ئەنتۆنی بلیکن: لەگەڵ ئێران رووبەرووبونەوەمان ناوێت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئێران رووبەرووبونەوەیان ناوێت و ئەو هیرشانەی لەلایەن گروپەکانی نزیک ئێرانەوە دەکرێتە سەریان قبوڵ کراو نین.

ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنتۆنی بلیکن گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبویەوە و وتی کە "گفتوگۆیەکی راستگۆیانە و باشم لەگەڵ سودانی ئەنجامدا."

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، "ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون، نامانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەمان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان دەگرینەبەر."

لەدوای هێرشی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی رابردوو، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیانکردووە و لەماوەی 15 رۆژدا 21 جار هێرشکراوەتەسەر ئەو بنکانە. ئەمریکا چەندین جار هۆشداری داوە کە ئێران گروپەکانی کۆنتڕۆل بکات و هێرش نەکەنە سەر بنکەکانیان. تا ئێستا واشنتن دوو جار وەڵامی بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و بە فڕۆکەی جەنگی هێزەکانی نزیک ئێرانی لە سوریا بە ئامانج گرتووە.

ئەنتۆنی بلینکن سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە ئێستادا چەندین وڵات داوای راگرتنی شەڕ دەکەن، وتی: ناکۆکی هەیە دەربارەی وەستاندنی یەکجاری جەنگی غەززە، بەڵام هەمووان پێشوازی لە ئاگربەست دەکەن، ئاگربەست هەلێکی جدییە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان.

بەهۆی دروستبونی قەیرانێکی جدییەوە لە کەرتی غەززە، رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان داوای راگرتنی شەڕ دەکەن بەهۆی ئەوەی خەڵکی غەززە هەموو شتێکیان لێبڕاوە و سووتەمنی نەخۆشخانەکانیش خەریکە نامێنێت. 

ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەینێت و ئێوارەی ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند تا تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکرێن، کە ژمارەیان 220 کەس زیاترە، ئاگربەست راناگەیەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار