دەبێت کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەنێوان (60-75) کورسیدا بێت

نیعمەت عەبدوڵا، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ‌‌ هاوڵاتی:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ماردین نورەدین

نیعمەت عەبدوڵا، ئەندامی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان و سەرۆکی پێشوی یەکێتیەکە لەم چاوپیکەوتنەکەی هاوڵاتیدا باس لەو کێشەو گرفتانە دەکات کەدێنە ریگەی پەرلەمان و هەروەها ئەو هۆکارانەی کەپەرلەمانیان لاوز کردووە.

نیعمەت عەبدوڵا رەخنە دەگرێت لەوەی کە هەندێک پەرلەمانتار دەنگی خڵکی بەدەستهێناوە، بەڵام دەڵێت «ئێستاش دانیشتووە نە خەڵک دەبینێت، نە وەڵامی خەڵک دەداتەوە، نە ئیش دەکات و نە بەدواداچوون دەکات».

لەبەشێکی چاوپێکەوتنەکیەدا باس لەوەدەکات کەژمارەی کورسیەکانی پەرلمانی کوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتوانی زۆرە، دەبوو (٦٠-٧٥) کورسی زیاتر نەبێت، هەروەها ژمارەی کورسی کۆتاکانیش کە (١١) کورسین بەزۆر دەزانێت و دەشڵێت پەرلەمانتارانی کورسی کۆتاکان نوێنەری حزبەکانن نەک نوێنەری خەڵکی خۆیان.

هاوڵاتی: ئەدای خولی پێنجەمی پەرلەمان چۆن هەڵەسەنگێنی؟

نیعمەت عەبدوڵا: پەرلەمانی کوردستان ماوەیەکی باشە دەستیان بەکار کردووە، بەڵام ئیشوکارەکانیان دیارە لای هەموو کەس روونە، نازانم بەهۆی کێشەی  ئەندامان بێت یان سەرۆکایەتی پەرلەمان بێت یان ئەدای حکومەت بێت وەک ئەدای خولی پێنجەم چاوەڕواندەکرا باشتربێت لەوە زیاترو سوود لەخولەکانی پێشوو وەربگیرێت، ئەو کەموو کوڕیانەت پێشتر ئەگەر هەبووبێ پێیدا نەچێتەوە بەرەو پێشتری ببات، بەڵام تائێستا چاوەڕواندەکرێت کارەکانی خۆی باشتربکات.

هاوڵاتی: پەرلەمانی کوردستان لەڕووی دەرکردنی یاساو بڕیارو کۆبوونەوەو بەستنی کۆنفرانس لەچ ئاستێکدایە؟

نیعمەت عەبدوڵا: پەرلەمان لەڕووی دەرکردنی یاساو بڕیارو کۆبوونەوەو بەستنی کۆنفرانس و جموجۆڵێکی بەو شێوەیە نیە بەپێی پێویست بێت، پەرلەمان دایم دەبێتە شوێنی یەکلایی کردنەوەی کێشەکان و باسکردنی هەر کێشەیەک هەبێت دەبێت پەرلەمان قسەی خۆی لەسەر بکات، وەک پرسە چارەنووسسازەکان لەنێوان بەغداو هەرێم لەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا، چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان نابێت چاوەڕێبکات بزانێت چی بۆ دێت راستە هەندێ شتی بۆ دێت لەحکومەتەوە لەکەسی دیکەوە دەنگوباس و پێویستیەکان و پڕۆژەیاساکان، دەبێت خۆشی قسەی هەبێت.

هاوڵاتی: خەڵک دوای پێنج خولی پەرلەمان رەخنەیان هەیە کەئەو یاسایانەی پەیوەندی بەخەڵکەوە هەیە دەرناچێت؟

نیعمەت عەبدوڵا: لەوانەیە هەندێ کەس سوودمەندبن یان هەندێ کەس زەرەرمەند بێت، بەڵام دەست لەسەر کێشەکە دابنێت پەرلەمانی کوردستان ئەو کێشانەی کە هەیە، پڕۆژە ئامادە بکات و هەماهەنگی بکات لەگەڵ لایەنەکان، رێکخراوەکان، لایەنە سیاسیەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو پڕۆژانەی لەبەرژەوەندی خەڵکە لەسەروو هەمووی بێت، بۆ نموونە هەندێ شت هەیە یاسای نوێت پێویستی بەبڕیارێکە پەرلەمان دەری بکات قسەی هەبێ یان هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت هەبێت، بەڵام ئایا پەرلەمان لەوەتەی هەیە لەئاستی ئەو بەرپرسیاریەتەدایە؟ زۆر شتی گەورەی کردووە، بەڵام لەتموحی خەڵکی کوردستان نیە، دەبێت هەوڵبدات حکومەت بخاتەسەر سکەی خۆی لەکەموکوڕیەکانی کەڕوودەدات، راستە زۆر ئیشی باش کراوە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ ئیشەکانی خۆی نەکردووە.

هاوڵاتی: پەرلەمان کۆنتاکتی لەگەڵ خەڵکی لەچ ئاستێکدایە؟

نیعمەت عەبدوڵا: کۆنتاکتی لەگەڵ خەڵکیدا کەم بووە، پێویستە نەک پەرلەمان، بەڵکو ئەندامانی پەرلەمانیش نووسینگەیان هەبێت، سکرتاریەتیان هەبێت و بەدواداچوون بکەن، نەک وەک پەرلەمانتار ئێستا وەک کارمەندێک بچێت دەوام بکات رۆژانە بچێتە پەرلەمان.

هاوڵاتی: ئەدای پەرلەمانتار دەبێت بەفعلی چۆن بێت، لەئستادا زۆرترینیان بۆ حزبەکانیان کاردەکەن؟

نیعمەت عەبدوڵا: باس دەکرێت حزبین، لەئێستادا، ئیشی حزبیش ناکەن، لەحزبیش دابڕاون، لە 90% زیاتر کۆنتاکتی لەگەڵ حزب نیە راستەوخۆ بچێت لەئۆرگانێک یان شوێنێک ئیش بکات، واتا لەگەڵ حزبیش پەیوەندی پچڕاوە، ئێستا پێویستە پەرلەمانتار جموجۆڵی هەبێت لەو شوێنەی دەنگیان بۆ داوە بچێت سەردانیان بکات و لەکەموکوڕییەکان بپێچێتەوە و تەلەفۆن و عینوانی خۆی ئاشکرابکات، دەبێت نوسینگەی هەبێت، موشکیلە ئەوەیە ئەدای پەرلەمانتار زۆر رەخنەی لەسەرە، هەتا خۆشمان کاتێک پەرلەمانتار بووین نەک تەنها ئەوانەی ئێستا، پەرلەمان وەک دائیرەیەک حساب دەکرێت، بەڵام خۆی نابێت، هەروەها لەدنیادا سەرۆکی پەرلەمان بەو شێوەیە نیە کەئیدارەی پەرلەمان بکات وەک سەرۆکی دائیرەیەک لەوێ هەموو یەکسانن و جموجۆڵیان هەیە، بەوشێوەیە نیە کەدەبێت پەرلەمانتار ئیشی خۆی بکات، خەڵک چاوەڕێیەتی ئەو هەموو دەنگەی بەدەستهێناوە، ئێستاش دانیشتووە نە خەڵک دەبینێت، نە وەڵامی خەڵک دەداتەوە، نە ئیش دەکات و نە بەدواداچوون دەکات، بەڕاستی ئەوە کەموکوڕییەکی یەکجار زۆرە.

هاوڵاتی: لەنێوان پێنج خولی پەرلەمان کامی بەسەرکەوتوو دەزانی؟ بۆ؟

نیعمەت عەبدوڵا: نابێت ئێمە بەو شێوەیە بڵێین کامە سەرکەوتووە یان نا، بەڵام ئەداکان دیارن، خولی یەکەمی پەرلەمان خولی دامەزرێنەری پەرلەمان، موئەسەساتی پەرلەمانی، موئەسەساتی حکومەت تاڕادەیەکی باش کارەکانی زۆر باش بوو دوایی بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان پەکیکەوت، دوایی جارێکی کە هەستایەوەو زۆرئیشی چارەنووسسازی جێبەجێکرد، هەتا ئەو دەستورەی ئێستا لەکوردستان، هەیە لەعێراق هەیە، هەمووی پێشنیاری بۆ کرا، بەڵام لەبەرئەوەی حکومەت لەبەغدا هێشتا پەیوەندی لەگەڵ هەرێم نەبوو، نەمانتوانی لەخولی یەکەم ئەو پڕۆژانە پەسەند بکەین، بەڵام وەک پڕۆژە مایەوە کەسانێکی یاسایی و نێو بزوتنەوەی رزگاری تێدابوو، خولی دووەم خولی دانانی یاسا بوو، خولێکی باش بوو، خەڵکێکی باش لەنێو پەرلەمان بوو درێژەپێدەربوو، خولی سێیەم ئۆپۆزسیۆن هات، ئەوەش کارێکی باش بوو پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسیۆنی هەبێت لەبەرئەوەی هەر شتێک بەبێ ئۆپۆزسیۆن بێت کەموکوڕی تێدایە، گەرموگوڕی ئیجابی و سلبیشی هەبوو، خولی چوارەم نەیتوانی ئیشەکانی خۆی وەک پێویست بەباشی بەڕێوەببات بەهۆی ئەو کێشانەی کەوتەنێو پەرلەمان، پەرلەمان داخرا، خولی پێنجەم درێژەپێدەری ئەو کەموکوڕییانەیە.

هاوڵاتی: ئەگەر پەرلەمانێک نەتوانێت وەزیرێک، بەرپرسێک بانگ بکاتە پەرلەمان ئایا ئەو پەرلەمانە بوون و مانای هەیە؟

نیعمەت عەبدوڵا: یەکێک لەهەرە لاوازی و کەموکوڕییەکانی پەرلەمان ئەوەیە کەنەیتوانی لێپرسینەوە لەکەس بکات، ئەوە نیە وەزیرێک بانگ بکەیت، میوانداری بکەیت و موجامەلەی بکەیت، دەبینین بەدرێژایی چەند خولێک وەزیر هاتووە پێکەنین و دانیشتن و دەعوەت و موجامەلەو دانیشتن لەپێشەوە لەگەڵ ئەندامان، زۆرجار هەبووە هێرشیان دەکردەسەر پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان، لەجیاتی ئەوان محاسەبە بکرێن، ئەوان محاسەبەیان دەکرد، کارەساتەکە لێرەدایە، کاتێ پەرلەمانتارەکان پرسیاریان دەرد لەسەرۆکی حکومەت، لەوەزیرەکان، وەڵامەکانی ئەوان وەها نەبووە یان هەر وڵامیان نەدایەوە.

هاوڵاتی: بۆچی لەکاتی هەڵبژاردن گرنگی بەکەسێک ئەدەن لایەنگری هەبێت، واتا ناسراو بێت و ئەوانەش پشتگوێخراون کەپسپۆڕی دیاریکراویان هەیە؟

نیعمەت عەبدوڵا: بەدرێژایی ئەو پێنج خولە رێزم هەیە، هەنێک کەس هاتۆتە پەرلەمان دەبوایە بچنە شوێنی کە، هەندێک وەک پاداشت پێی دەدرێت، هەندێک وەک ئەوەی لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە لەحزبەکان 50% لەو شێوەیە نیە کەپسپۆڕ بێت، بۆیە کەسێک پسپۆڕ نەبێت لەئیشێکی شارەزا نەبێت، ستەمە بێتە پەرلەمانی کوردستان، لەبەرئەوەی پەرلەمان شوێنی ئیشکردنە، شوێنی یاسادانانە، شوێنی بڕیاری سیاسیە، هەماهەنگیە، جورئەتتی پەرلەمانتاریش گرنگە، بۆ نمونە هەندێک دەبینی دەچێت واستە دەکات یان خۆیان چەندکەس دادەنێن، بەم شێوەیە پەرلەمان لەکەسانی پڕۆفیشناڵ یان کەسانێک کەبتوانن کاری پەرلەمانی بکات کەمە.

هاوڵاتی: هیچ یاسایەک هەیە پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار بڵێت ئەبێت پسپۆڕیەکەت لەو بوارەدا بێت ئنجا دەچیتە پەرلەمان؟

نیعمەت عەبدوڵا: پێش ئەوە زەحمەتە، ئەوە ناپرسن رەنگە بەسادەیی پرسیارێک بکەن، لێی ناکۆڵنەوە ئەوە چەند شارەزایە، چەند ئەتوانێ ئەدای خۆی بکات، زۆربەیان بەو شێوەیە دێن، بەڵام کەسی زۆر باشیش لەپەرلەمان هەیە لەڕوی یاسایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری  لەبەرژەوەندی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

هاوڵاتی: کاتێک خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستبەکاربوو وەک یەکێتی پەرلەمانتاران سەردانی پەرلەمانتان کرد دوای پیرۆزبایی باسی موچەی خانەنشینی کرا گەیشتنە چی؟

