كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی له‌ 63 ساڵه‌وه‌ بۆ 60 ساڵ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم چییه‌؟

له‌شكرێك مووچه‌خۆر خانه‌نشین ده‌بن و چه‌ندین ساڵه‌ پله‌بەرزکردنەوە (ترفیع) راگیراوه‌، كێ قه‌ره‌بووی فە

11 كاتژمێر لەمەوپێش



له‌ هه‌رێم چه‌ندین ساڵه‌ دامه‌زراندن ڕاگیراوه‌، ساڵ به‌ ساڵیش ژماره‌ی خانه‌نشینان زیادده‌كات، كێ جێگایان ده‌گرێته‌وه‌؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌رحه‌ق به‌ ته‌مه‌نی خانه‌نشینی كه‌ له‌ رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌ نوسراوی فه‌رمی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی لێ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌؛ سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ به‌ گوێره‌ی ساڵ و رۆژی له‌دایكبوونیان 60 ساڵی ته‌مه‌نیان ته‌واو كردووه‌‌ راسته‌وخۆ خانه‌نشین ده‌كرێن.

ئه‌م بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتبه‌ستنه‌  به‌ ماده‌ی ژماره‌ نۆی ساڵی 2014ی یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر درا، به‌ڵام دوای فه‌رامۆشكردنی بۆ ئه‌و ماوه‌ زۆره و جێبه‌جێ نه‌كردنی له‌ هه‌رێم‌، دادگای فیدراڵی عێراق له‌ ساڵی 2022 دا، بڕیارێكی ‌ تایبه‌تی بۆ پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانی موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌ركرد، کە یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی جێبه‌جێ كردنی یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان، واته‌ ده‌بێت هه‌رێم پابه‌ندبێت و ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ بكات.

كه‌مكرنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی له‌ 63 ساڵه‌وه‌ بۆ 60 ساڵ واده‌كات به‌ گوژمه‌یه‌ك ژماره‌یه‌كی زۆری فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایان له‌ هه‌رێمی كوردستان خانه‌نشین بكرێن، چونكه‌ كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا ته‌مه‌نیان 61 یان 62 ساڵه‌ و ڕه‌نگه‌ ده‌یان هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا پێكه‌وه‌ خانه‌نشین بكرێن.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئەوەیە؛ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی داراییه‌كه‌ی هیچ له‌باره‌ی راگرتنی پله‌بەرزکردنەوەوە (ترفیع) ناڵێن، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ هه‌رێم راگیراوه‌، ئێستاش كه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان پێكه‌وه‌ خانه‌نشین ده‌كرێن، سه‌رجه‌میان مووچه‌یه‌كی زۆركه‌متر له‌ شایسته‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن و تا كۆتایی ته‌مه‌نیشیان ئه‌و ناحه‌قییه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، پرۆسه‌ی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەش به‌ فه‌رمانبه‌ران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی بریاری له‌سه‌ر دراوه‌، كۆی دامو‌ده‌زگاكانی هه‌رێمی دووچاری فه‌وزایه‌كی بێ سنووری ئیداری كردووه‌ته‌وه‌؛ كه‌ ره‌نگه‌ شاره‌زایان و زانایانی جیهانی بواری ئیداری و داراییش له‌ توانایاندا نه‌بێت ئەو كێشه‌ و قه‌یرانە ئیداری و داراییەی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

به‌جۆرێكی تریش خانه‌نشینكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایان به‌ گوژمه‌یه‌ك و له‌ یه‌ك كاتدا، چه‌ندین قوتابخانه‌ و ناوه‌ندی خوێندن و داموده‌زگای حكومه‌ت دوچاری كه‌می مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر ده‌كاته‌وه‌‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ چه‌ندین ساڵه‌ دامه‌زراندن له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ راگیراوه‌ و ساڵانه‌ش دەیان هه‌زا خوێندكار‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان ته‌واو ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌رتی گشتیدا هه‌لی كاریان بۆ دابینبكرێت.

بێ به‌رنامه‌یی حكوتی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها له‌ بواری دارایی و كه‌رتی نه‌وتدا نییه‌، به‌ڵكو زۆر بواری تری گرتووه‌ته‌وه‌ و كه‌ڵه‌كه‌ بوونی كۆی قه‌یرانه‌كانیش كه‌ ئیستا بواری ئیداری و نه‌بوونی پلان و دارشتنی به‌رنامه‌ی گونجاویشی بۆ ئیداره‌دانی هه‌رێم هاتوه‌ته‌ سه‌ر، مه‌ترسی جدی ده‌بێت بۆ سه‌ر مان و نه‌مانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر هێزی ده‌ره‌كیش پلانی بۆ لاوازكردن و سنورداركردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دانەڕشتبێت ئه‌وا بێ پلانی و كاره‌ نایاساییاكانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم خۆیان ده‌بنه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ و هه‌ره‌شه‌ی جدی بۆ سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دروست ده‌كه‌ن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار