هێرشە درۆنییەکان و لێکەوتەکانیان

8 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی ئەحمەد ڕەسوڵ
بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە لەگەڵمان بن:
لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی بەردەوامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا و ئێران بە پاساوی بەئامانجگرتنی لایەنە سیاسیی و چەکدارە نەیارەکانیان. هێرشەکان لێکەوتەی سیاسیی و ئابووریی و مرۆیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە و کاریگەریی هەبووە لەسەر ئاسایشی هەرێمەکە و سەروەرییەکەی ئەمەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
تورکیا بە پلەی یەکەم دێت لە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ڕووبەڕوونەوەی هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە. ئۆپەراسیۆنەکان و هێرشە درۆنییەکانی تورکیا زیانی گەورەی ئابووریی، ماددی و مرۆیی و ژینگەیی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. لەم دواییانەشدا، سەرباری ڕاگەیاندنی ئاشتیی و پڕۆسەی چارەسەریی لەلایەن ئەو لایەنە و ڕابەرەکەیانەوە بەڵام هێشتا هێرشەکا بەردەوامن.
لەلایەکی ترەوە، ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار مووشەکبارانی هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە بیانووی بە ئامانجگرتنی لایەنە سیاسییە کوردییە نەیارەکانی. ئێرانیش هەندێک جار لە ڕووبەڕوونەوەی ئەو لایەنانەدا بە تایبەتی لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناسراو بە شۆڕشی ژینا، سوودی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بینیوە.
شەپۆلێکی نوێی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سەرەای مانگی تەمموزی ٢٠٢٥ بوو. نزیکەی ٢٠ هێرش کرایە سەر ژێرخانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە کێڵگە نەوتییەکانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا کردە ئامانج. ئەم هێرشانە کاریگەری گەورە و هەمەلایەنیان هەبووە. لێرەدا ووردەکاریی هێرشەکان دەخەینە ڕوو لە دیاریکردنی ئەو پێگە و کێڵگانەی کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە، بەم شێوەیەیە:
- کێڵگەکانی تاوکێ و پێشکەبیر کە لەلایەن کۆمپانیای DNO ی نەرویجەوە بەڕێوەدەبرێن.
- کێڵگەی سەرسەنگ کە لەلایەن کۆمپانیای HKN Energy ی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبرێت.
- کێڵگەکانی خورمەڵە و عەین سیفنی نزیک هەولێر و دۆهوک.
ئەم هێرشانە زیاتر لە لە سەدا شەستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگرتووە و بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەی ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.
کاریگەرییە ئابوویی و سیاسییەکان:
ئەم هێرشانە تواناکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە لە پاراستنی سەربەخۆیی سەروەرییدا. هەرچەندە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە بەیاننامە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کردووە. بەڵام پارچە پارچەبوونی کایەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەهایکردووە پیشاندانی هەڵوێستێکی هاوبەشی یەکگرتووی نیشتمانی ئاسان نەبێت. بە تایبەتی کە لەم هێرشانەی دواییدا بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە دەکرێت بۆ هێزە چەکدارە شیعییەکانی نزیک لە ئێران، لە کاتێکدا بەغدا، ئەو تۆمەتانە ڕيتدەکاتەوە و بەبێ بەڵگە ناویان دەبات. لە پەیوەند بە هێرشەکانەوە، دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی کورد بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی تاوتوێی هێرشەکان بکات.
هەندێک لە شیکەرەوەکان هێرشەکان وەکو بەشێک لە هەڵمەتی فشارکردنەکان لێکدەدەنەوە کە پەیوەستە بە ناکۆکیی نێوان هەرێم و بەغدا و تەرخانکردنی بودجە و پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان. هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ دانوستان و ڕیککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و ڕەوانەکردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم.
لێرەدا ئاماژە بکرێت بۆ ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە بە قەیرانێکی ئابووریی قورس و ئیفلیجییەکی داراییدا تێپەڕدەبێت. فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و حکومیی لە هەرێمی کوردستان لە دوای مانگی نیسانەوە کە بەرەو نزیکەی سێ مانگ دەچێت، هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. سەرباری هەڵئاوسانی نرخی کاڵا و خواردەمەنی و پێداویستییەکان، جووڵەی بازاڕ و بازرگانی گەیشتووە بە ئەوپەڕی لاوازیی و دۆخی دەزگا حکومییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان نزیکە لە وەستانەوە.
لەبەرئەوەی ئابووریی هەرێم بە پلەی یەکەم و سەرەکیی پشت دەبەستێت بە داهاتی نەوت، لەبەرئەوە ئەم هێرشانە وەکو پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، زیاتر لە لە سەدا شەستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگرتووە و بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەی ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، کاریگەری گەورەی لەسەر هەرەسهینانی زیاتری ئابووریی و دارایی هەرێم دەبێت.
کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان:
ئەمریکا هێرشەکانی سەرکۆنە کرد و داوای لە بەغدا کرد کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیری کێڵگە نەوتییەکان و ناوچەکە بە گشتی بپارێزێت. دوابەدوای هێرشەکان نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک یەک دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش گوزارشتە لە دڵەڕاوکێی بازاڕی جیهانی.
دەرئەنجام:
هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق هەڕەشەی گەورەن لەسەر ژێرخانی ئابووریی و جێگیریی سیاسیی و ئەمنیی هەرێم و عێراقیش. تێەپەڕبوونی ئەم هێرشانە بەبێ بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەکی بەهێزی سیاسیی و دیپلۆماسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دەرئەنجامی زنجیرەیی زیانی گەورە و کارەساتباری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لێدەکەوێتەوە.