نیعمەت عەبدوڵا: لەڕاستیدا یاسای چاکسازیی و پلەباڵاکان هەموو پێکەوە گرێدراون، هەموو لەیاسایەکدا کاتی خۆی لەخولی چوارەم پەسەندکراو دەنگیشی لەسەردرا، یاسایەکی زۆر باش بوو، پەرلەمانتاریش تەقریبەن موچەکەی هەتا نزیکی تۆزێک زیاتر لەنیوە ئاوا کەم کرابووەوە، موچەی کارمەندان و پلە نزمەکانیش بەرزکرابووەوە، ئەو یاسایە سودی وەرگرتبوو لەیاسای خانەنشینی بەغدا، کە یاسایەکی باش بوو لەبەرژەوەندی گشتیدا بوو، کێشەکە لێرەدایە ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بکرایە ئێمە وەک یەکێتی پەرلەمانتاران لەساڵانی رابردوو زۆر پڕۆژەمان هەبوو وتوومانە بەیاساکەدا بچێتەوە، شەرت نیە هەرکەس لەجێی خۆی بڵێت با ئەوەنە کەمبکرێتەوە، پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەیاساکەدا بچێتەوە، پێویستە چاکسازی بنێردرێتە پەرلەمان، بەڵام رەچاوی بودجەی خۆی بکات، رەچاوی ئیمکانیات و یەکسانی بکات، مەسەلەیەک هەیە دەڵێت (برسیەکان تێر بکەن، بەڵام تێرەکانیش برسی مەکەن) من دایم دەڵێم با باس نەکەین پەرلەمانتار چەند موچە وەردەگرێت، با باس بکەین چەند ئیش دەکات، گەر ئەو ئیشەی پەرلەمان بیکات قەرەبووی ئەو پارەیە دەکاتەوە کە وەریدەگرێت، دەبێت کارێکی گەورە بکات بۆ نەتەوەکەی، بەڵام نابێت راتبەکەی هێندە جیاواز بێت ئەو هەموو ئیمکانیاتانەی هەبێت.

هاوڵاتی: لەئێستادا ژمارەی دانیشتوان نزیکەی شەش ملیۆن کەسە، لەهەموو وڵاتێکدا پەرلەمانتارێک نوێنەرایەتی (100) هەزار کەس دەکات، پێتان باشە ژمارەی کورسییەکان کەمبکرێتەوە؟

نیعمەت عەبدوڵا: دەبێت بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان بێت، بەڕاستی ئەوە ژمارەکەی زۆرە، نەدەبوو ئەندامانی پەرلەمان ئەوەندە زۆربن لەناو پەرلەمان، بەس نازانم رێژەکە چۆن دانراوە، رەچاوی چی کراوە، راستە پێمانوایە ژمارەکە زۆرە، دەکرێت کەمتر بێت، بۆ نموونە (60-75) کەمتر یان زیاتر بێ، بۆیە دەبینی تۆ ژمارەیەکی زۆرت هێناوە ئیشەکانی خەلەلی لێدەکەوێ.

هاوڵاتی: (11) کورسی کۆتا پێتوایە دادپەروەری تێدایە؟ پێتان وایە کەمبکرێت یان زیادبکرێت کورسیەکانیان؟

نیعمەت عەبدوڵا: پێویستە کۆتاکان نوێنەری راستەقینەی نەتەوەکانی کوردستان بن، پێکهاتەکانی کوردستان بن، جا چ ئاینی بێت چ نەتەوەیی بێت، بەڵام ئایا ئەوان وان؟ بەڕای من وا نین نوێنەری راستەقینە نین، پێویستە لێبگەڕێن حزبەکان تەداخول نەکات، پێکاتەکان بادەنگی  خۆیان هەبێت، خۆیان خەڵکی خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام ئەوە نەکراوە بەپێی پێویست، پێداچونەوە بەژمارەکانیش بکرێت کاتێک تۆ کۆتا دادەنێیت لەهەموو دنیا یەک پەرلەمانتاری دەبێت یان دوو. مافی هەموو کەسێکە نوێنەری خۆی هەبێت لەپەرلەمان، نوێنەرەکەش بەوە نیە کەزۆر بێت یان کەم لەبەرئەوەی هەموو ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی کوردستان بەهەموو حزبەکان خۆیان دەبنە نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان.

هاوڵاتی: لەزۆربەی وڵاتانی دونیا شێوازی بازنەیی بۆ هەڵبژاردن بەکاردێنن پێتان وایە خولی پێنجەم پێویستە کار لەسەر ئەم جۆرە بکات؟

نیعمەت عەبدوڵا: زۆرجار چاوەڕواندەکرا خولەکانی پەرلەمان بێن قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن، زۆر مەسەلەی چارەنووسسازو گرنگ هەیە قسەی لەسەربکەن بەڵام بەداخەوە دێن لەدەرەوەی پەرلەمان باسدەکرێت بەڵام نە حزبە سیاسیەکان، نە پەرلەمان خۆی لەوە نەداوە تائێستا، پێویستە شارەکە هەر کەسەو نوێنەری خۆی هەبێت، بازنەیی بێت، نەک تۆ لێرەوە دەنگ بدەیتە حزبێک لەسلێمانی، یان لەدهۆک، لەهەڵەبجەو لەگەرمیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار