیوەبەری ناحیەی رۆڤیا بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئاسایشی ناحیەکەمان دوو کەسیان دەستبەسەر کردووە کەچەند قازێکیان دزیوە، ئەو دوو کەسە خەڵکی ناحیەی گردەسێنن و تەمەنی یەکێکیان 22 ساڵە ئەوەی تریان 18 ساڵە." مەنهەل موەفق دەشڵێت، "ئەمانە وەکۆ باندێکن و دانیان بەتاوانەکەی خۆیاندا ناوە کە قازیان دزیووە هاوکات کێبڵێکی زۆری کارەبا و محاویلەی کارەبا یان دزیوە، پێشتر نزیکەی 20 کەس هاتوونەتە لامان و داوایان کردوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەن کە دزیان لێکردوون."
هاوڵاتی مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانی سبەینێی مامۆستایان و فەرمانبەران راگەیاند و دەڵێت خۆپیشاندانەکیان "رەوایە" و داواشیان لێدەکات ئاراستەی خۆپیشاندەکە نەگۆڕێت و پەلاماری هیچ دامودەزگایەکی فەرمی نەدرێت. دوای ئەوەی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند پێویستە بایکۆت بشکێندرێت و مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوامی خۆیان، مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان وەڵامی وەزیری پەروەردەیان دایەوە و رایانگەیاند کە یەکشەممە خۆپیشاندانێکی گەورە ساز دەکەن. خۆپیشاندانی مامۆستایان لەسەر وەرنەگرتنی مووچەکانیانە و دەڵێن هەتا مووچە لەکاتی خۆی نەدرێت ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن. لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە مەلا بەختیار پەیامێکی بڵاوکردەوە و دوو داواکاری لە خۆپیشاندەران کرد و دەڵێت، "رێگه مهدهن ئاڕاستهی خۆپیشاندانهكه مۆری حیزبایهتی لێ بدرێ، خۆپیشاندانهكه مهدهنی بێ و گهلێ دوور بێ له پهلاماردانی فهرمانگهو بارهگاو دهزگا مهدهنیهكانو كاسبی ناو بازاڕ." مەلا بەختیار دەشڵێت، "كورد دهمێكه وتویهتی: برسێتی رهگی هاری پێوهیه. خۆشبهختانه، نهبونی موچه و برسێتی، نهگهیشتۆته رهگی هاری." دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار: خۆپیشاندانی موچهخۆران رهوایه دوای ههوڵێكی زۆر، له بایكۆتهوه بۆ ناڕهزایی، موچهخۆره بێبهشكراوهكان له مافه مهدهنیهكانیان، بڕیاریانداوه كه سبهینێ (22/10/2023) بهناوی دهیان ههزار فهرمانبهرو مامۆستاوه، خۆپیشاندان بكهن. لهكاتێكدا، مافی مهدهنی و دیموكراسی خۆیانه، موچهخۆر، داكۆكی له مافی پیشهیی بكهن و هیوادارین، حكومهت، بهزووترین كات، دانیشتنێكی تایبهتی بۆ چارهسهری ئهم كێشه پیشهییه بدۆزێتهوه. كورد دهمێكه وتویهتی: برسێتی رهگی هاری پێوهیه. خۆشبهختانه، نهبونی موچه و برسێتی، نهگهیشتۆته رهگی هاری و تهنها به خهباتی مهدهنی موچهخۆران داوای مافی خۆیان دهكهن. لهكاتێكدا بهنده پشتیوانیانم، لهههمان كاتدا دوو پێشنیاز دهخهمه بهردهم ئهم موچهخۆره خاوهن مافی رهوایه: یهكهمیان: رێگه مهدهن ئاڕاستهی خۆپیشاندانهكه مۆری حیزبایهتی لێ بدرێ. دووهمیان: خۆپیشاندانهكه مهدهنی بێو گهلێ دوور بێ له پهلاماردانی فهرمانگهو بارهگاو دهزگا مهدهنیهكانو كاسبی ناو بازاڕ. ئومێدهوارم.. ئهم خۆپیشاندانه، سهرهتای چارهسهری ریشهیی بۆ كێشهی پیشهیی موچهخۆران بێ.
هاوڵاتی رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ناوەراستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا دەگاتە هەرێمی کوردستان و ئامادەکاری کراوە دەستبەجێ مووچە دابەش بکرێت. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رێباز حەملان لەسەر دابەشکردنی مووچە باسی لەوە کرد، "وهزارهتی دارایی عێراق له دوای 20ی مانگهوه موچهی خۆیان دابهشدهكهن، بۆیه لهدوای ئهوهش به چهند رۆژێك ئهو تهمویلهی ههرێم دهنێرێت كه به قهرزه و ئهمه دووهمین جار دهبێت كه بڕی 700 ملیار رهوانه بكات پێموایه ناوهڕاستی ههفتهی داهاتوو دهگاته ههرێمی كوردستان و وهزارهتی دارایی لیستی ئامادهیه و دهستدهكات به دابهشكردنی موچهی مانگی ههشت." رێباز حەملان وتیشی کە مووچە کێشەی بۆ دروست نابێت چونکە له دوا كۆبونهوهی شاندی حكومهتی ههرێم لهگهڵ لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق باس لەوە کراوە "كه 700 ملیارهكه بهردهوام بێت بۆ ئهوهی موچهی مۆچهخۆران نهوهستێت، ههروهها هەمواری یاسای بودجهی 2024 بكرێت." دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و سەردانی شاندی هەرێم بۆ لای شاندی حکومەتی عێراق لە مانگی رابردوودا، رۆژی یەكشەممە 17ی ئەیلولی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی هەفتانەیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ و هەر مانگێک بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت و تا ئێستا تەنها یەک جار ئەو بڕە پارەیە رەوانە کراوە کە بۆ مووچەی مانگی حەوت دابەشکرا.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لوتکەی قاهیرە رایگەیاند، ئەوەی روودەدات لە غەززە قبوڵکراو نییە و عێراق بەتوندی ئیدانەی چۆڵکردنی غەززە دەکات. لەمیانی لوتکەی ئاشتی لە قاهیرە کە تایبەت کرابوو بە دۆخی فەڵەستین و جەنگی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی"عێراق زۆر بەتووندی ئیدانەی هەوڵی چۆڵکردنی کەرتی غەززە دەکات و بەهیچ شێوەیەک بوار نییە بە نیشتەجێکردنەوە و دروستکرنی ئۆردوگا، فەڵەستینییەکان هیچ شوێنێکیان نیە جگە لە خاکی خۆیان و ئەوەی روودەدات قابیلی قبوڵ نییە، قەوارەی زایۆنی بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاساکان، لەوانەش یاساکانی جەنگ." محەممەد شیاع سودانی لە وتارەکەیدا وتیشی، "پرسی فەڵەستین هیچ نەدەگشتە ئەم بارودۆخە کارەساتبارە ئەگەر بریارە نوێدەوڵەتییەکان رێزی لێبگیرایە و فەڵەستین تەنها داوای مافی چارەنوسی خۆی کردووە، هیچ کەسێکیش بۆی نییە سازش یان ئاشتەوایی بکات جگە لە فەڵەستینییەکان، ئەوەی ڕوودەدات تاوانێکی جەنگی تەواوە، کە بە کوشتنی خەڵکی بێ چەک دەستی پێکرد لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆیەکی خنکێنەر بەسەر ئەو کەسانەی کە بە زیندویی ماونەتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەستی کرد لەگەڵ کردنەوەی دەروازە سنورییەکان و ئازادکرنی دیلەکان. لەکۆتایدا سودانی داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کرد بۆ فەڵەستینییەکان و وتی، "شەڕعیەتی نێودەوڵەتی و گەلانی ئازادیخواز داوا دەکەن بەشێوەیەکی فەرمی دەوڵەتێکی فەڵەستینی دابمەزرێنن کە قودس پایتەختی بێت بەدەر لە گەمارۆ و برسیکردن."
هاوڵاتی رێکخراوی یارمەتیبەخشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین رایگەیاند، لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگەوە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل 17 کەس لە تیمەکانیان کوژراوە و 500 هەزار کەسیش هانایان بۆ هێناون. رۆژی شەممە ٢١ی تشرینی یەکەمی 2023 رێکخراوەکە رایگەیاند 17 کەس لە تیمەکانیان لە دوو هەفتەی یەکەمی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە کەرتی غەزە کوژراون، بەڵام رەنگە ژمارەی کوژراوەکان لەمە زیاتریش بێت. فیلیپ لازارینی، بەڕێوەبەری دامەزراوە خێرخوازییەکە رایگەیاند، 35 باڵەخانە، لە بینا و شوێنەکانی ئەم رێکخراوەیە بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووەو لە بەشێک لە زیانبەرکەوتنەکاندا، بیناکان بە ئەنقەست و راستەوخۆ کراونەتە ئامانج. بە وتەی لازارینی تا ئێستا 500 هەزار کەس پەنایان هێناوەتە بیناکانی ئەم دامەزراوەیە لە کەرتی غەززە و جێیان بۆ کراوەتەوە. ئیسرائیل لە رابردوودا ژمارەیەک لە فەلەستینییەکانی کارمەندی رێکخراوەکەی لە کەرتی رۆئاوای بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە چەکدارەکانی فەلەستین و کارکردن بۆ ئەو رێکخراوانە دەستگیرکرد و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردبوون. تا ئێستا سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بەم راگەیاندنەی رۆژی شەممەی فیلیپ لازارینی، بێدەنگی هەڵبژاردووە.
هاوڵاتی بەرێوبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگای ئاخجەلەر شەش کەس برینداربوون. تەندروستی چەمچەماڵ باس لەوە دەکات کە تیمی فریاکەوتنی مەڵبەندی تەندروستی ئاخجەلەر و تەکیە "بەمەبەستی بەهاناوەچوون و چارەسەری بەپەلە گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و بریندارەکانیان گواستەوە بۆ سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ." نوێدەکرێتەوە...
هاوڵاتی هاوڵاتییەک بەناوی زیاد بامەڕنێی دوای 48 ساڵ لە دەرەوەی وڵات بۆ یەکەم جار گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و رووی لە زێدی خۆی کرد و دەڵێت دەیەوێت ئەو ژیانەی ماویەتی لە بامەڕنێ بەسەری ببات. زیاد ماوەی 41 ساڵە لە لوبنان دەژی و لەساڵی 1975ەوە بێسەروشوێن بووە کاتێک دەست بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەکات و ماوەیەک لە تورکیا و ئێران دەبێت و دواتر روو لە لوبنان دەکات و لەساڵی 1982 تا 2023 لەوێ دەمێنێتەوە. نێروان سولەیمان بامەڕنێی، کەسوکاری زیاد، بە هاوڵاتی راگەیاند، "زیاد هەر لەدوای 1975وە بێسەرشوێن بووە، هیچ هەواڵێکمان لێی نەبوو چونکە ئەو هیچ تەلەفون و شتێکی پێ نەبووە تا پەیوەندیمان لەگەڵ بکات، ئێمەش بەتەواوی لێی بێ هیوا بووین، لەکاتی پێشمەرگایەتی ناسنامە و هەمووشتێکی لەناوچوو بوون." سەبارەت بە دۆزینەوەی زیاد، نێروان بامەڕنێی وتی، "بەم دوایە چەند کەسێک هەوڵی دۆزینەوەی زیادیان دا، دواجار زانیان لە لوبنان دەژی، بەوشێوەیە جارێکی تر گەرایەوە بامەرنێ." بامەڕنێ شارۆچکەیەکی بچوکە و دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوە. زیاد لە تەمەنی 19 ساڵی دەچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و دواتر کە لە لوبنان نیشتەجێ دەبێت لەلای کوردێکی کۆبانێ کار دەکات. زیاد ئێستا تەمەنی زیاد لە 60 ساڵە و دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون و چوار برای هەیە کە سیانیان لە دەرەوەی وڵات دەژین و تەنها برایەکی لە بامەڕنێ دەژی. زیاد تا ئێستا ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە و لەرێی نێروانەوە بە هاوڵاتی وت کە ئەو ژیانەی ماویەتی دەیەوێت لێرە بژی و دەڵێت، "هاتوومەتەوە بامەرنێ تا لێرە بژیم."
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کاردەکەن بۆ بەرەوپێشبردن و چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکیدا و لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا "هاوڵاتییان هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن." ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا مەسرور بارزانی باسی لە سیستەمی بانکی کرد لە هەرێمی کوردستان و وتی، "دروستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیادنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابوری هەرێمەکەمان." سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد کە "هاوڵاتییانی ئێمە لەماوەی داهاتوودا بەخێرایی هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن، بۆ نمونە لە شێوازی پارەدان و کڕینی خۆراک و سووتەمەنی لەرێگەی کارتی بانکییەوە، خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاویندا و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سەرەدا بن، بەڵکو لە رۆژێکی دیاریکراودا، پارەکانیان دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان. لەدوای راگەیاندنی پرۆژەی "هەژماری من" لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە مەبەست لێی مووچە وەرگرتنە لەرێی سیستەمی بانکییەوە، تا ئێستا 100 هەزار فەرمانبەر هەژماری بۆ کراوەتەوە و بەپێی بەدواداچوونێکی هاوڵاتی هەر فەرمانبەرێک لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بۆ کردنەوەی هەژمارەکە کە دەکاتە زیاتر لە 12 ملیار دینار بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم. هەرکاتێکیش فەرمانبەر مووچەی خۆی راکێشێت عمولەی دەچێتە سەر.
هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئامانج لێی پەکخستنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بووە و ریاز بەنیازبووە دان بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا بنێت. سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا لەسەر ئامانجی هێرشەکەی حەماس، کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنجامیدا، وتی، "یەکێک لەو هۆکارانەی حەماس بەرەو ئیسرائیل جوڵا ئەوەبوو دەیانزانی کە من نزیک بووم لەوەی لەگەڵ سعودیەکان دابنیشم، سعودییەکان دەیانویست دان بە ئیسرائیلدا بنێن." تا ئێستا لە چوارچێوەی پەیماننامەی ئاشتی لەساڵی 2020 بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە کە ئەوانیش ئیمارات، بەحرەین، سودان، هەروەها مەغریبن. سعودیە لەم رێککەوتننامەیەدا بەشداری نەکرد و دەڵێت ئامانجی بەدیهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین سەرەتا دەبێت باسی لێوە بکرێت. هەفتەی رابردوو بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تەلئەبیب کرد دوای هێرشەکەی حەماس و وتی کە ئەگەری رێککەوتن "هێشتا زیندووە، بەڵام کاتی دەوێت." لەساڵی 1947 سعودیە دژی بەشکردنی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی دا و ساڵێک دواتریش دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. لەو کاتەوە تا ئێستا هەردوو وڵات هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماسییان نەبووە و سعودیە دانی بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا نەناوە.
