‌هه‌ڵه‌ى سیاسه‌تى کوردو قه‌یرانه‌کان له‌کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ ؟

4 ساڵ لەمەوپێش



دابان خه‌سره‌و
ئه‌وه‌ى پێى وابێت فه‌شه‌لى سیاسى و داڕمانى سیستمى حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان دۆخێکه‌ هه‌نووکه‌ دروستى کرووه‌ و په‌یوه‌ندى به‌و هاوکێشه‌ ئاڵۆزانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ئێستادا ئاماده‌گیان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ ته‌فسیرێکى زۆر ساده‌و کاڵ و کرچه‌و بیرکردنه‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌یه‌کى ته‌سک و ڕوانینى تا ئاسۆیه‌کى کورت بێ‌ ده‌کات و ناتوانێ گۆشه‌ى تازه‌ و ئه‌گه‌رى نوێ بدۆزێته‌وه‌ بۆ ڕوانینه‌کانی. ڕاده‌ستکردنى نه‌وت یان ڕاده‌ست نه‌کردنى و ناردنى بودجه‌ و نه‌ناردنى بودجه‌ و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و خراپى په‌یوه‌ندیه‌کانى به‌غداد و هه‌رێم و هه‌ژارى و نه‌دارى خه‌ڵک و ڤایرۆسى کۆرۆنا و هاتنى مووچه‌ به‌ ٦٠ ڕۆژ ئه‌مانه‌ کێشه‌ى سه‌ره‌کى نین و قه‌یرانێک نین ئێستا درووست بوبێتن به‌ڵکو لێکه‌وته‌و ده‌ره‌نجامى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌و نه‌زانى و خراپى ئه‌زموونى کورده‌ له‌ماوه‌ى پتر له‌ یه‌ک سه‌ده‌ حوکمڕانى کوردا واته‌ ئه‌مانه‌ به‌شێکن له‌ پێکهاته‌ و بونیادى کێشه‌کان و کۆى هه‌موو کێشه‌کان نین ، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ى گه‌یانده‌ ئه‌م دۆخه‌و زه‌مینه‌سازى کرد بۆ ئه‌م هه‌موو قه‌یران و گه‌نده‌ڵى و قوڵ بوونه‌وه‌ى زیاترى برین و ئازاره‌کانى کورد کۆمه‌ڵێک هۆکار و هانده‌ر و مۆتیڤن که‌ له‌پشت درووست بوونى ئه‌م دۆخه‌و خوڵقاندنى ژینگه‌یه‌کى سیاسى ناته‌ندروسته‌وه‌یه‌ که‌ئه‌وانیش بریتین له‌ :   

۱ـ نه‌بوونى عه‌قڵانیه‌ت له‌به‌ڕێوه‌بردن و ئاڕاسته‌کردنى سیاسه‌تێکى درووست که‌ ئه‌مه‌ش درێژکراوه‌یى ئه‌و که‌لتوره‌ سیاسیه‌یه‌ که‌ به‌درێژایى سه‌د ساڵ به‌ هه‌موو قورسایى و وجودى خۆى ئاماده‌یه‌و کورد پێوه‌ى گیرۆده‌یه‌ و له‌ گشت قۆناغه‌کاندا وێنه‌یه‌کى ناشرین و دزێوى به‌خشیوه‌ به‌ پڕۆسه‌ى سیاسى کورد.

 ۲ـ هه‌ژارى کورد له‌ هه‌بوونى سه‌رکرده‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى که‌ له‌و بازنه‌ به‌رته‌سک و بچوکه‌ى حیزب بێته‌ ده‌ره‌وه‌و ڕووانین و ویست و چاوه‌ڕوانى و ته‌ماحه‌کانى مه‌ودایه‌کى فراوانتر و گشتگیرتر ببڕێت و په‌تى ئایدۆلۆژیاو ده‌مارگیرى تاک لایه‌نى ببچڕێنێت و فره‌ ڕه‌نگى ئامانج و خواستى بێت که‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ سه‌رکرده‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ کورد پێى ئاشنا نه‌بووه‌.
۳ـ ڕۆحیه‌تى خێڵگه‌رایى که‌ ڕووبه‌رێکى زۆرى له‌ مێژووى ئێمه‌ى داگیر کردووه‌ و هه‌بوونى نوخبه‌ و کوتله‌ى په‌رته‌وازه‌ که‌ ڕێگر بووه‌ له‌ یه‌کخستنى گوتارێکى عه‌قڵانى و زانستى که‌ هه‌موو پێکه‌وه‌ بتوانین له‌ ژێریدا یه‌ک ده‌ست بین.

٤ـ تێکه‌ڵبونى سیستمى ئابورى و سیستمى سیاسى نه‌بوونى سنورێکى به‌رچاو له‌نێوانیاندا به‌جۆرێک له‌ دواى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و کاراکته‌رو گه‌مه‌که‌ره‌ى جومگه‌ى سیاسى به‌ده‌سته‌ هه‌مان ئه‌و کاراکته‌ره‌یه‌ که‌ بۆته‌ ڕه‌مز و به‌گه‌ڕخستن و که‌ڵه‌که‌کردنى  سه‌رمایه‌ و ئابورى و پاره‌ و جوڵه‌ى بازاڕ.
٥ـ ململانێ و ئینشیقاقى حیزبى له‌برى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى خزمه‌ت و جوانترکردنى پڕۆسه‌ى سیاسى و به‌ره‌و پێشبردنى وڵات و پێشکه‌شکردنى حوکمڕانیه‌کى سه‌رده‌میانه‌و مۆدێرن بێت که‌چى به‌داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ وڵات و خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگاى کردووه‌ به‌ دوو که‌رته‌وه‌و له‌ خانه‌ى جیاو پۆڵى جیاواز دانراون به‌جۆرێک کرانه‌وه‌و هه‌ماهه‌نگى و هاریکارى ده‌سته‌ جه‌معى شتێکى مه‌حاڵ بووه‌.

٦ـ نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆنێکى ڕاسته‌قینه‌ که‌ خاوه‌ن بیرکردنه‌وه‌ و گوتارێکى زانستى بێت و هه‌مان ئه‌گه‌ر و هه‌مان دۆخ و هه‌مان سیاسه‌ت و هه‌لومه‌رج به‌رهه‌م نه‌هێنێته‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌مى هێناوه‌ واته‌ ئۆپۆزسیۆن لاى ئێمه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ڵام به‌ که‌مێک ماکیاژ و ده‌مامکێکى ئایدۆلۆژى بۆ داپۆشینى گشت ناشرینیه‌کانى ده‌سه‌ڵات.
۷ـ نه‌بوونى بیرمه‌ند و ڕۆشنبیر و فه‌یله‌سوف و هونه‌رمه‌ند که‌ بیر و بۆچون و تێڕوانین و تێزه‌کانى فه‌زایه‌کى جودا له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و حیزب بۆى خوڵقاندوین دروست بکات به‌داخه‌وه‌ به‌درێژایى مێژووى کورد شاعیر و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیره‌کانیش نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ نوخبه‌یه‌کى سه‌ربه‌خۆ و ئه‌کتیڤ که‌ بیرکردنه‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌کانیان هه‌میشه‌ بۆنى حیزبایه‌تى لێهاتووه‌ داخران و چوارچێوه‌ى به‌رته‌سکى ده‌سه‌ڵات ئه‌وانیشى ئیفلیج کردووه‌.
۸ـ نه‌بوونى هۆشیارى و خود ئاگایى لاى تاکى کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ به‌درێژایى مێژوو ئینسانى کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ هیچ کات هۆشیار و به‌ ئاگا نه‌بووه‌ به‌ دۆخى خۆى و نه‌یتوانیوه‌ جوڵه‌ و گۆڕانکاریه‌ مێژوویه‌کانى په‌نا خۆى هه‌ست پێبکات و بخوێنێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌ ترس و په‌لاماردان ژیاوه‌و بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ناشرینیه‌کانى ده‌سه‌ڵات له‌ سێبه‌ریدا خۆى مه‌ڵازداوه‌.

۹ـ زاڵبوونى که‌لتورى دینى و ترادسیۆنى دینى که‌ بوونه‌وه‌رى دۆگمایى و چه‌قبه‌ستووى دروست کردووه‌ و ئه‌فیون و خورافه‌ت و بیر ته‌سکى بووه‌ته‌ له‌مپه‌ر و ڕێگر له‌به‌رده‌م کرانه‌وه‌ و جیهانگیرى و ئاشنابوون به‌کۆى ده‌رکه‌وته‌و مۆدێله‌کانى مۆدێرنێته‌ و هه‌میشه‌ ئینسانى ئێمه‌ کۆمه‌ڵگا و مرۆڤى ده‌ره‌وه‌ى خۆى به‌ نامۆ و دوژمن زانیوه‌ به‌تایبه‌ت خۆرئاوا و ئه‌وروپا و نه‌یتوانیوه‌ تێکه‌ڵ بێت به‌و کرانه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگى و گڵۆباڵى یه‌ى دونیا که‌ هه‌میشه‌ داخراو به‌ره‌و ناوه‌وه‌ى خۆى هه‌نگاوى ناوه‌.
۱٠ـ له‌هه‌مووى ئه‌سه‌فتر و به‌ئازارتر نه‌بوونى زانستى مێژوو و ئارکیۆلۆژیا بۆ ڕابردوو قۆناغه‌کانى کورد که‌ ببێته‌ که‌ره‌سته‌و ئامڕاز بۆ لادان له‌و هه‌ڵانه‌ى له‌ ڕابردوودا کراون.
۱۱ـ دامه‌زراندنى له‌شکرێک له‌ فه‌رمانبه‌رى بێکار و ته‌مبه‌ڵ دوور له‌ هه‌موو داهێنان و جوڵه‌ و گۆڕانکاریه‌ک و به‌ڕێکردنى ڕۆتینیه‌ت و کارى ته‌قلیدى و ده‌م کردنه‌وه‌ و ده‌ست له‌ ئاسمان بۆ داواکردنى مووچه‌ که‌ ئه‌مانه‌ش مرۆڤى نارسیست و داماڵراو له‌ ڕۆحیه‌تى ڕه‌خنه‌و فوتێکراوى نابه‌رپرس به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
۱۲ـ جیانه‌کردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان (یاسادانان و جێبه‌جێکردن دادوه‌ری) لاوازى سیستمى په‌ڕله‌مانى که‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ژێر هه‌ژموون و هه‌یمه‌نه‌ى حیزب و ده‌سه‌ڵات خۆى قوتار بکات و ببێته‌ چاودێر به‌سه‌ر جوڵه‌و هه‌نگاوه‌کانى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.
۱۳ـ سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونى یه‌کێک له‌ گرنگترین کایه‌کان که‌ زانسته‌و به‌تایبه‌تیش سه‌نته‌ره‌کانى خوێندن و زانکۆو قوتابخانه‌کان که‌ هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ شوێنێک بن بۆ داهێنان و دروستکردنى مرۆڤى زانستخواز و پێ‌ گۆڕانکارى و پێ‌ پرسیار و مۆڕال و به‌هاى جیاواز له‌برى ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ وه‌کو کارخانه‌یه‌ک بووه‌ بۆ دروستکردنى مرۆڤى له‌یه‌کچوو یه‌ک ڕوانین و یه‌ک بیرکردنه‌وه‌و ده‌سته‌مۆ و تاکى شه‌رمن و هیچ له‌بارا نه‌بوو.
۱٤ـ گرنگترین شت که‌ پێویسته‌ بیزانین کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ قبوڵى هه‌موو ته‌کنه‌لۆژیاو مادیه‌ت و شته‌ ماتریاڵیه‌کانى ئه‌وروپاو ئه‌مریکایان کردووه‌ و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ نێگه‌تیڤه‌کانیان وه‌رگرتووه‌ ته‌نها ئه‌و عه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌و تازه‌گه‌رى و توانست و داهێنانانه‌ نه‌بێت که‌ ئه‌وروپاى گه‌یانده‌ ئه‌و شارستانیه‌ت و به‌رگه‌ تازه‌یه‌ى که‌ ته‌پوتۆزى جیهانى کۆن و که‌له‌پوریان له‌خۆیان ته‌کاند.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار