لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند پێویستە بەرپرسانی ئێران پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هەڵبوەشێننەوە و یاسایەک دابنرێت بۆ گۆرانکاری تێیدا.

وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ ئاکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان و کچان،  داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێننەوە.

لیژنەکە رۆژی هەینی ٣ی تشرینی دووهەمی 2023، دوای تاوتوێی راپۆرتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "دەبێت تاران یاسایەک پەسەند بکات کە پارێزگاری لە ژنان و کچان بکات بەرامبەر هەموو توندوتیژییەک."

کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە لە ساڵی رابردوودا بە بیانووی نەپاراستنی حیجاب، ناڕەزایەتی گەورەی دژ بە حکومەتی لە ئێران لێکەوتەوەو حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هێزێکی زۆری بەکارهێنا و سەرەنجام بە زەبری هێز توانی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات. 

لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو یاسا و سیاسەتەی کە ملکەچ نەبوون بە حیجابی زۆرە ملێ بە تاوان ئەزانێت، پێویستە گۆڕانکاری تیا بکرێت یان هەڵبوەشێتەوە و پۆلیسی ئەخلاقیش نەهێڵدرێت."

تا ئێستا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە جنێف هیچ وەڵامێکی نەبووە بەرامبەر بەم داواکارییەی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان.

دوای مردنی ژینا ئەمینی، پۆلیسی ئەخلاق بۆ ماوەیەک لە شەقامەکان لابردرا، بەڵام لەگەڵ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، هێزە سەربازی و پۆلیسییەکان بە شێوەی جیاوازهاتوونەتەوە سەر شەقام و زۆرتوند رووبەڕووی ئەو ژنانە ئەبنەوە کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن.

رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی 16 ساڵەی کرماشانی، نیشتەجێی تاران، لە مێترۆ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە توندووتیژی بەرامبەر کرا.

دوای 28 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 28 ی تشرینی یەکەم ماڵئاوایی لە ژیانکرد. رێکخراوەکانی مافی مۆرڤ لە ئێران دەڵێن، ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، بەڵام حکومەتی ئێران بە شێوەیەک دۆسییەکەی نیشاندا کە هاوشێوەی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لێنەکەوێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار