بایدن: سعودیە بەنیازبوو دان بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا بنێت بەڵام هێرشەکەی حەماس نەیهێشت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئامانج لێی پەکخستنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بووە و ریاز بەنیازبووە دان بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا بنێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا لەسەر ئامانجی هێرشەکەی حەماس، کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنجامیدا، وتی، "یەکێک لەو هۆکارانەی حەماس بەرەو ئیسرائیل جوڵا ئەوەبوو دەیانزانی کە من نزیک بووم لەوەی لەگەڵ سعودیەکان دابنیشم، سعودییەکان دەیانویست دان بە ئیسرائیلدا بنێن."

تا ئێستا لە چوارچێوەی پەیماننامەی ئاشتی لەساڵی 2020 بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە کە ئەوانیش ئیمارات، بەحرەین، سودان، هەروەها مەغریبن. سعودیە لەم رێککەوتننامەیەدا بەشداری نەکرد و دەڵێت ئامانجی بەدیهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین سەرەتا دەبێت باسی لێوە بکرێت.

هەفتەی رابردوو بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تەلئەبیب کرد دوای هێرشەکەی حەماس و وتی کە ئەگەری رێککەوتن "هێشتا زیندووە، بەڵام کاتی دەوێت."

لەساڵی 1947 سعودیە دژی بەشکردنی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی دا و ساڵێک دواتریش دژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. لەو کاتەوە تا ئێستا هەردوو وڵات هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماسییان نەبووە و سعودیە دانی بە سەربەخۆیی ئیسرائیلدا نەناوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار