زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانەوە پاش 15 ساڵ، باس لە ئازارەکانی دەکات

10 كاتژمێر لەمەوپێش



 

موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی بانە کە زیاتر لە 15 ساڵە لە زینداندایە، نامەیەک لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە بڵاودەکاتەوە کە تیایدا باسی ئەو ئەشکەنجانە دەکات کە لە زیندان و لەکاتی لێکۆڵینەوەکان ڕووبەڕووی بووەتەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە ئاماژەدان بەوەی کە بارودۆخی ناجێگیرە، نووسیویەتی، "داواکاری گشتی تاران بە تایبەتی ڕێگری لە ڕێکاری پێویست دەکات بۆ ڕزگارکردنی ژیانم و لە ڕاستیدا لە جیاتی داری سێدارە، سزای مەرگی بەکاوەخۆی بەسەردمدا سەپاندووە."

ئەحمەدیان کە سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، نووسیوێتی " تا ئێستا 15 ساڵ سزای زیندانیکردنم تەنانەت بە بێ ڕۆژێک و سەعاتێک مۆڵەتی چوونەدرەو لە قورسترین بارودۆخدا بەسەر بردووە" و سەبارەت بە لێپرسینەوە و ئەو ئەشکەنجەیەی کە لە زینداندا بەسەریدا هاتووە نووسیویەتی "لە ساڵی 2010 لە تەمەنی 25 ساڵیدا دەستگیرکرام ولە کاتی لێپرسینەوەشدا ڕووبەڕووی شێوەگەلێک لە ئەشکەنجە بوومەتەوە کە ئەگەر باسی بکەم ترس دەخاتە دڵی هەر مرۆڤێکی بە ویژدان."
ناوبراو لە نامەکەدا دەشڵێت "لە کاتی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردنمدا لە ورمێ، چەند مانگێک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابووم، لەو ماوەیەدا لێکۆڵەران قاچمیان شکاند، شانیان لەجێ بردم، بڕبڕەی پشتمیان شکاند، جگە لە سێ ددانم هەموو ددانەکانیان لە دەممدا ورد کرد و مشت و شەق و لێدان بەشی شەو و رۆژم بووە."

ئەحمەدیان لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانی قورس و درێژخایەن لە زینداندا تووشی تەسکبوونەوەی بڕبڕەی پشت، هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ، هەوکردنی قۆڵۆن و خوێنبەربوونی گەدە، پچڕانی فتق و پردەی گەدە، پێچانی گەدە، ڕشانەوەی ڕۆژانە، لێدانی دڵ، تەنگەنەفەسی، شێرپەنجە و برینی ریخۆلە و کێشەی گورچیلە بووە.
دەشڵێت "سەرەڕای پێویستی بەپەلەی چاودێری پزیشکی و نەشتەرگەری کە لەلایەن پزیشکی دادوەری، بەشی تەندروستی زیندان و سەرجەم کەسایەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام داواکاری گشتی تاران، ماوەی ساڵێکە بە زیادکردنی بڕی کەفالەت بۆ 8 ملیار تمەنی ئێران، ڕێگری لە موڵەتم دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری.

ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها نووسیویەتی "لە پێناو ئازادی و باوەڕەکانم هیچ ترسێکم لە مردن نییە، بەڵام ناتوانم بە بەبێ شەڕ و بە بێدەنگی قبووڵی ئەوە بکەم، بۆیە داوا لە هەموو ویژدانێکی بەئاگا و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم کە دەنگی من بن."
ئەحمەدیان لە نامەکەیدا ڕوو لە هەموو دەسەڵاتدارانی یاسایی، دادوەری و نێودەوڵەتی و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت کە بەرپرسیارێتی ژیانی ئەو لە ئەستۆی داواکاری گشتی تاراندایە.
لە کۆتاییدا نووسیویەتی چیتر بێدەنگ نابێت و بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت کە بە هەر شێوەیەک کە لە توانایدا بێت ناڕەزایەتی خۆی دەرببڕێت.
ئەحمەدیان لە مانگی دەی ساڵی 2010 بە تۆمەتی "موحاریبە لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە" دەستبەسەرکرا و سزای 30 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار