قسەیەکی دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا دەکرێت لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ساتەوەختی بڕیاردان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا لەنێو چەند ئەندامێکی کۆنگرێسدا باسی لە کوردی سوریا کردووە و وتوویەتی چارەنووسیان "بە من چی؟"
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا بەشێکی لە کتێبیكی نوێ بڵاوکردووەتەوە کە ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێس نوسیویەتی و باس لە کۆبوونەوەیەک دەکات کە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا، رێکیخستبوو بۆ بەرگریکردن و رازیکردنی ترەمپ تا تەرکیز بخاتە سەر کوردانی سوریا کە لەو کاتەدا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی تورکیایان لەسەر بوو.
کتێبەکە ئادەم کیزینجەر، ئەندامی خانەنشینی کۆنگرێس نوسیویەتی بەناوی "خیانەتکار: بەرگریکردن لە دیموکراسی و ئازادی لە وڵاتە پەرتەوازەکەماندا."
ئادەم کیزینجەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت لەگەڵ چەند ئەندامێکی تری کۆنگرێسدا بانگێشتکرابوو بۆ کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی تا پشتگیری هەوڵی جۆن بۆڵتن بکەن سەبارەت بەوەی ترەمپ تەرکیزی بخاتەسەر کوردانی سوریا و باس لەوە دەکات کە "هەر گەشتینە ژووری سەرۆک هەستم پێکرد کە ترەمپ نائارام بوو و بۆڵتنیش بەداماوییەوە چاوەرێی کەسێک بوو قسە لەگەڵ ترەمپ بکات."
کیزینجەر لەسەر کۆبونەوەکە زیاتر دەنوسێت و دەڵێت، "بۆڵتن دەیویست بە ڕێزەوە بەردەوام بێت هەرچەندە وادیاربوو ترەمپ گوێی نەدەدا و دواتر بۆلتن لە کۆبونەوەکەدا وتی، 'کوردەکان لەپێناوی ئێمە شەڕیان کرد و مردن لە عێراق.'" دواتر کیزینجەر خۆی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "ئەوان [کوردەکان] بەردەوام بوون لە پێدانی زانیاریی ورد لەسەر سیاسەتی ناوچەکە، هەرچییەکمان بوتایە بە کەڵک نەدەهات."
لەسەروبەندی ئەم قسانەدا ترەمپ قسەکان دەبڕێت و بەپێی وتەی کیزینجەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەبارەت بە بەرگریکردن لە کوردانی سوریا دەڵێت، "جا بە من چی؟"
ئەندامەکەی پێشووی کۆنگرێس لە بەشێکی تردا باس لەوە دەکات کە دوای کۆبوونەوەکە دوو رووداو زۆر کاریگەری لێکردووە کە یەکێکیان "دەموچاوی بێهیوایی بۆڵتن بوو کاتێک ترەمپ نەیدەتوانی تەرکیز بکات و دووەمیشیان وەڵامەکەی ترەمپ بوو کە لەسەر کوردانی سوریا وتی 'جا بە من چی؟'"
دواجار ترەمپ فرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دەرکرد و لە 7ی تشرینی یەکەمی 2019 بەشێکی زۆری سەربازانی وڵاتەکە لە باکوری سوریا کشانەوە ئەمەش رێیخۆشکرد بۆ ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" تورکیا کە دوای دوو رۆژ رایگەیاند و ماوەی دوو هەفتەی پێچوو. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تورکیا بەشێکی زۆری خاکی رۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد و دەستیگرت بەسەر سەرێکانی و گرێسپی و چەندین ناوچەی تر.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاردانەوەی جیهانی بەدوایخۆیدا هێنا و رەخنەیەکی زۆر لە دۆناڵد ترەمپ گیرا کە ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە جیهاندا ئەو هەڵویستە وا لیکدرایەوە کە خیانەت لە کورد کرابێت جارێکی تر و دەوترا "خەنجەرێک لە پشتەوە لە کورد" دراوە. هیزەکانی سوریای دیموکرات لەساڵی (هەسەدە) لە ساڵی 2015 لەسەر دەستی ئەمریکا دروستبوون و بوونە بەشێکی گرنگ لە تێکشکانی داعش و دواتریس وەک هاوپەیمانێکی گرنگی واشنتن لێ دەرواندرا و تا ئێستاش بە هەمان شێوەیە.
لەدوای کشانەوەی هێزەکانی و لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە تەنها چەند سەربازێکی کەمیان هێشتووەتەوە و تەنها "پارێزگاری لە نەوتەکە" دەکەن و "کاتی ئەوەیە کۆتایی بهێنین بەو جەنگە کۆتاینەهاتووە گاڵتەجاڕانە." لە چەند لێدوانێکی تریشدا کە زۆر شۆکهێنەر بوو بەلای چەدین سیاسەتەمەدار و شیکەرەوەی سیاسییەوە ئەوە بوو کە وتی، کوردەکان "لە جەنگی دووەمی جیهانی یارتمەتییان نەداین."
جۆن بۆڵتن لە ئازاری 2018 وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەستبەکاربوو و دواتر بەهۆی ناکۆکییەکانییانەوە، ترەمپ لە ئەیلولی 2019 دوورغخستەوە. جۆن بۆڵتن لە کتێبەکەی خۆیدا باس لەوە دەکات ترەمپ گرنگی زۆری نەداوە بە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لەو مەترسییث تێنگەشتووە کە تورکیا یان ئێران دروستی دەکەن لە ناوچەکەدا.