فەرماندەی هێزی خۆبەخشی قەرەچووخ: پارتی هێرشێکی لەناکاوی کرد و ویستیان دوو خاڵی چاودێریی چۆڵکراو بگرن
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخمور رایگەیاند کێشەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای قەرەچوخ کۆتای هاتووە و لیژنەکەی حکومەتی عێراق لەدوای لێکۆڵینەوە بڕیار دەدات ئەو خاڵە چاودێرییانە بدرێت بە کام لایەن، دەشڵێت، "هێزەکانی 80 چیای قەرەچووخ بە سنوری خۆیان دەزانن بۆیە ویستییاویانە بیگرن و هێرشێکی لەناکاویان کرد."
غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخموور لەسەر شەڕەکەی دوێنێی نێوان هێزەکانی 80ی وەزارەتی پێشمەرگە کە سەر بە پارتییە لەگەڵ سوپای عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند، "کێشەکە لەسەر گرتنەوەی دوو خاڵی چاودێری بووە و کێشەیەکی گەورە نییە، هەردوولا پەشیمان بوونەتەوە لەسەر بابەتەکە."
ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و هەشت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو کوژراویش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد.
دوای روداوەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لەسەر بڕیاری لیژنەکە غازی فەیسەڵ وتی، "لیژنەکە بەیانی دەگات و بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە خاڵە چاودێرییەکان بدرێتە پیتشمەگە یان لەدەست عێراق بێت."
چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، رایگەیاند، "هێزەکانمان لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ئەو ناوچانە کشاندوەتەوە."
غازی فەیسەڵ دەڵێت لە دوو ساڵی رابردوودا تورکیا زۆر هێرشی کردووەتە سەر ئەو خاڵە چاودێرییانە بۆیە "پەکەکە داوای کردووە سوپای عێراق بیانپارێزیێت و ئەو خاڵانە رادەستی ئەوان بکاتەوە و سوپای عێراقیش وتوویەتی کە رادەستی ئێمەی بکەنەوە دەتانپارێزین."
لەسەر هێرشەکە فەرماندەی هیزی خۆبەخشی قەرەچووخ ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزەکانی 80 ویستوویانە ئەو خاڵە چاودێرییانە بگرن.
"گەریلا کیشەی هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی و حەزیان نەدەکرد پارتی ئەو خاڵە چاودێرییانە وەربگرێت و داوایان کرد سوپای عێراق دەوروپشتی کەمپەکە وەربگرێت. پارتی زنجیرە شاخی قەرەچووخ بە سنوری خۆی دەزانێت و هیزەکانی 80 وسیتیان خۆیان دەستی بەسەردا بگرن و حەزیان نەکردووە سوپای عێراقی لێبێت و نزیکیان بێت، بۆیە پارتی هەوڵیدا لەرێگەی پیوەندییەکانییەوە وەریبگرێت و نەیانتوانییوە بۆیە هێرشێکی لەناکاویان کرد و ئەوە رویدا"، غازی فەیسەڵ وای وت.
بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکە لەگەڵ سوپای عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرێکی ریشەیی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی عێراق و پشتیوانیی بۆ ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە" دەکەینەوە.
دوای دروستبوونی ئەو گرژییە لەنێوان هەردوولا، چەند ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوبوویەوە کە باس لەوە دەکرا هێزی حەشید شەعبی بێت بەرەو مەخمور جووڵەیان پێکرابێت. غازی فەیسەڵ ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا لیوایەکی حەشدی شەعبی هاتوونە نزیک مەخمور و جێگیرکراون هەرچەندە چەندین ساڵە حەشدی شەعبی نەهاتووەتە ئەو ناوچەیە.