سێیەمین خولی کۆنفرانسی بەغدا بەڕێوەناچێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێکی باڵای عێراقی رایگەیاند، سێیەمین خولی کۆنفرانسی بەغدا، دەربارەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل- حەماسەوە لە غەزە لە ئێستادا بەڕێوەناچێت و کەوتووەتە کاتێکی تر.
فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆنفرانسی 2023ی بەغداد بۆ سەقامگیری ئابووری و ئارامی ناوچەکە بە هۆی رووداوەکانی ناوچەکەو ەو بەتایبەت ئەو جەنگی حەماس-ئیسرائیلەوە، لە ئێستادا بەڕێوە ناچێت و کەوتۆتە کاتێکی تر.
ئەو کۆنفرانسە کە دوو خولی پێشتر لەلایەن فەرەنسا و عێراقەوە رێکخرابوو، بڕیاربوو کۆتاییەکانی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی ئێمانیۆل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا و نوێنەری وڵاتانی ناوچەکە ، لەوانە ئێران، لە بەغداد بەڕێوەبچێت.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا هەموو هەوڵی عێراق ئەوەیە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دروست بێت و یارمەتی خەڵکی فەلەستین بدات.
باس لەوە ئەکرێت ئەم کۆنفرانسە لە سەر داوای ئێران راگیراوە، بەڵام فەرهاد عەلائەدین، ئاماژەی بەوەنەداوە لە سەر داوای چ وڵاتێک کۆنفرانسەکە راگیراوە.
بۆ یەکەمجار کۆنفرانسی بەغدا لە ئابی 2021 و دووەم جاریش لە مانگی 12ی 2022 لە ئوردن بەڕێوەچوو. لە هەردوو کۆنفرانسەکەدا، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداری کردووە.
لەکۆنفرانسی پێشتردا، فەرەنسا و چەند وڵاتی ناوچەکە بە ناڕاستەوخۆ داوایان لە حکومەتی عێراق کردبوو سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئێران.
لە هەفتەکانی رابردوودا، هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە لایەن ئەو هێزە سەربازیی و میلیشیانەوە کە سەر بە ئێرانن زیاتر بووە.