هەواڵگری ئەمریکا پێشبینی دەکات لەم مانگەدا ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکبۆتەوە و نابێت لەوە زیاتر کات بەفی

4 ڕۆژ لەمەوپێش



ترەمپ دەیەوێت بە شێوازێکی تر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران چارەسەر بکات، بەڵام ڕێگەچارەی سەربازیش بەدوور نازانێت.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

هەواڵگری ئەمریکا پێشبینی کردووە بەم نزیکانە ئیسرائیل بۆردوومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە، ئەو هەنگاوەیەی ئیسرائیلیش جارێکی تر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی قەیرانێکی دیکە دەکاتەوە.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادار لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانەوە، کە لە ڕۆژانی کۆتایی دەسەڵاتی جۆبایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و سەرەتای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە ئامادەکراوە، بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەر بەپێی راپۆرتەکە ئیسرائیل بە نیازە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بۆردوومانی هەر یەک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ناتانزی ئێران بکات، ئەوەش دوای تێکشکاندن و لاوازکردنی توانای بەرگری ئاسمانی ئێران دێت لە هێرشەکەی رۆژی ٢٦ ی تشرینی یەکەمی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەو پلانەی ئیسرائیلیش هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەرحەق بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لەوباریەوە رافائیل گرۆسی بەرێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕۆژی هەینی هۆشداریدا لە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی یۆرانیۆمی پێتێنراو لەلایەن ئێرانەوە.

رافائیل لە پەراوێزی کۆنفراسی ئاسایشی میونشن، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: کات بۆ زیندوکردنەوەی رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا خەریکە تەواو دەبێت.

وتیشی مانگانە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی %٦٠ و حەوت هێندە زیادیکردووە، بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسەکەش ئەو بڕە یۆرانیۆمە بەسە بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی.

ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشتر فەرمانێکی واژۆ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی زۆرترین گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

بە شێوەیەکی گشتی وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران تاقیکردنەوەیەکی ترە بۆ بەڵێنەکانی ترەمپ کە پێشتر ڕایگەیاندبوو کاردەکات بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و کەمکردنەوەی ناکۆکییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.

لای خۆیەوە براین هیوز وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایش لە کۆشکی سپی دەڵێت ترەمپ بە روونی دەڵێت رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، بەڵام پێی باشە ئەو کارە لە ڕێی دانوستانەوە ئەنجامبدات.

سەرۆکی ئەمریکاش لەوبارەیەوە دەڵێت دوو رێگە چارە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئەتۆمی ئێران؛ ئەوانیش یان بە ڕێگەچارەی سەربازی و بەکارهێنانی بۆمب دەبێت یان بە چەند وەرەقەیەکی واژۆکراوی نێوان هەردوولا دەبێت بەبێ ئەنجامدانی بۆردوومان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار