منداڵپارێزی جیهانی: لە سێ هەفتەی شەڕ منداڵ لە غەززە زیاتر کوژراوە بەراورد بە سەرجەم کوژراوانی جەنگەکان لە ساڵی 2019ەوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی رایگەیاند لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین منداڵانی کەرتی غەززە زیاتر کوژراون لە ژمارەی تەواوی منداڵانی کوژراو لە ساڵی 2019ەوە.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، سێ هەزار و 324 مندال لە کەرتی غەززە و 36 منداڵی تر لە کەرتی خۆرئاوا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

رێکخراوەکە دەڵێت ئەم ژمارەیە زیاترە لە سەرجەم منداڵانی کوژراو لە سەرجەم شەڕ و جەنگەکانی ساڵی 2020، 2021، هەروەها 2022 لە تەواوی جیهاندا بەجۆرێک لە ساڵی 2020، دوو هەزار و 674 منداڵ، لەساڵی 2021، دوو هەزار و 515 منداڵ، هەروەها لە ساڵی 2022 دوو هەزار و 985 منداڵ کوژراون.

جەیسن لی بەرێوبەری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بۆ رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لەسەر کوشتنی زۆری منداڵان لە شەڕەکەدا دەڵێت، "مردنی منداڵێک زۆرە، بەڵام ئەم هەموو مردنە سەرپێچییەکی یەکجار گەورەیە، تەنها ئاگربەست زامنی سەلامەتی منداڵان دەکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت خەڵك پێش سیاسەت بخەن، هەر رۆژێک کە دەڕوات بە گفتوگۆ و دانوستانەوە منداڵێک زیاتر دەکوژرێت، منداڵان دەبێت هەموو کاتێک پاریزگارییان لێ بکرێت بەتایبەتی کاتێک کە هەوڵی سەلامەتییان دەدەن لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا."

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەدنروستی فەڵەستین لە سەرەتایی دەستپێکی شەڕەوە شەش هەزار منداڵ لە غەززە برینداربوون و هەزار منداڵێش بێسەروشوێنن. ژمارەی کوژراوانی غەززەش هەشت هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

لە سەرەتایی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7ی ئەم مانگەوە، هەزار و 400 هاوڵاتی ئیسرائیلیش کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار