ترس لە هونەر!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



عیسا عوسمان

هیچ کارێکی هونەری بەدەر نییە لە ڕەخنە و سەرنج، بەڵام 

سووکایەتی نییە کە ئەوان دۆخێکیان دروست کردووە تاکوو ئێستەش لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا، بە هەزاران کۆمێنتی جنێو و سووکایەتیان بۆ دەنێردرێ و دەستخۆشی لە داعش دەکەن کە قڕی کردن و دەستدرێژی کردنە سەر... 

سووکایەتی نییە کە دۆخێکیان دروست کردووە ئەوەی کە سەر بە خۆیان نەبێت و باڵاپۆش نەبێ و بە ئاوازی ئەوان ژیان نەگوزەرێنێ، بە بێئەخلاق و بێئابڕوو و سەرسەری و هیچوپووچ ناوزەدی دەکەن و لە سەروو هەمووشییەوە تەکفیری دەکەن. 

سووکایەتی نییە کە لەشکرێکیان لە جنێوفرۆش و تەکفیریی پێگەیاندووە و ڕەنگە شانازیشی پێوە بکەن! ئەوانەی کە بە بینینی نمایشێک، ئاو کراوەتە ژێریان و بە ڕاست و چەپدا، ڕەخنە دەبەشنەوە، لە کاتی بینینی ئەو هەموو جنێو و سووکایەتییەی ڕۆژانە بە ئایینەکانی تر و بگرە بە خەڵکی ئاسایی خاوەن باوەڕی جیاواز دەکرێت، لە کاتێکدا هەر کوردن و ڕۆڵەی ئەو خاکەن، لە کوێن؟ دڵنیام کە گەر پێچەوانەکەی بێت و بە شەق حیجاب فەرز بکرێ، ئەوا بە هەزاران کۆمێنتی دەستخۆشی و لایکی بۆ دێت.

لێرەدا گرنگە دوو پرسیار لەوانە بکرێت کە ئەم نمایشە و هەموو چالاکییە هاوشێوەکان بە سووکایەتی دەزانن و دژایەتی دەکەن:
یەکەم: گەر بڕواتان وایە ڕێکخراوێکی وەک داعش نوێنەری ئیسلام بوو و ئەوەی کە دەیکرد، کتومت ئەوەبوو کە لە دینەکەدا هەیە و لایان نەدابوو، ئەوا بوێرانە دانی پێدا بنێن و بیری خۆتان بەیان بکەن و پیرۆزتان بێت.

دووەم: گەر پێتان وایە داعش نوێنەری ئیسلام نەبوو و هەوڵێک بوو بۆ شێواندن و ناشرینکردنی دینەکە، ئەوە زۆر باشە و قبووڵە، بەڵام کێشەیەک هەیە. ئەوان بە ئاڵای ئیسلامەوە ئەو کارانەیان دەکرد، واتە لەژێر ناوی پیرۆزییەکانی موسڵماناندا، کۆمەڵێک کاریان دەکرد کە موسڵمانان بڕوایان پێیان نییە و دژیانن، بەم جۆرە، کارەکانی ئەوان، دەبنە سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام. کەوایە کە دەیانزانی ئەم گرووپە سووکایەتی بە ئیسلام دەکەن، بۆچی لە دژیان نەجەنگان؟! 

نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆچی کۆ نەبوونەوە و لە دژیان بوەستنەوە؟ گەر بێباوەڕێک کاریکاتێرێکی دروست کردبا، هەموو دنیا بە یەکدا دەدرا، خۆپیشاندان دەکرا، خەڵک دەکوژرا. بەڵام لە سەروەختی دروستبوونی داعش و لە کاتێکدا کە بە زەقی ئاڵای ئیسلامیان هەڵدەگرت، ئەوانەی کە ئێستە ڕەخنە دەگرن و پێیان وایە نمایشەکە سووکایەتییە، بە دەگمەن دەمبینین ورتەیان لێوە بێت و هەڵوێستێکیان لەسەری هەبێت! نەک هەر هەڵوێستیان نەبوو، بەڵکە لە ناوخۆدا، بەردەوام هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی تریش کە لەگەڵ داعش دەجەنگان، تەکفیر دەکران...

لێرەدا ئاماژەدان بە داعش تەنیا نموونەیەکە، قسەکە لەسەر هەموو ئەو هەموو هێز و جووڵانەوانەی تریشە کە هەڵگری بیری داعشن و ئێستەش هەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار