پەنجا دۆنم خاکی بەپیتی وەکو گەوهەر و ئاوی وەکو کەوسەر..

3 كاتژمێر لەمەوپێش
پەنجا دۆنم خاکی بەپیتی وەکو گەوهەر و ئاوی وەکو کەوسەر، بە تەنها دۆلارێک ئالاسکا، چیرۆکی هەڕاجکردن و دەستبەرداربوونی خاک
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
چیرۆکی پشت کڕینی ئالاسکا لەلایەن ئەمریکاوە لە ڕووسیا. بفەرموون ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە:
لە ساڵی ١٨٦٧ ئەمریکا مامەڵەیەکی بێوێنەی ئەنجامدا کە دواتر دەرکەوت یەکێک لە گەورەترین و سەرکەوتووترین مامەڵە بەهادارەکان و وەبەرهێنانە قازانجدارەکان بوو، کە ئەویش کڕینی ئالاسکا لە ئیمپراتۆریێتی ڕووسیا بوو. لەو کاتەدا ئەو ڕێککەوتنە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، لەلایەن زۆرێکەوە ڕەخنەی لێدەگیرا و وەکو بە بەفیڕۆدانی پارە باس دەکرا، بەڵام دواتر بە تێەڕینی کات، مێژوو بەهاداریی و گرنگیی ئەو مامەڵەیەی سەلماند و تۆمارکرد.
ئەم مامەڵەیە، مامەڵەی کڕینی ئالاسکا، لە ٣٠ی ئازاری ١٨٦٧ بە فەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ویلیام ئێچ سیوارد و دیپلۆماتکاری ڕووسی بارۆن ئێدوارد دی ستۆکلەوە سەرپەرشتی و واژۆ کرا. مامەڵەکە، بریتی بوو لە کڕینی ویلایەتی ئالاسکا بە ڕووبەری یەک ملیۆن و ٥١٨ هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە کە دوو هێندەی ڕووبەری ویلایەتی تەکساس بوو، بە بڕی ٧ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە بە نزیکەیی دەکاتە دوو سەنت بۆ هەر دۆنمێک یان ٥٠ دۆنم زەوی بە بڕی تەنها دۆلارێک.
هۆکارەکانی دەستبەرداربوونی خاک و فرۆشتنی ئالاسکا لەلایەن ڕووسیاوە
ڕەهەندی ئابووریی
ڕووسیا لەو کاتەدا شکستی جەنگی کریمیای ئەزموون کردبوو، ئەمەش بارقورسییەکی زۆری بۆ هێنابوو جگە لەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە لەوپەڕی لاوازیی خۆیدا بوو.
لێرەدا باشترە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە نیمچە دوورگەی کریمیا یەکێک لە هۆکارەکانی جەنگی ئێستای ڕووسیا و ئۆکرانیایە کە پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دەزگای میدیایی هاوڵاتیدا بە ووردیی ڕیشەی مێژوویی کێشەی نیمچە دوورگەی کریمیا و هەرێمی دونباس ڕوونکراوەتەوە.
ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی
بەهۆی دوورەدەستی جیۆگرافیی ئالاسکاوە لە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووریی ئیمپراتۆریێتی ڕووسیا، وایکردبوو دەستڕاگەیشتن پێی قورس بێت لە ڕووی لۆجستی و پاراستنی سەرەوەرییەوە. بە تایبەتی ترسی ڕووسیا لە فراوانخوازیی و پاوانخوازیی ئینگلیزەکانەوە کە ئەگەری داگیرکردنی لەلایەن بەریتانیای مەزنی ئەو سەردەمەوە ئەگەرێکی بەهێز بوو.
بۆ ئەمریکا پاڵنەرەکان ستراتیژیی و ئابووریی بوون. سیوارد وەکو فراوانبوونی خاکی ئەمریکای دادەنا و گەشەکردنی وڵاتەکەی لە داهاتوودا پێشبینی کردبوو. لەو کاتەدا ئەمریکا لە شەڕی ناوخۆ دەرباز بوو بوو و خواستی گەشەکردن و فراوانبوونی هەبوو. هەرچەندە ڕەخنەگرانی کۆنگرێس و ڕۆژنامەکان ڕەخنەیان لەو کڕینە دەگرت و بە "گەمژەیی سیوارد" یان "سندووقی سەهۆڵی سیوارد" ناویان دەبرد، بەڵام دواتر پڕۆسەکە، دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییە فراوانەکانی لێکەوتەوە . لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا زێڕی لێ دۆزرایەوە و دواتر لە سەدەی بیستەمدا نەوت و گازی لێ دۆزرایەوە، ئەمەش وایکرد ئالاسکا ببێتە یەکێک لە ویلایەتە دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا کە زۆرترین سەرچاوەی سروشتیی و ئابووریی هەبوو کە تا ئێستاش بەردەوامە.
گواستنەوەی فەرمیی خاوەندارێتیی ویلایەتەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٨٦٧ لە شاری سیتکای ناوەندی ویلایەتی ئالاسکای بەڕێوەچوو. لە مەراسیمی پڕۆسەی گواستنەوەکەدا، داگرتنی ئاڵای ڕووسیا و هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا، هێمای گۆڕینی خاوەندارێتیی و سەروەریی ئالاسکا بوو. تا ئێستاش ئەو ڕێکەوتە بە “ڕۆژی ئالاسکا” ناسراوە و ساڵانە یاد دەکرێتەوە.
ئەو زەوییە فراوانەی ڕۆژگارێک وەکو ناوچەیەکی سەهۆڵین و بێ بەرهەم رووسەکان دەستیان لێبەردا و فرۆشتیان، بوو بە بەشێک لە بنەمای هێزی ئابووریی و ستراتیژیی ئەمریکا.
کڕینی ئالاسکا وەکو بەڵگەیەک لەسەر دیدگای ستراتیژیی و درێژخایەنی دیپلۆماسیی ئەمریکا هەژمار دەکرێت. گرێبەستێک کە تێچوویەکی کەمی هەبوو بەڵام بەهایەکی بێئەندازەی بەدەستهێنا.
لە دواهەمین سەردانی سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین بۆ ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست و پرسی ئاشتییەوە بۆ جەنگی ئۆکرانیا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ویلایەتی ئالاسکا پێشوازیی لێکرا. ئەو ویلایەتەی کە پێشتر خاکی ڕووسیا بوو. هەروەها ئەو ویلایەتەی کە بەهۆی جەنگی کریمیاوە لە سەدەی نۆزدەدا ڕووسیا ناچار بوو بە دەستلێبەردان و فرۆشتنی.
پێشوازیلێکردنی سەرۆکی ڕووسیا لە ئالاسکا لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە واتای سیمبولیکیی سیاسیی و دیپلۆماسیی گەورەی هەبوو.
لە زمانی کوردییدا ئیدیۆمێک هەیە و لە باوانەوە بۆمان ماوەتەوە و بیستوومانە کە دەڵێت: "مرۆڤی ژیر، مشتێ خۆڵ ناگۆڕێتەوە بە مشتێ زێڕ"
پێدەچێت ئیدیۆمەکە بۆ هەموو سەردەم و هەموو شوێنێک ڕاستییەکی زۆری تێدا بێت.
ئەگەر سەرنج و بۆچوونێکت لەو بارەیەوە هەیە، بفەرموو بۆ بەشکردنی لەگەڵمان.
