ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش



زریان فەرەیدوون

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی داوا لە سەرجەم کرێکاران دەکات خۆیان دەستەبەر بکەن و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت کرێکاران متمانەیان بەو دەستەبەرە نییە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی لە پرۆژە یاساکەدا هەیە پێشکەش بە کرێکاران ناکرێت .

ئەمڕۆ ١/٥ ڕۆژی جیهانی کرێکارانە و لە سەرجەم دام و دەزگانی هەرێم پشوی ڕەسمییە بەڵآم گەر بەرەبەیان بچیتە ناوبازاڕی سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکە دەبینیت کرێکاران  بەردەوامن لە کارکردن ، لەگەڵ ئەوەی پشوو وەرناگرن نە شوێنی کارەکانیان سەلامەتە و نە مافەکانیان پارێزراوە.

سەبارەت بە ڕەوشی کرێکارانی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند، "دۆخی کرێکاران بە ڕاستی خراپە، هەمان حاڵەت و کێشەکانی ڕابردوو دوبارە دەبێتەوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم یاداشت و داخوازی و داواکارییەکانمانەوە نایەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەی لای ئێمە زۆر گرنگە و پێویستە  چارەسەر بکرێت جێبەجێکردنی سەلامەتی پیشەیی و گرێبەستی کاری کرێکارانە لە شوێن کارەکانیاندا بەڵام ئەو بە ڕێوبەرایەتییانەی بەرپرسن لەم کەیسانە زۆر لاوازن ، لەگەڵ ئەوەی  حکومەتی خۆجێیشمان لێی ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هیچمان بۆ نەکراوە هیچ هاتنە پێشەوەیەک نەبووە."

پرسی سەلامەتی لە شوێنی کاردا:

 سەلامەتی شوێنی کار و دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران یەکێکە لەو پرسانەی بەردەوام باسدەکرێت و حکومەتی هەرێم دەڵێت بەرەوپێشچونی بە خۆیەوە بینیوە بەڵام سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت هەندێک بڕیارلە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەوە دەرکراوە بەڵام بەتەواوی ناخرێنە کار و میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دڵخۆشکەر نییە.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی ئەم ساڵ حەوت کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە دوایین کرێکار ئێوارەی دوێنێ گیانی لەدەستدا، لە هەولێر سێ کرێکار و لە دهۆک دوو کرێکار گیانی لەدەستداوە، لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەست نەداوە .

سەبارەت بە پرسی سەلامەتی شوێنی کار وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاریان ئەحمەد لە لێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند ، "زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لە باڵەخانە بەرزەکاندا ئیش ئەکەن کە بەکارنەهێنانی ئەو کەرستانە مەترسی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانیان".

ئەوەشی وت "لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە"

وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت زۆری ڕوداوەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا   ئاماژەی بەوەدا "کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان".

وتیشی، " کرێکارەکان زۆر جار بەرژەوەندی خاوەن کارەکە لەبەرچاودەگرن لەبەر ئەوەی موچەیەکی ئەداتێ و زۆرجار ئەو کێشەیەی هەیە  ناوێرن باسی بکەن و شکات بکەن کاتێک لیژنەکانی ئێمە ئەچێت ڕاستییەکان بڵێن و لەویایا زۆرجار مافی کرێکارەکە پێشێل دەکرێت و ئێمەش گەر ڕاستییەکانمان پێنەڵێن ناتوانین هیچیان بۆبکەین".

ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت" ئێمە هێڵی گەرمان هەیە کە ژمارەکەی ٥٠٠٥  هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت".

لەم بارەیەوە سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت،" حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات و ئەو لیژنانەی کە تایبەتن بە سەلامەتی پیشەی تەندروستی بۆ شوێنکارەکان کە سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتین لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم چالاک نین و زۆر لاوازن یانیش هەر کارناکەن".

باسی لەوەشکرد کە ئەوان وەک سەندیکای کرێکارانی کوردستان  لە شاری سلێمانی ماوەی پێنج ساڵە لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ قایمقامییەتی سلێمانی هەیە کە لە پرسی  سەلامەتی پیشەیی لە شوێن کار بۆ کرێکاران دەکۆڵێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنیا یەک لیژنە هەیە لە سنوری سلێمانی و نزیک بە پێنج هەزار پڕۆژە و کارگە و شوێنی کار هەیە کە کرێکار ئیشی تیا دەکات تەنانەت ئەوانیش ناتوانن بەتەواوی چاودێری خاوەن کارەکان بکەن تا پێشێلکاری نەکەن.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە.

هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار).

وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان.

یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت.

پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی: 

لە ئێستادا  هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە چەند کرێکار هەن، بەڵام بەڕێوبەری سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کرێکار بەس لە شاری سلێمانیدا هەن و زیاتر لە نیوەیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان پڕنەکردۆتەوە و نییانە بە هۆی ئەوەی کرێکاران باوەڕیان بەو پڕۆژە یاسایە نییە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەمە چالاک ڕەوف بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، خاوەن کارەکان خۆیان لە دەستەبەرکردنی کرێکارەکانیان دەدزنەوە بۆ ئەوەی ناچارنەبن ئەو بڕە پارەیە بۆ کرێکارەکانیان بدەن و کرێکارانیش باوەڕیان بە پڕۆژە یاساکە نییە.

ئەو کرێکارانەی ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆماردەکەن دەبێت ڕێژەی لە سەدا ١٧ ی مووچەکانیان بدەن بە سندوقی خانەنشینی، لەم بڕەش ڕێژەی ٪١٢ی خاوەن کارەکە بۆی دەدات ٪٥ ی کرێکارەکە خۆی دەیدات،لەبەرامبەر ئەمەدا کرێکارەکان کە گەشتنە تەمەنی خانەنشینی وەک فەرمانبەرەکانی دیکەی سەر بە حکومەتی هەرێم خانەنشین دەکرێن و مانگانە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

هاوکات لەناو پڕۆژە یاساکەدا جگە لە خانەنشینکردنی کرێکارەکان چەندین خزمەتگوزاری دیکە هەیە کە پێویستە بۆ کرێکارانی بەشدار دابین بکرێت ، کە بە گوتەی چالاک ڕەوف هیچکام لەو خزمەتگوزارییانە بۆ کرێکاران دابین ناکرێت کە بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە و ناویان تۆمار کردووە.

 بەشێک لەو خزمەتگوزارییانە لە زاری بەڕێوبەری سەندیکای کرێکارانی کوردستانەوە :

یەکەم:  " لە پرۆسەی ناو تۆمار کردنی کرێکاران بۆ خانەنشینی بابەتێک هەیە کە پێی ئەڵێن سەلامەتی پیشەی یانی کرێکارەکە پارەکە دەدات حکومەت ئەرکە لەسەر شانی سەلامەتی پیشەی بۆ کرێکارەکان دابین بکات ، سەلامەتی پیشەی ئەوەیە کە کرێکارێک نەخۆشکەوت یان بریندار بوو بەبێ بەرامبەر چارەسەری بۆ بکرێت یانیش کەم ئەندام بوو چارەسەری بۆ بکرێت و خانەنشین بکرێت لەسەر ئەم پارەیەی بۆ خانەنشینی دەیدات ."

دووەم: "گەر کرێکارێک شوێنی کارەکەی گۆڕی لە جێگایەک بۆ جێگەیەکی دیکە بەهۆی ئەوەی بەشداری کردووە لەم سندوقەدا پێویستە حکومەت بۆ ئەو چەند مانگەی کاری نییە پارەی بۆ سەرف بکرێت."

سێیەم : " تایبەتە  بەو کرێکارانەی ئافرەتن کە مەسەلەی مۆڵەتی دایکایەتییە ، هەر خاتونێک بەشداری و ئیشتیراکی لە سندوقی خانەنشینیدا کردبێت لە یاساکەدا هاتووە و مادەکەش هەموارکراوەتەوە کە دەڵێت دەبێت لەمۆڵەتی دایکایەتیدا سندوقی خانەنشینی مووچەی ئەم کرێکارە ژنە بدات بەو ماوە یاساییەی کە بۆی دیاری کراوە، وەک چۆن لە کەرتی حکومی فەرمانبەرێک مۆڵەتی دایکایەتی هەیە و مووچەی دەدرێتێ.

چالاک ڕەوف دەڵێت لەگەڵ ئەوەی هیچکام لەو خزمەتگوزارییە زۆرانەی لە پڕۆژە یاساکەدا هەن بۆ کرێکاران دابین ناکرێت و تەنها خانەنشینییەکەی جێبەجێدەکرێت کە ئەویش ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەمە و بەرچاو نییە لە هەمان کاتدا خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە کرێکارەکە دەچێتە لای حکومەت بۆ ئەوەی پارەی  دەستەبەرییەکەی بدات هیچ  پسوڵەیەکیان نادرێتێ کە بیسەلمێنێ ئەم کرێکارە پارەکەی داوە بە سندوقی خانەنشینی ئەمەش وایکردووە کرێکاران باوەڕیان بە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی گشتگیر نەبێت.

 چالاک رەئوف سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان باسی لەوەشکرد کە ئەو شەش کرێکارەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە  " هەر شەشیان لە بواری بیناسازیدا ئیشیانکردووە و ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمار نەکراوە و هەر شەشیان ئەوانەن لە دوای مردنیان هیچ یاساو قانونێک شمولیان ناکات و گیانیان بەهەدەر چووە" شەوی ڕابردووش هەر لە سلێمانی کرێکارێکی دیکە لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا.

 لە هەرێمی کوردستان بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987.

بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون و ئێستا 880 کەس [کرێکار] خانەنشینی وەردەگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار