غەززە... چۆڵکردن یان ئاوەدانکردنەوە؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

♦️ترەمپ سوورە لەسەر راگواستنی دانیشتوانی غەززە، میسر و ئوردنیش ئەو داوایە رەتدەکەنەوە.

♦️پێشنیار کراوە ئەزموونی ژاپۆن بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەکاربهێنرێت.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تەواوی جیهانی هەژاند، کاتێک رایگەیاند پلانیان هەیە دانیشتوانی غەززە بۆ هەریەک لە میسر و ئوردن بگوازنەوە.
ترەمپ کە ماوەی تەنها ٢٦ رۆژە سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتووە، تا ئێستا چەندین جار ئەو داوایەی دوپاتکردوەتەوە، دواجاریش لە میانی پێشوازیکردنی لە شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن،  ترەمپ رایگەیاند، ئەمە شتێکی قورس و ئاڵۆز نییە. ئەگەر ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بکات، ئەوا بۆ یەکەمجار سەقامگیری روو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ئەوەش بەو واتایە دێت ترەمپ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستی بەستوەتەوە بە چۆڵکردنی غەززەوە.
لەبەرامبەردا هەر یەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن جەختدەکەنەوە لەسەر گرنگی دەستبەجێ دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە بێ راگواستنی دانیشتوانەکەی.
پێشتریش شای ئوردن رایگەیاندبوو، پێویستە ئەمریکا بزانێت کە وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ داهاتووی کەرتی غەززە هەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی خەمڵاندنێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە بڕی ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر چەندین جار رایگەیاندبوو، ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی هەیە و ئاماژەی بەوەش کردبوو، تەنیا پاککردنەوەی داروپەردووی غەززە لانیکەم 15 ساڵی پێویستە.
تا ئێستاش چەندین پێشنیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە خراونەتەروو یەکێک لەو پێشنیارانە سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی ژاپۆن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە تایبەت هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی کە بەهۆی شەڕەکە و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تەواو داروخابوون، ژاپۆنییەکانیش بۆ ئاوەدانکردنەوەیان کۆی داروپەردووی پاشماوەی شەڕەکەیان فرێدایە ناو دەریای چواردەوری وڵاتەکەیان کە ملیۆنان تۆن داروپەردووبوو، لەو رێیەوە رووبەری وشکانیان لە ژاپۆن بە رێژەی %0.5 زیاد کرد، بەناوباگترین ئەو ناوچانەش ژاپۆنییەکان لەم رێگەیەوە دروستیان کردن ناوچەی ئودیبایە لە کەنداوی تۆکیۆ و فرۆکەخانەی کانسای نێودەوڵەتی لە کەنداوی ئۆساکا.

بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش دکتۆر محەمەد سەید عەلی کە ئەندازیارێکی میسرییە و لە ژاپۆن نیشتەجێیە پێشنیاری کردووە داروپەردوی شاری غەززە کە بە هەزاران تۆن مەزەندە دەکرێت فرێبدرێنە کەناراوەکانی ئەو شارە تا لەرێیەوە بتوانرێت سنووری وشکانی پێزیادبکەن و سود لەو ئەزموونەی ژاپۆنییەکان وەرگرن.

ئەو پێشنیارەش لە کاتێکدایە ترەمپ سوورە لەسەر پلانەکەی بۆ راگواستنی دانیشتوانی غەززە بۆ میسر و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش دژی پێشنیارەی سەرۆکی ئەمریکا وەستاونەتەوە، بۆ تێچووی ئاوەدانکردنەوەشی کە وەک نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە، تا ئێستا کەس خۆی نەکردووە بە ساحێبی و روونیە ئایا کێ دەچێتە ژێرباری هاوکاریکردنی فەلەستینییەکان لە کاتێکدا ئەگەر رێگەیان پێبدرێت ئەو شارە ئاوەدانبکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار