مه‌به‌ست له‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین چییه‌؟

به‌نداوی تشرین كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌نداوه‌ له‌ سووریا، له‌ ئه‌گه‌ری داڕووخانیدا چی ڕووده‌دات؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



بۆ تا ئێستا ئیداره‌ نوێكه‌ی سووریا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د شه‌رع له‌ پێشێلكاریه‌كانی توركیا بێده‌نگه‌؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێكه‌ به‌ تایبه‌ت دوای روخانی رژێمی ئه‌سه‌د، په‌لاماره‌كانی توركیا و به‌كرێگیراوانی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان به‌ چڕی ده‌ستیپێكردوه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین و ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت ئه‌و به‌نداوه‌ و ده‌وروبه‌ری داگیربكه‌ن.

له‌ ئێستادا به‌نداوی تشرین بوه‌ته‌ گۆڕه‌پانی سه‌ره‌كی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و سوپای توركیا و به‌كرێگیراوانی، سەر‌باری بۆدومانی به‌رده‌وامی فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ئه‌و به‌نداوه‌.

به‌نداوی تشرین كه‌ له‌ ساڵی 1999 دروستكراوه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك شاری مه‌نبج و 115 كیلۆمه‌تر له‌ شاری حه‌له‌به‌وه‌ دووره‌، له‌ سنوری توركیاش به‌ قوڵایی 80 كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر روباری فورات دروستكراوه‌، به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌نداو داده‌نرێت له‌ سووریادا و توانای عه‌مباركردنی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار و 900 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ و مه‌به‌ست له‌ دروستكردنیشی جگه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كارۆئاوی، بووته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ژیان و بووژاندنەوەی كه‌رتی كشتوكاڵ، جگە لەوەش بژێوی ژماره‌یه‌كی زۆری جوتیارانی ناوچه‌كه‌ش‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و به‌نداوه‌وه‌.

له‌ دوای رووداوه‌كانی سوریا و سه‌رهه‌ڵدانی میلیشیا چه‌كداره‌كانەوە له‌و وڵاته‌، به‌نداوی تشرین له‌ساڵی 2014 له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ داگیركرا، به‌ڵام دوای ساڵێك به‌ هاوكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات توانیان به‌نداوه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و تا ئیستاش پارێزگارییان لێكردووه‌.

گرنگی ئه‌و به‌نداوه‌ش له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی و شاره‌كانی حه‌له‌ب و رەققه‌ و حه‌سه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌وڵه‌كانی توركیا و به‌كرێگیراوانییه‌تی بۆ كۆنترۆڵكردنی، له‌ ئێستاشدا بە هۆی شه‌ڕ و پێكدادان و بۆردومانه‌كانی توركیاوە زیانی زۆر به‌ به‌نداوی تشرین گه‌یشتووه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر چه‌ندین جار هۆشداری داوه‌ له‌ داروخانی به‌نداوه‌كه‌، چونکە لە ‌ئه‌گه‌ری داروخانیدا ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان ژێر ئاو ده‌كه‌ون، هه‌ر له‌ ناوچه‌كانی ته‌بقه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ره‌ققه‌ و ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی عێراقیش ده‌گرێته‌وه‌.

بۆ به‌رگریش له‌ به‌نداوی تشرین هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌ هه‌موو توانای سه‌ربازی خۆیانەوە به‌رگری له‌ به‌نداوه‌كه‌ ده‌كەن، له‌و جه‌نگه‌شدا تا ئێستا له‌ رێی به‌كارهێنانی درۆنه‌وه‌ گورزی جه‌رگبڕی له‌ به‌كرێگیراوانی توركیا وه‌شاندووه‌ و زیانی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندوون.

هێزه‌كانی توركیاش به‌رده‌وامن له‌بۆردومانكردنی به‌نداوه‌كه‌ و ده‌ستیشیان له‌ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی نه‌پاراستوه‌ و تا ئیستا چه‌ندین هاوڵاتی به‌هۆی بۆردومانی فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌  گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌ڵێن: بۆردومانه‌كانی سوپای داگیركه‌ری توركیا بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای یاسا نێوده‌وڵه‌تی و مرۆییه‌كانن و تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لی سوریا، تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاته‌ نوێكه‌ی دیمه‌شق له‌و تاوانه‌ی توركیا و بكرێگیراوانی بێده‌نگە و هیچ هه‌ڵوێستێكیان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌.

كاره ‌دوژمنكارییه‌كانی توركیا ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و گه‌لی كورد به‌ تایبه‌تی پێده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، ئه‌و كاته‌ی ئه‌نقه‌ره باس له‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان ده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا پیلان بۆ شه‌ڕێكی خوێناوی داده‌رێژێت، بۆ به‌رگرتن له‌و تاوانه‌ش پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سنورێك بۆ هه‌ژمون و نه‌خشه‌ی فراوانخوازی توركیا له‌سه‌ر خاكی نه‌ته‌وه‌كانی تر دابنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار