عێراق؛ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ده‌ستپێبكات و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش چەند مه‌رجێک بۆ هه‌ڵواسینی پۆسته‌ر و دروشمی كاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دیاریده‌كات.

به‌پێی‌ بڕیاری‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژارنه‌كانی‌ عێراق، سبه‌ینێ‌ چوارشه‌ممه‌ 1ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023 بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ده‌ستپێده‌كات.

به‌گوێره‌ی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان:

١-  نابێت كه‌تیره‌ و چه‌سپ و سیكۆتین بۆ هه‌ڵواسینی وێنه‌ و دروشمی كاندیده‌كان به‌كاربهێندرێت.

٢- نابێت كاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تابلۆ و دروشم و پۆسته‌ره‌كانیان له‌سه‌ر هێماكانی هاتووچۆ جێگیر بكه‌ن.

٣- نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كان له‌سه‌ر باخچه‌كانی گشتی و ناوبڕی شه‌قامه‌كان و شوێنه‌ گشتیه‌كان هه‌ڵبواسرێن.

 ٤- نابێت، دیواری فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان و قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌كان و شوێنه‌ كه‌له‌پوری و شوێنه‌واریه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاربهێندرێن.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەموو بارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت و 198 حزب و نزیكەی شەش هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام نوڤسینگه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماده‌كاریان بۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی ئاواره‌كان و هاوڵاتیانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار