یەکێتى و پارتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى سبەینێى پەرلەمان ناکەن
8 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامانى کردوە بۆ کۆبونەى چوارشەممە
ــ هیچ بانگهێشتنامەیەک بۆ دانیشتنەکەى سبەینێ لە ماڵپەرى پەرلەمان بڵاونەکراوەتەوە
بڕیارە سبەینێ، لەسەر بانگهێشتى سەرۆکى بەتەمەنى پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام هیچ ئەندامێکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەشدارى ناکەن، پێدەچێت تەنها ئەندامانى فرکسیۆنى نەوەى نوێ و یەکگرتوو بەشداربن.
محەممەد سلێمان، سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمانی كوردستان 19-1-2025 لە راگەیەندراوێكدا بانگهێشتی هەموو ئەندام پەرلەمانەكانی كرد، بۆ ئەوەی ئەم چوارشەممەیە (22-1-2025) درێژە بە دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی پەرلەمان بدەن، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان؛ بە پێچەوانەوە ئەوان بەرپرس نین لە لێكەوتە یاسایی و سیاسییەكان.
بەڵام تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە لە شەوى سێشەممە، هیچ بانگهێشتنامەو بەرنامەیەکى کارى دانیشتنەکە لە ماڵپەرى فەرمى پەرلەمانى کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، کە بە گوێرەى کاروبارەکانى پەرلەمان پێش هەموو دانیشتنێک بەرنامەى کارو دانیشتنەکان بڵاودەکاتەوە.
بەپێى زانیاریەکان هیچ ئەندامێکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و یەکێتى کرد، بەشدارى دانیشتنەکەى پەرلەمان ناکەن، بۆیە ڕێژەى پێویستى یاسایى تەواو ئامادەنابێت.
دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان لە 2ـى كانوونى یەکەمى 2024 بەڕێوەچوو، کە پەرلەمانتاران سوێندى دەستبەکاربوونیان خوارد، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى هەڵنەبژێردراو دانیشتنەکە بە کراوەیى هێڵدرایەوە.
ڕۆژی 18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە 15 كورسیمان هەیە، لەگەڵ كورسییەكانی یەكێتی و دوو كورسی كۆتای سلێمانی دەكاتە 40 كورسی، ئەگەر كورسییەكانی كۆمەڵ و یەكگرتووی بخرێتە سەر كە 10 كورسین، دەكاتە 50 بە تەنیا 50+1 دەكات. بێگومان هەشت كورسیی دیكەی لایەنەكانی دیكەش هەن، ئەگەر یەكێتی و تەواوی لایەنەكانی دەتانەوێت پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی نەبێت، فەرموون وەرن لەسەر كاندیدێكی سەرۆكوەزیران رێكبكەون جا هەر كاندیدێك بێت، بەڵام پارتی نەبێت".
لەوەڵامى ئەو قسانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، محەمەد حەکیم، وتەبێژى کۆمەڵى دادگەرى پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوەو دەڵێت: کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون.
وتەبێژەکەى کۆمەڵ دەڵێت: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەگەر محەمەد سلێمان، دەستلەکاربکێشێتەوە، ئازاد محەمەد، لە فراکسیۆنی یەکێتی وەکو دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار شوێنەکەی پڕدەکاتەوە.