هاوڵاتی ئەمرۆ گەنجێکی 20 ساڵی دانیشتووی کۆمەڵگای سیبا لەسەنتەری شەنگال بە دەسترێژی گولە بریندارکراو و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، ئەمەش ژمارەی کوژراوان لە دە ڕۆژی ڕابردوودا بەرزدەکاتەوە بۆ چوار هاوڵاتی. پۆلیسی شەنگال ڕایگەیاند ئەو گەنجەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گوولە لە شەنگال کوژرا ناوی سەعد شەکر مەحلوو و، خەڵکی کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر ە. وتیشی، "تا ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو گەنجە دیار نییە و هیچ کەسێکیش لەسەر کەیسەکە دەستگیر نەکراوە". سەعد چوارەم هاوڵاتییە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە شەنگال بکوژرێت بەوپێیەی لە چەند ڕۆژی رابوردووش بەهەمانشێوە سێ کەسی دیکە کوژران کە دایک و باوکێک و منداڵەکەیان بوون . چێگەیباسە لەو ڕوداوەدا کە چەند ڕۆژێک لەمەو پێش ڕویدا ئەو خێزانە لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژرابوون بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری هاوڵاتی لە پۆلیسی ناوچەکەوە چەندکەسێکی نزیک لەکەسوکاری قوربانیەکان دەستگیرکراون بەڵام تا ئێستا نە هۆکاری کوشتنەکەیان ئاشکرا بووە نە هیچ کەسێکیش لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکراوە.
هاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسوڕاوێکی خۆی لەڕیزەکانی دوورخستەوە، هۆکارەکەشی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پۆستەکەی لەوەزارەتی پەروەردە دەگەڕێنێتەوە. دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د.سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جاری دووەم تەمەنی خزمەتی د. سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردە درێژكرایەوە، هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان ئاگاداری كردۆتەوە كە تەمەنی گەیشتووەتە خانەنشینی و نابێت تەمەنی خزمەتی بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام د. سەیوان عەلی پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان نەبووە.
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی چوار گەریلای شەهیدى بڵاوکردەوە، کە لە خواکورک شەهید بوون. دەقی بەیاننامەکەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە: لە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٣ دوژمن هێرشی کردە سەر هەرێمی خواکورک و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار شەهید بوون. هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار لە باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ئازادی گەلەکەمان ڕوویان کردە ناو ڕیزەکانی پەکەکە و بە زانستێکی گەورەی نەتەوەیی تێکۆشانیان کرد، هاوکارەکانمان نوێنەرایەتی گەلەکەمانیان دەکرد، لە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەتی دوژمن، هاڤاڵانمان ڕزگار کە بە دیمیلکی قسەی دەکرد، گەرناس کە بە کرمانجی قسەی دەکرد و هەژار کە بە سۆرانی قسەی دەکرد، پێکەوە لەسەر بنەمای ڕۆح و فکرێکی هاوبەش بۆ ئازادی گەلەکەمان تێکۆشانیان کرد، هەڤاڵانمان ڕزگار، گەرناس و هەژار هەموو ساتەکانی ژیانیان بە بێ وەستان و ماندووبوون بۆ گەورەکردن و پێشخستنی تێکۆشان بەسەر برد، وەک جەنگاوەرێک کە نموونەبوون بۆ هەموو گەنجانی کوردستان ، لە مێژووی ئازادی ئێمەدا جێگەی خۆیان کردەوە. سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئازیزی هەڤاڵانمان ڕزگار و گەرناس و هەژار دەکەین و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە یادەوەرییەکانیان بە پێشخستنی تێکۆشان زیندوو بهێڵینەوە. هەڤاڵمان سینجەر دێهگولان کە لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٣ لە ناوچەی خواکورک لە ئەنجامی هێرشی دوژمندا بە سەختی بریندار بوو، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ زیندوومانەوەی هەڤاڵمان لە ٣٠ـی ئاب شەهید بوو. ڕۆڵەی قارەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جەنگاوەری شایستە، هەڤاڵمان سینجەر ژیانی خۆی لە پێناو گەلەکەمان و تێکۆشانمان فیدا کرد، بەو تێگەیشتنەی کە تا گەلەکەمان ئازاد نەبێت، مرۆڤ خۆی هەرگیز ئازاد نابێت، لەسەر بنەمای ژیانی سۆسیالیستی، ئازادی و کۆمەڵایەتیبوون، بەهایەکی گەورەی دا بە هەڤاڵێتی، هەڤاڵمان بێگۆمان دەیزانی کە دەبێت بۆ ئەمە تێکۆشان بکرێت، بە تێگەیشتن لە ئەرکی جەنگاوەری ئاپۆیی بە فیداکاری و ماندووبوونی خۆی لە هەموو بوارێکدا بوو بە نموونە. سەرەتا سەری بنەماڵەی ئازیزی هەڤاڵمان سینجەر و تەواوی گەلی کوردی وڵاتپارێز سەلامەت بێت، بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە کە بە تێگەیشتن لە پیرۆزی خوێنی شەهیدانمان، ئاڵای شۆرش کە هەڤاڵمان سینجەر ڕادەستی کردووین بە بەرزی ڕایدەگرین. زانیاری دەربارەی ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان بەم شێوەیەیە: نازناو: ڕزگار سیوار ناو و پاشناو: یادین بولوت شوێنی لەدایکبوون: خارپەت ناوی دایک – باوک: خەدیجە – عەلی شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: گەرناس قەندیل ناو و پاشناو: کاوە مەمۆ شوێنی لەدایک بوون: دەربێسی ناوی دایک – باوک: ساجیدە – احمد شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: هەژار بێکەس ناو و پاشناو: سیروس ڕاستەقیز شوێنی لەدایک بوون: تیکاب ناوی دایک – باوک: ئامین – تۆفیق شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک نازناو: سینجەر دێهگولان ناو و پاشناو: نعمەت ڕضایی شوێنی لە دایک بوون: بیجار دایک-باوک: مەریەم-عەبدوڵڵا کات و شوێنی شەهیدبوون: ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣ / خواکورک
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هەبوو." ، وتیشی، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا گفتوگۆی باشیان لە بارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فرەنسا کردوە. ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دیارە رێککەوتنێکی ستراتیژی لە نێوان فڕەنسا و عێراق هەیە، بۆیە پێویستە هەمولایەنەکان پابەندنی حەو رێککەوتنە بن، فڕەنسا لایەنێکی گرنگ و هاوکاری عێراق بوە لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و زۆربەی پرسەکانی دیکە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، "سەرۆک ماکرۆن پابەندە بەوەی سەردانی عێراق بکات، بانگهێشتم کردووە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتەکەی قبووڵ کرد." لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "پابەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا و لەگەڵ یەکێتی هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی نەکراوە. دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندبن بەوەی لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت." سەرۆکی هەرێم ڕونیشیکردەوە کە، "هیچ رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، سەرۆکایەتی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی دیاریکردوە و مەرجە هەمو لایەنێک پابەندبێت بە ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا "ولەم هەفتەیدا لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی سەرجەم پرسە هەستیار و گرنگەکانی هەرێم دەکەن، لەوانە شایستە داراییەکان و پرسی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان. تیشی، ھەناردە نەکردنەوەی نەوت تەنیا زیانی بۆ ھەرێم نییە بەڵکو بۆ ھەموو عێراقە، کێشەکە تەکنیکییە نەک سیاسی، لەسەر ئەو بابەتەش گفتوگۆکان بەردەوامە، کێشەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر تێچوی دەرھێنانی نەوتە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدادیش رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، بە زووترینکات کێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەر بکرێت، چونکە حکومەتی ھەرێم بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ عێراق چووەتە پێش و داتا و زانیاری دروستی داوە بە بەغداد.
هاوڵاتی ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، رۆژێک لە دوای هەڵگیرسانی "تۆفانی ئەقسا" حزبوڵا بەشداریکردنی خۆی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل راگەیاندوە، دەشڵێت هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی ژیرانەیە. لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل. هاوکات گرووپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان و عێراق و سووریا تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە و ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو چاوەڕێی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن. حەسەن نەسروڵڵا ئەمنیداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی لە غەززە بەدەستنەهێناوە، بە درێژایی مێژو نیشانەکانی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە ئیسرائیلەوە دەمێنێتەوە، لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانیشەوە ئەمریکا تەنها قسەی بەتاڵ و بێ سود دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوەتی بەرپرسیارێتییەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە غەززە دروستبوە لە ئەستۆی ئەمریکادایە، ئیسرائیلش تەنها لایەنی جێبەجێ کارە، بڕیاری راگرتنی ململانێکانیش لە دەستی ئەمریکادایە. ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند ، هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عیراق بڕیارێکی راست و ژیرانەیە، بەوەشدا دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی کوژرانی ژنان و منداڵان لە غەززە ئەمریکای لە پشتە وتیشی " ئیسرائیل منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی مەدەنین و ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات." حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە هەبوونی دەستی ئێران لە هێرشەکانی حەماسدا وتی، ""بڕیارەکە هی خودی حەماس بووە و ئێران لەجیاتی هێزە بەرگریکارەکان بڕیار نادات".ئەوەشی ڕونکردەوە، "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس بە مانای سەرکەوتنی ئێران نایەت، بەڵکەو بە مانای سەرکەوتنی گەلی فەڵەستین و بەرژەوەندی نیشتمانی میسر و سوریا و ئەردەن دێت، لە پێش هەموشیانەوە سەرکەوتنی غەززە بە مانای سەرکەوتنی لوبنان دێت." ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە 8ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) حزبوڵای لوبنان بەشداری لە جەنگی ئیسرائیل و غەززە کردوە، وەک ئاشکرایە رۆژێک لە دوای ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە بۆردومان دەستیان پێکردوە، لە ئێستاشدا پرۆسەی هێرشەکانیان بۆ تەواوی سونری باکوری ئیسرائیل دەستپێکردوە. وتیشی، "لەوانەیە ئەوەی لە سنوری باکوری ئیسرائیل دەیکەین بە شێوەیەکی بەرچاو دەرنەکەوێت، بەڵام بەڵێن دەدەین کە گرنگی خۆی دەبێت و رۆژێک هێرشەکانیان بەرچاو دەگیرێت." ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت بەوەی لە جەنگەکەدا هەڵوێستی کردارییان نەبووە و دەڵێت، پێویستە ئەو وڵاتانە نەوت و گاز و خۆراک لەسەر ئیسرائیل بگرنەوە. دەشڵێت، پێویستە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، حەسەن نەسروڵڵا گوتی، ئەوان وەکو حیزبووڵڵا دوو رۆژ دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بە کرداری چوونەتە نێو جەنگەکەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، تا ئێستا نۆ هەزار و 227 کەس بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ژمارەی بریندارەکانیش 23 هەزار کەسی تێپەڕاندوە. ئەشرەف قودرەت وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینیانەی بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتوەتە نۆ هەزار و 227 کەس هاوکات نەخۆشخانەکانی غەززە ناتوانن چاودێری پزیشکی بۆ هەمو بریندارەکان دابینبکەن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە. وهزارهتی تهندروستیی غەززە دەڵێت، له سهرهتای شهڕی غهززه و ئیسرائیلهوه كه له 7ی مانگی رابردوهوه دهستیپێكردوه، 9 ههزار و 227 كهس كوژراون و 23 ههزار و 516ی دیكهش برینداربوون. له ئامارهكهدا هاتووه كه 3 ههزار و 826 له كوژراوهكان منداڵ و 2 ههزار و 405یشیان ژنن. ئەوەشی خستەڕو، هێزەکانی ئیرسائیل لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردو 16 هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئەنجامداوە، تەنها بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە لە ماوەیەکی کەمدا بون 198 هاوڵاتی کوژراون. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە دەشڵێت، "نەخۆشخانەکانمان بریندارەکان وەردەگرن، بەڵام ناتوانین خزمەتگوزاری پێویستی پزیشکیان پێشکەش بکەین، لەبەر ئەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین رێرەوێکی سەلام بۆ بردنە دەرەوەی بریندارەکان دابین بکەن".
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا کۆبونەوەو باسیان لە پەیوەندییەکانی هەولێر، بەغدا و پاریس کرد. نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكی ههرێمی كوردستان له پهیامێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی "X" (پێشتر تویتهر) نوسیویهتی، "خۆشحاڵ بوم به دیداری هاوڕێی ئازیزم سهرۆک ماکرۆن له پاریس، برهودان به پهیوهندییهکانی عێراق و ههرێمی کوردستان لهگهڵ فڕهنسا و دوایین پێشهاتهکانی عێراق و ناوچهکهمان تاوتوێ کرد". نێچیرڤان بارزانی ئاماژهی بهوهشكردوه، پهیوهندییهکانی ههرێمی کوردستان لهگهڵ "فڕهنسا قوڵ و مێژویین و بهڵگهی پابهندیی هاوبهشمانن به ئاشتی و سهقامگیری و پێشکهوتنهوه". دوێنێ پێنجشەممە سەرۆکی هەریم به یاوهری شاندێكی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان كه پێكهاتبون له فهوزی ههریری، سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتی ههرێم (له پشكی پارتی)، فهلاح مستهفا و دڵشاد شههاب (له پشكی پارتی) گهیشته پاریس .ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تشرینی دووەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە کۆشکی ئێلیزێ و لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازیی لێکرا.
ڤانە حەمە باب شەرجی، یەکێکە لەناوچە کۆن و مێژووییەکانی بەغداد، بەڵام دوای زیاتر لەمێژوویەکی پێنجسەد ساڵی هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە دیار نیە، روو لەهەر گۆشەیەکی دەکەیت بەزبڵ و خاشاکێکی زۆر دەورە دراوە کەوەک « کێوێک لەزبڵ دەردەکەون». سەرەڕای کۆنی باڵەخانەکانی کەڕەنگە مێژووی سەردەمی ئیمپراتۆری عەباسیەکانیشت بۆ بگێڕێتەوە، کەچی هیچ نۆژەنکردنەوەو خزمەتگوزاریەکی پێوە دیارنیە، باڵەخانەکانی کەهەندێکیان بەتەواوی رووخاون و هەندێکیان سەرەڕای نەگونجاوییان بۆ ژیان، بەڵام نرخێکی زۆریان هەیەو دانیشتوانێکی زۆری هەیە، ئەمەش وایکردووە ئەو گەڕەکانەی باب شەرجی دوای ئەو مێژووە پڕ ئاڵنگاریەی رووبەڕووی عێراق و بەتایبەتیش پارێزگای بەغداد بووەتەوە هێشتا بەپێوە بمێنێت. باب شەرجی سەرەڕای کۆنی و ئەو ژینگە ناخاوێنەی هەیەتی، بەفرەنەتەوەییەکەی دانیشتوانەکەی ناسراوە، کوردانی فەیلی و تەنانەت خەڵكی سودانیشی تێدا دەژین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بوونی مزگەوتی موسوڵمانەکان، کەنیسەی کریستیانەکان لەوانەش کەنیسەی ئەرمەنیەکان، گوزارشت لەبەشێکی دیکەی مێژووی ئەم ناوچەیەی بەغداد دەکەن. ئەم ناوچەیە (باب شەرجی) بەهەریەک لەناوچەی سەوز، گۆڕەپانی تەحریر دەورە دراوە، کەئەمەش وایکردووە قەرەباڵغیەکی زۆر دروست ببێت لەم گەڕەکانە ئەوەش بەهۆی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لەپاس، تەکسی (توک توک) بۆ گەیشتن بەهەر گەڕەک و ناوچەیەکی بەغداد، هاوکات ناتوانرێت ئاماژە بەوە نەکرێت ئەو توك توكانەی باب شەرجییان تەنیوە رێگەیان پێنادرێت بچنە ناوچەکانی مەنسور یان ناوچەی سەوز کەئەمەش وایکردووە بەسمبولی ناوچە کۆن و بێخزمەتەکانی بەغداد دابنرێت. لەناو هەموو ئەو شوێنانەی کەکەوتوونەتە نزیک باب شەرجی گرنگترینیان گۆڕەپانی تەحریرە، چونکە ئەو گۆڕەپانە بەسەکۆی دەنگە ناڕازیەکان و خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی دەناسرێتەوە لەوانەش « خۆپیشاندانی بەرفراوانی تشرینیەکان» لەساڵی ٢٠١٩ کە داوای هەرە سەرەکییان چاکسازی و گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی بوو، تێیدا سەدان خۆپیشاندەر کوژران و بەهەزارانیش برینداربوون. لەگەڵ ئەوەی باب شەرجی تەنها چەند سەد مەترێک دوورە لەم گۆڕەپانە « تەحریر» بەڵام ئەوەش نەیتوانیوە تروسکاییەک بێت بۆ نۆژەنکردنەوەو خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانەکەی. ئەم پشتگوێخستنەی ناوچەیەکی وەک باب شەرجی لەوڵاتێکدایە کەدوای سعودیە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە ئۆپێک، بەڵام بێخزمەتی و کێوێک لەزبڵ بووەتە دیاترین سیمبولی ئەم ناوچەیە.
هاوڵاتی گەریلا تیڤی دیمەنی چالاکییەکی نیشانەشکێنی بڵاوکردەوە، کە لە ١٩ـی ئەیلول لە شاخی جودی ئەنجامدراوە . هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر چالاکییەکە دەڵێت: " ١٩ـی ئەیلول لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ بە تاکتیکی نیشانەشکێنی، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە داگیرکەران درا و داگیرکەرێک سزادار، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدراوە."
هاوڵاتی ئهمڕۆ هەینی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان وتارێک پێشکەش دەکات، کە یەکەمین وتارە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە. لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل. لە سەروبەندی ئەو وتارەدا، سنوری نێوان ئیسرائیل و لوبنان شایەتی پەرەسەندنێکی بەرچاوه، کە حزبوڵای لوبنان بۆردومانی 19 شوێنی ئیسرائیلی "لە یەککاتدا" راگەیاند و ئیسرائیلیش بە "بۆردومانی بەرفراوان" وەڵامی دایەوە. بڕیاریشە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ یەکەمینجار حەسەن نەسروڵا وتارێک پێشکەش بکات کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەڕێی تەلەفزیۆنەوە دەگوازرێتەوە، وتارەکەشی بە بۆنەی رێوڕەسمێکە بۆ رێزلێنان لەو ئەندامانەی حزبوڵا کەبەھۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون. بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی فرانس پرێس ، لە سەرەتای هەڵکشانی شهڕهكهوه لوبنانەوە تا ئێستا 70 کەس لە لوبنان کوژراون کە 52 چەکداری هێزه بون، لایخۆیەوە ئیسرائیل کوشتنی هەشت سەرباز و هاوڵاتییەکی مەدەنی راگەیاند. لە دوای شەڕە وێرانکەرەکەیانەوە لە (تەمموز/7)ی 2006، حزبوڵا و ئیسرائیل خۆیان لە چوونە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە بەدور گرتوە.
هاوڵاتی دەزگای پەخشی ئیسیرائیل بڵاویکردەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بیر لەوە دەکاتەوە داواکاری ئەمریکا قبوڵ بکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەست. دەزگای پەخشی ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە کە ئەو داوایە داوایەکی نهێنییە یان داواکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکایە، کاتێک بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند پێویستە ئاگربەست رابگەیەندرێت. جۆ بایدن لەمیانی وتارێکدا دوای ئەوەی لەلایەن خۆپیشاندەرێکەوە قسەکانی پێ بڕدرا و داوای ئاگربەستی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلی لێکرد، وتی کە "پێموایە پێویستمان بە راگرتن هەیە." هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیل بە دەزگای کان نیوزی ئیسرائیلی راگەیاندووە ئەگەری ئاگربەست لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەیە. نزیکەی چوار هەفتەیە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە کە تێیدا هەزار و 400 ئیسرائیلی و زیاتر لە نۆ هەزار فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دوو دراوسێ لە بەردەڕەش دەبێتە شەڕیان و دوو کەس بە چەکی دەمانەچە تەقە لە یەکر دەکەن و دواتر بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەس بریندار دەبن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، شەڕەکە پێش دوو رۆژ روویداوە لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو دراوسێ کە تێیدا سێ کەس بە گولـلە بریندار دەبن و بریندارێکیان ژنە. نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی راگەیاند، "لەئەنجامی شەڕەکەی قەزای بەردەڕەش سێ کەس برینداربوون، لەنەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە."
هاوڵاتی نۆ کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی هێز ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنوری نەوسوو برینداربوون. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، رۆژی پێنجشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2023، هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوور بە شێوەی راستەوخۆ تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەر کردووە لە سنووری نەوسوو و بەوهۆیەوە نۆ کۆڵبەر بریندار بوون کە فیشەک بەر پێ و پشت و کەمەریان کەوتووە. بەپێی زانیارییەکان، کۆڵبەرەکان خەڵکی شارەکانی سەلاس، باوەجانی و جوانڕۆن و برینی هەندێکیان سەختە و باری تەندروستیان ناجێگیرە. تەقەکردن لەو کۆڵبەرانە لە سەر سنوور لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای سنەی کرد و لە قسەکانیدا باسی لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ئەکرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. باسکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام بێکاری و هەژاری تا دێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر ئەبێت. بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری ئەبەن، رۆژانە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە.
هاوڵاتی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە کە ئەمریکا زانیاری هەواڵگری هەیە گروپی ڤاگنەری روسی رەنگە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بداتە حیزبوڵای لوبنانی. رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە ناویان نەهاتووە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەی کە گروپی ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای رەوانە بکات، سیستەمی SA-22ە کە مووشەکی دژە فڕۆکە لەخۆدەگرێت بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگی. یەکێک لە بەرپرسەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە واشنتن ئەوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە کە سیستەمەکە بۆ حیزبوڵا نێردرابێت، بەڵام چاودێری کۆمەڵێک گفتوگۆ دەکات لەنێوان ڤاگنەر و حیزبوڵا لەسەر بابەتەکە و گەیاندنی ئەو سیستەمە کیشەیەکەی گەورە دروست دەکات. ئەمریکا تا ئێستا دوو کەشتیگەلی فڕۆکە هەڵگری نزیک رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست جێگیر کردووە کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگییان هەیە، ئەمەش وەک پەیامێک بۆ رێگریگرتن لە حیزبوڵا تا خۆی پەلکێشی شەڕی حەماس-ئیسرائیل نەکات و بەرەیەکی تری جەنگ نەکاتەوە. گروپی ڤاگنەر لە سوریا سەربازییان هەیە و چەکدارانی حیزبوڵاش لە هەمان وڵات بوونیان هەیە. ئەو سیستەمە رووسیەی کە ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای بنێرێت پێشی دەوترێت سیستەمی پانتسیر کە ساڵی 1990 دیزان کراوە و 2008 بەرهەمهێنراوە، تا ئێستاش زیاتر لە 200 دانەی لێ دروستکراوە. سیستەمەکە هەڵگری مووشەکی مامناوەند مەودا و دژە فڕۆکەی جەنگییە و لەماوەی خولکێکدا دەتوانێت مووشەک ئاراستەی 10 ئامانج بکات. تێچووی هەر دانەیەک 13 بۆ 15 ملیۆن دۆلارە.
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای عێراقی رایگەیاند، سێیەمین خولی کۆنفرانسی بەغدا، دەربارەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل- حەماسەوە لە غەزە لە ئێستادا بەڕێوەناچێت و کەوتووەتە کاتێکی تر. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆنفرانسی 2023ی بەغداد بۆ سەقامگیری ئابووری و ئارامی ناوچەکە بە هۆی رووداوەکانی ناوچەکەو ەو بەتایبەت ئەو جەنگی حەماس-ئیسرائیلەوە، لە ئێستادا بەڕێوە ناچێت و کەوتۆتە کاتێکی تر. ئەو کۆنفرانسە کە دوو خولی پێشتر لەلایەن فەرەنسا و عێراقەوە رێکخرابوو، بڕیاربوو کۆتاییەکانی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی ئێمانیۆل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا و نوێنەری وڵاتانی ناوچەکە ، لەوانە ئێران، لە بەغداد بەڕێوەبچێت. راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا هەموو هەوڵی عێراق ئەوەیە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دروست بێت و یارمەتی خەڵکی فەلەستین بدات. باس لەوە ئەکرێت ئەم کۆنفرانسە لە سەر داوای ئێران راگیراوە، بەڵام فەرهاد عەلائەدین، ئاماژەی بەوەنەداوە لە سەر داوای چ وڵاتێک کۆنفرانسەکە راگیراوە. بۆ یەکەمجار کۆنفرانسی بەغدا لە ئابی 2021 و دووەم جاریش لە مانگی 12ی 2022 لە ئوردن بەڕێوەچوو. لە هەردوو کۆنفرانسەکەدا، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداری کردووە. لەکۆنفرانسی پێشتردا، فەرەنسا و چەند وڵاتی ناوچەکە بە ناڕاستەوخۆ داوایان لە حکومەتی عێراق کردبوو سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئێران. لە هەفتەکانی رابردوودا، هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە لایەن ئەو هێزە سەربازیی و میلیشیانەوە کە سەر بە ئێرانن زیاتر بووە.
