هەرێمی کوردستان تەنها بە یەک هەنگاو لەژێر هەڕەشەدا رزگاری دەبێت

کاتژمێرێک لەمەوپێش



ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تەنها یەک وڵات دەتوانێت بۆ بکات
چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی

ئەوەی هەرێمی کوردستان ئێستا پێویستییەتی دوو سیستمی بەرگریی پێشکەوتووە کە ئەمریکا خاوەنییەتی و لەتوانایدا بۆی دابین بکات، حکومەتی هەرێمیش چەند جارێک هەوڵی بۆی داوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکی ئاشکرا داوای کرد.

هێرشە مووشەکییەکەی سەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ئەمجارە جیاوازتر بوو، چونکە بووە هۆی پچرانی 80%  بەرهەمهێنانی کارەبا و تێکدانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان. پێشتر چەندین جار هێرشی لەو جۆرە کراوە، بەڵام ئەمجارە هێندە کاریگەری دروستکرد کە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا داوای سیستمی بەرگری لە ئەمریکا کرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر زوو دوای هێرشەکە داوای لە واشنتن کرد سیستمی بەرگری بۆهەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو بەرگری لەخۆی بکات.

ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو سیستمی بەرگری بەکاردەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆن، ئەو دوو سیستمەش سیستمی سی رامی نزیک مەودا و پەیتریۆتی دوور مەودان.

سوپای وڵاتەکە سیستمی سی رامی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر جێگر کردووە. سیستمی پەیتریۆتیش لە بنکەی سەربازیی هەریر و بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار جێگرکراوە.

سی رام سیستمێکی بەرگریی نزیک مەودایە و بەشێوازێک دروستکراوە کە ببێتە دوا هێڵی بەرگریی دژە هەر هێرشێک. زیاتر بۆ ئەو هێرشانەیە کە بە مووشەک و رۆکێتی نزیک مەودا ئەنجامدەدرێن. سیستمەکە توانای هەیە پێشوەختە ئاگادارکردنەوە لە هەڕەشە بدات و چاودێری جووڵەی نائاسایی بکات، لە دوو کیلۆمەتریشەوە دەتوانێت مووشەک و درۆن بپێکێت. 

چەندین جۆر چەکی جیاواز لەخۆدەگرێت و دەتوانێت لەماوەی خولەکێکدا چوار هەزار و ٥٠٠ راوند لە تەقەمەنی بتەقێنیت. نرخی هەر سیستمێک لەنیوان 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلاردایە و ئاستی سەرکەوتنیشی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش نزیکەی 70% یە.

ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستییەتی ئەم سیستمەیە، چونکە ئەگەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر سیستمێکی لەوجۆرەی تێدا جێگیربوایە، ئەوا روودانی هێرشەکە ئەگەرێکی زۆر کەمی دەبوو، یاخود کیڵگەکە بە زیانێکی کەم لێی دەردەچوو.

سیستمەکەی دیکە، سیستمی پەیتریۆتە کە ئەمەیان بۆ مووشەکی دوور مەودای وەک مووشەکی بالیستیکی و پێشکەوتووتر بەکاردێت. ئەم سیستمە چەند جۆرێکی هەیە و بەپێی جۆرەکان خاسیەتەکەیانیان دەگۆرێت، بەڵام بە تێکڕا مەودای سیستمەکە لەنیوان 50 بۆ 160 کیلۆمەترە و چەند مووشەکێکی ئاڵۆز و پێشکەوتووی لەسەرە کە دەتوانێت بەخێرایی زیاتر لە 5 بۆ 6 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمیرێدا ئاراستەی هەر مووشەک و درۆنێک بکات.

سیستمەکە چەندین بەشی هەیە وەک رادار، وێستگەی چاودێری، وێستگەی مووشەک و هەڵدەری مووشەک هەر بۆیە کرین و جێگیرکردنی تەواوی سیستمەکە بەهاکەی یەک ملیار دۆلارە. ئاستی سەرکەوتنی سیستمەکە لە بەرپەرچدانەوەی هێرش زۆر بەرزە و میدیای ئەمریکا رێژەکەی لەنیوان 60% بۆ 95% خەمڵاندووە.
ئەمریکا و زۆربەی ئەو وڵاتانەی سیستمی بەرگریی ئەمریکی بەکاردەهێنن چەند چینێکی بەرگری دروست دەکەن بە سیستمی جیاواز و ئەگەر هەرێمی کوردستانیش بتوانێت ئەم دوو سیستمە لە ئەمریکا وەربگرێت و پێکەوە لە دامەزراوە هەستیارەکان جێگریان بکات، ئەوا بەرێژەکی زۆر بەرز دەتوانێت هێرشەکان بەبێ هیچ زیانێک کۆتایی پێ بهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار