لە عێرق ئاو، ئاگری شەڕ هەڵدەگیرسێنێت

دوێنێ



کاروان عوسمان شوانی

گرنگترین سەرچاوەی ژیان و مانەوەی مرۆڤ و ئەو ژینگەیەی کە تیایدایە پەیوەستە بە بوونی ئاوەوە.

زەوی، ئەو هەسارەیەی کە مرۆڤی لەسەر نیشتەجێیە تەنها یەک لەسەرسێی وشکانییە، واتە سێ بەشی ئاوە و یەک بەشی وشکانییە.

سەرەڕای بوونی ئەو ئاوە زۆرە کەچی تەنها لە سەدا ٤٠ ی دانیشتوانی جیهان ئاوی پاکیان پێ دەگات، زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت وڵاتە هەژارەکان بەدەست نەبوونی ئاو و ئاوی پاکەوە دەناڵێنن.

عێراق وەک یەکیک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم هەژمار دەکرێت و جارێ لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەند و هەژاردا وەستاوە.

ژێرخانێکی ئابووری بەهێزی هەیە، بەڵام لە شێوازی ئیدارەداندا لە ساتی دروستبوونییەوە تا ئێستا کێشەی هەیە. لەناو ئەو کێشانەشدا کێشەی ئاو وەک بەڵایەکی گەورە هەڕەشە لە عێراق دەکات.

ڕوبەری خاکی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە 434.924 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە نوێترین سەرژمێریی دا  46  ملیۆن کەسە، دوو ڕوباری سەرەکی ئاو بۆ وڵاتەکە دابین دەکەن و سەرچاوەی هەردووکیشیان لە دوو وڵاتی دراوسێوەیە.

ئەو ڕووبارانەشی کە  کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن ئەوانیش یا سەرچاوەکانیان ئێران و تورکیان یا کە لەناوخۆوە هەڵدەقوڵێن ئەوەندە نییە پشتی پێ ببەسترێت و زۆرجاریش ڕوباری وەرزین.

سروشتی عێراق وایە بە کەڵکی بەنداو نایات، بۆیە کەمترین بەنداوی تیایە و  لە هەرێمی کوردستانیش وەک پێویست سود  لە پۆند و گلدانەوەی ئاو وەرنەگیراوە و پرۆژەی ئاودێری زۆر کەمە، عێراقیش بە تەواویی دەستبەرداربووە لە خزمەتکردن بە ئابووری و ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەگینا لەڕێی حکومەتی ناوەندەوە دەکرێت دەیان پرۆژەی ئاوی جۆراوجۆر لە هەرێم جێبەجێبکرێن.

خەوشی عێراق لە بواری ئاودا ئەوەیە جیۆپۆلەتیکی خاکەکەی نزمترە لە خاکی تورکیا و ئێران، بۆیە  ئاوی ئەو وڵاتانە دەرژێتە خاکی عێراقەوە، واتە لە عێراقەوە ئاو سەر ناکەوێت تا بڕژێتە ئەو وڵاتانەوە، پاشان عێراق وڵاتێکە نەکەوتووەتە سەر دەریا، تەنها لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبییەوە دەگات بە دەریا،ئەویش وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی سودی لێدەبینێت، نەک ئاوەکەی بۆ ژیانکردن بەکاربهێنێت.

ئەگەر وشکەساڵی  و  گۆڕانی دۆخی زەوی بەو شێوەیە بەردەوام بێت عێراق لە وڵاتی نێوان دوو ڕوبارەوە دەبێت بە وڵاتی بیابان.

بەهۆی کەمی دابارین و زۆری بەهەڵمبوونەوە ئەمساڵ مەترسی جدیی لەسەر ئاوی عێراق هەیە و ئەگەری وشک بوونی زۆریک لە زۆنگاوەکان هەیە.

سەرەڕای وشکبوونی  سەدان هەزار دارخورما، کە بەهۆی سیاسەتی خراپی کشتوکاڵی و نەبوونی ئاوەوە‌ ئەم بەرهەمە گرنگەی عێراق تا دێت، پاشەکشێ دەکات.

ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم دواییانەدا بڵاوی کردەوە، کە عێراق نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵیەکانی لەدەستداوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا.

70%  ی ئاوەکانی عێراق لەو ئێران و تورکیاوە دێن، ئەمە لە ڕووی ستراتیژییەوە هێز و توانا دەدات بەو دوو وڵاتە و لەبەرامبەردا عێراق ناچار دەکات سازش بکات بۆیان.

بە درێژایی مێژوو لە نێوان ئەم وڵاتانە چەندین ڕێکەوتن ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی ئاو و ڕوبارەکان بەڵام هێشتا متمانە دروست نەبووە و لە وەرزی هاوین و ساڵانی وشکەساڵی دا ئەو ڕێکەوتنانە پێشڵ دەکرێن.

بۆ نمونە تەنها بۆچارەسەری ئاو لە عێراق  لە نێوان عوسمانی و سەفەوی دا ڕێکەوتن کراوە، پاشان لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانیا و دواتر سەردەمی پاشایەتی و پاشانیش ڕێکەوتنی بەعس و شای ئێران  و ڕێکەوتنی جەزائی، کە بەشێکی زۆری لەسەر ڕێرەوە ئاوییەکان و بەڕێوەبردنی ئاو بووە، کەچی سەرەڕای ئەوانەش ٨ ساڵ جەنگی لێکەوتەوە، کە هۆکانی جەنگەکە زۆرن بەڵام بەشێکی دیسان لە سەر ئاو بووە.

تورکیاش وەک هەمیشە هەڕەشەی گرتنەوەی  ئاو لە عێراق دەکات هەندێک جاریش بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدات  ئاو بەرامبەر بە نەوت دەدات بە عێراق،  هەر لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاوی خواردنەوەش بە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی دەفرۆشێت، پڕۆژەی "گاپ" کە لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات دروستی کردووە، کە پێکدێت لە 22 بەنداو، دەتوانێت تا نزیک  وشک بوون ئاو لە عێراق و سوریا بگرێتەوە.

لە 24 ـ ئایاری ـ 2025 پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغداد بەڕێوەچوو، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند: بەهۆی کەمی ئاوەوە عێراق ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەبێتەوە، بۆیە وڵاتانی دراوسێ دەبێت بە سیاسەتی گلدانەوەی  ئاودا بچنەوە، ئەوە لەبەرچاوبگرن کە ڕووبارەکان هاوبەشن لەنێوان وڵاتاندا.

بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و تورکیا، چەندین دەریاچە و روبار لە عێراق وشکبوون. هەروەها کەرتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، گەشتیاری، سامانی ماسی و بەرهەمهێنانی کارەبا، تەنەنات ئاوی خواردنەوەش بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە کەمبوونەوە کردووە، بە تایبەت ئاوی ڕوباری دیجلە و فورات لە خاکی عێراق و ڕۆیشتن بە بیابانەکاندا سوێر دەبێت و بە کەڵکی خواردنەوە نایات. 
عێراق وڵاتێکە لەڕووی سیاسییەوە ئارام نییە و پڕە لە ناکۆکی سیاسی و ئیداریی، ئەمانەش هۆی سەرەکین کە وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت تورکیا و ئێران سیاسەتی ئاوییان خراپ بێت بەرامبەر بە عێراق، ئەمەش بۆ ئایندەی عێراق ئێجگار مەترسیدارە و کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.

عێراق کارتی فشاری زۆر کەمە بەرامبەر ئەو دوو دەوڵەتە بۆیە ئەگەر ئەو دوو وڵاتە پابەندی یاسانێودەوڵەتییەکان نەبن بۆ پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان ئەوا عێراق لە چەند ساڵێکی کەمدا ڕوبەرووی شەڕو و قەیرانی ئاو دەبێتەوە. هێز و توانای عێراق زۆر لە خوار ئەو دوو وڵاتەوەیە، بۆیە بە ناچاری دەبێت مل بۆ هەر داوایەکی ئەوان بدات لەبەرامبەر پێدانی ئاودا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار