عەلەوییەکانی سووریا چارەنووسیان لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد چی بەسەر دێت؟

پێشێلکاریی مافی عەلەویەکان داهاتووی سووریا بە کوێ دەگەیەنێت؟

2 ڕۆژ لەمەوپێش



ئایا دەسەڵاتی نوێی سووریا هەمان هەڵەی دەسەڵاتی پێشوو دووبارە دەکاتەوە و درێژە بە توندوتییژی دەدات؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

عەلەوییەکانی سووریا کە لە ماوەی دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی رژێمی ئەسەد لە تەواوی سووریادا باڵادەستبوون، جگە لەوەی کە %٨٠ لاوانی ئەو پێکهاتەیە لە سوپای سووریادا پلەی ئەفسەریان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی پۆستە باڵاکانی وڵات لە سووریادا بەدەست پێکهاتەی عەلەوییەکانەوە بووە. لە کۆی کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا هەژموونی تەواویان هەبوو و جڵەوی دەسەڵاتیان خستبووە ژێر رکێفی خۆیانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەکرێت رژێمی سوریا لە رێی پیلانی بەرنامە بۆدارێژراوەوە لاوانی عەلەوییەکانی ناچارکردووە تا بەردەوام لە ناو سوپای سووریادا بمێننەوە، بۆ ئەمەش ناوچەکانی ریفی تەڕتوسی لە رووی ئابووریەوە فەرامۆش کردبوو تا هیچ سەرچاوەیەکی بژێوییان نەبێت و روو لە ریزەکانی سوپاکەی بەشار ئەسەد بکەن.

بەڵام لە دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە لایەن چەکدارانی دەستەی تەحریر شامەوە، پێکهاتەی عەلەویەکان بەردەوام رووبەرووی سوکایەتی و پێشێلکاری بونەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین گرتە ڤیدیۆ بڵاوبوەتەوە کە بە ناشرینترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت؛ کەسیش نازانێت بە چ پێوەرێک یان چ دادگایەک سەلماندویەتی ئەمانە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا تاوانیان دەرحەق بە گەلی سووریا ئەنجامداوە تا بەوشێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت.

دەسەڵاتی کاتی دیمەشق تا ئێستا چەندین جار دوپاتی کردووەتەوە کە عەلەوەییەکان بەشێکن لە سووریای نوێ و رێگە بە هیچ کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە لە دژیان ناردرێت و ئەوانەشیان کە لە کردەوەی تاوانکارییەوە تێوەگلاون رووبەرووی دادگا دەکرێنەوە.

ژمارەی عەلەوییەکان لە سوریا دەگاتە نزیکەی ٢ ملیۆن کەس و %١٠ ی کۆی دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن، بە درێژایی مێژوو ئەم تائیفەیە فەرامۆش کرابوون تا ساڵی ١٩٧٠ ی سەدەی ڕابردوو کە حافز ئەسەد جڵەوی دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست، ئیتر لەو کاتەوە سەردەمی زێڕینی عەلەوییەکان دەستیپێکرد تا روخانی بەشار و هەڵهاتنی، لە ئێستاشدا مەترسی گەورە بۆسەر چارنووسیان دروستبووە بەتایبەت دوای ئەو کوشتارە زۆرەی لە دوای روداوەکانی ساڵی ٢٠١١ەوە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ نزبکەی ٥٠٠ هەزار کەس لە سووریا کوژراون کە ٢٣١ هەزاریان هاوڵاتی مەدەنی بوون، ئێستاش لەهەموو کات زیاتر بانگەوازی تۆڵەکردنەوە دەکرێت و دەگوترێت پێویستە ئەحمەد شەرع تۆڵەی ئەو هەموو کوشتارە و دەستدرێژییە بۆسەر ژنانی سووریا لە عەلەویەکان بکاتەوە و زۆریشیان دەڵێن ئەگەر ئەحمەد شەرع ئەو کارە نەکات ئەوا خۆیان تۆڵەیان لێدەکەنەوە.

لە ئێستادا سووریا کێشە و ناکۆکی زۆری هەیە و ئەو کێشانەش مەحاڵە بە دەسەڵاتێکی وەک ئەحمەد شەرع و دارودەستەکەی چارەسەر بکرێت، چونکە تەنها ئەزموونی شەڕکردنیان هەیە و لە ئیدارەدانی کێشە و قەیراندا شارەزایی ئەوتۆیان نییە، بۆیە ڕەنگە تا چەند ساڵی داهاتووش سووریا ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار