هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازارەکانی جیهان دەستپێدەکاتەوە و تا ئێستا قەیرانەکان بەردەوامن.

سەرباری پێکهێنانی لیژنە، هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ی مامۆستایان و فەرمانبەران نادیارە.

2 ڕۆژ لەمەوپێش



ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە بایکۆت بەردەوامن و داوای مووچەی مانگی ١٢ دەکەن.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای گشتی بودجەی عێراق لە لایەن سەرۆککۆمارەوە، جموجۆڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازارەکانی جیهان دەستیپێکرد، لەوبارەیەوە، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە، "هەیان عەبدولغەنی" وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەمیل نەوت لە هەرێم وەردەگرن و هەناردەی دەرەوەی دەکەن.

بە بڕیاری دادگای پاریس لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢٣ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم راگیرا کە ئەوکات حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوتی دەردەهێنا و هەناردەی بازارەکانی جیهانی دەکرد.

تا ئێستاش روون نییە ئایا هەناردەکردنەوەی نەوت کۆتایی بە قەیرانی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەهێنێت یان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو کە حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوتەکەی دەفرۆشت بەردەوام دەبێت.

هەناردەکردنەوەی نەوتیش لە کاتێکدایە تا ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و هەریەک لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم خۆیان ناکەن بە ساحێبی و دوای دەرکردنی چەندین بەیاننامەی دژ بەیەک هیچ ئەنجامێکی نەبووە، تەنانەت ئەو لیژنەیەش کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە پێکهێنرا تا ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە چارەسەر بکات.

لەوبارەیەوە جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت لیژنەکە چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە بەڵام لە دوا کۆبوونەوەیدا هیچ ئەنجامێکی لەسەر چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ ی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەدەست نەهێناوە.

نەدان و دواکەوتنی مووچە پرۆسەی خوێندن و دەوامی ژمارەیەک فەرمانگەی حکومەتی دووچاری شەلەل کردووە، بە تایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ڕۆژ ژمایەک مامۆستا و فەرمانبەر لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرت، بەڵام بێ هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ مانگرتنەکە کۆتاییهات، ئێستاش ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جەختدەکەنەوە کە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و نارەزایەتییەکان بەردەوام دەبن تا مووچەی مانگی ١٢ وەردەگرن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و تەوتینکردنی مووچەکانیان لە بانکە حکومییەکانی عێراق.

ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە قەیرانی نەدان و دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، تا ئێستاش نە حکومەتی هەرێم توانیویەتی چارەسەری بکات، نە حکومەتی عێراقیش جدی بووە لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ریشەیی بۆ ئەو پرسە، بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش بۆ بازارەکانی جیهان پێدەچێت قەیرانەکە کۆتایی نەیەت و قۆناغێکی نوێ لە ناکۆکی زیاتر لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار