دراوە دیجیتاڵیەکەى ترەمپ 750% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی
2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى رۆیتەرز، دراوە دیجیتاڵیەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەهاکەی لە ماوەیەکی کەمدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمرۆ قەبارەى بازرگانى کردن پێوەى گەیشتوەتە نزیکەی 11 ملیار دۆلار، بەهاکەی نزیکەی 750% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی.
رۆژى شەممەى ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی the truth social دراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بە ناوی ترەمپ خۆیەتی و دروشمی سەر دراوەکەشی جەختکردنەوەیە لە شەڕ و نووسیوتی "شەڕ، شەڕ، شەڕ".
بەهای دراوەکە لە کاتی راگەیاندنیدا لە رۆژی شەممە (18-1-2025) تەنیا 18 سەنت بوو، بەڵام بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای کۆینمارکێت کاپ کە بەدواداچوون بۆ دراوەکە دەکات قەبارەی مامەڵەی دراوەکە ئێستا هەر کۆینێکى گەیشتووەتە 58.5 دۆلار.
دراوەکەی ترەمپ جۆری "میم کۆین"ـە؛ واتە دراوێک کە لەسەر بنەمای ناوی کەسێک دامەزراوە، یان هەرشتێک ناودەنرێت و دروستدەکرێت. دراوێک کە هیچ پڕۆژە و ئامانجێکی ئەوتۆ لە دروستکردنیدا نییە، بەڵکو تەنیا لەسەر ناوی کەسایەتییەکی بەناوبانگ دروست دەکرێت.
ماڵپەڕی فەرمی پڕۆژەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم دراوە "ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ سەرکردەیەک کە هەرگیز پاشەکشە ناکات، گرنگ نییە بارودۆخەکە چۆن بێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا کە بووە هۆی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ٢٠٠ ملیۆن کۆین (یەکە)ی ئەم دراوە لە بازاڕدا خراوەتە بازاڕەوە، بڕیاریشە تاوەکوو سێ ساڵی داهاتوو ژمارەکە بۆ یەک ملیار کۆین بەرز بکاتەوە.