با بێت یان باران،
ناکۆکیو ململانێی لایەنەکانی کوردستان، هەرێمو بەغدا، زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیانن!
دڵشاد تاڵهبانى
5 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد تاڵهبانى
ململانێی نێوان حزبە سیاسیەکانی کوردستان، جا لەسەر ناکۆکی کەسایەتی، بەرژەوەندی تاکی یان حزبی، لەسەر حیسە لەحکومەت، مەرکەزو نفوز، مەرکەزەکان لەبەغدا،دابەشکردنی داهات یان هەر مەبەستیکی تر بێت، تەنها هاوڵاتیانی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبن و دەرئەنجامەکانی بەسەر ئەواندا دەشکێتەوە .
کە لەوانە تەبا بوون یان کێشەیان نەبوو، تەنانەت هەموو شت بۆ یەکیش دەشارنەوەو پاساوی بۆ دەهێننەوە . گەر لەسەر هەر شتێک کە لاوەکیش بێت تێکبچن،یان ناکۆکی بکەوێتە نیوان دوو بەرپرسیانەوە، وا بەچەپ و راستدا دێن بەویزەی یەکدا، بێ بیرکردنەوە لەدەرئەنجامەکان. شت بۆ یەک دەدۆزنەوە گەر ناڕاستیش بێت، راست و ناراست تێکەڵ بەیەک دەکەن. کە رێکیش کەوتنەوە، وەک ئەوەی نە بایان بینیبێت نە باران. ئەمەش زۆربەی حزب ولایەنەکان دەگرێتەوەو لەهیچیان بەدوور نیە و هەموو مومارەسەی ئەوەیان بەرامبەر بە یەک و خەڵک و تەنانەت نەیارەکانی ناو خۆشیان کردووەو بەردەوامە.
نە رێککەوتنیان لەسەر بەرنامەی حزبەکەیە لەسەر داهاتوو و دروشمەکانی و بەرژەوەندی خەڵک و خزمەتکردنی زیاتر، نە ناکۆکی و رێکنەکەوتنیشیان لەسەر نەگونجانی بەرنامەی حکومەت لەگەڵ ئاراستە و بۆچوونی و بەرنامەی داڕێژراوی ئەوان و دروشم و بەڵێنەکانی ئەوانە لەکاتی هەڵبژاردن. گەر لەسەر حسەی وزاری و مەرکەزەکان رێککەوتن، وا ئەو دروشمانە هەر باسیشی لێوەناکرێت و دەبێتە رابردوو. گەر تەنانەت لەسەر بەرنامەی حکومەتیش لەیەک نزدیک بن، بەڵام لەسەر چەند وزارەت یان مەرکەزێک و بەرژەوەندی چەند کەسێک ریکنەکەوتن،وا دەبێت بەکێشەو قەیران و ناگەن بە رێککەوتن.
بەپێچەوانەی وڵاتانی تری پێشکەوتووی دیموکراتی، کە رێککەوتن لەسەر بەرنامەی سیاسی،ئابوری،کۆمەڵایەتی و لایەنەکان دەگەن بەیەک یان نیە. رەنگە لە زۆر مەبەستدا رێکبکەون، بەڵام لەسەر خاڵێکی بنچینەیی لایەنێک کە داوای دەکات لەبەرنامەی حکومەت یان پێداگری دەکات لە نەهێڵان یان گۆڕینی،دوو لایەنی سەرەکی نەگەن بەیەک بۆ دامەزراندنی حکومەتی هاوبەش،یان رەنگە بەنزدیکبوونەوە لەپلان و بەرنامەی کار، بگەن بەیەک. پاشان باسی حسەی وزاری و مەرکەزو شتەکانی تر دەکرێت.
پێشتر زۆر مەبەست لەو بارەیەوە لەلایەن خەڵکی ترو منیشەوە باس کراوە. لێرە دەمەوێت تەنها نمونەو مەبەستێکی ئەکتویلی ئێستا باس بکەم . ئەوەی لەمیدیاکان دەخرێتەڕوو ناکۆکی و ململانێ لەنێوان ئیدارەی هەولێرو سلێمانی (زۆنی سەوزو زەرد). یان باش تر بگوترێت، هێندێک لەبەرپرسانی هەردوولا هەیە، لەسەر قەیرانی گازو هێندێک شتی شاراوەش، کە بە راستی من هۆ بنەڕەتیەکەی نازانم و هەموو حەقیقەتەکانیشم لەبەر دەست نیە کە بەتەواوەتی لێکی بدەمەوەو بیخەمەڕوو و قسەی زیاتری لەسەر بکەم، بەڵام ئیتیهام و ئیتیهامکاری یەکتر باکگراوندو بناغەی کۆنتری هەیەو زیاتر کەسایەتیە،کەدەویسترێت بکردرێت بەکێشەی خەڵک و مەبەستی تری تێهەڵکێش بکرێت و خەڵکی پێوە مەشغول بکرێت و مەبەستە بنەڕەتیەکە وون بکرێت و ببەسترێت بەچەند مەبەستی ترەوەو خۆ لەقەیرانەکان بدزرێتەوە.
(٦ی شوبات) لەچەند دەزگایەکی راگەیاندن بیستم گوایە بەڕێز بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی کوردستان باس لەوەدەکات کە لەکوژرانی رۆژنامەنووسی خوالێخۆشبوو (ئامانج بابانی) گومانی هەیە کەخۆکوژی بووبێت. من بۆ خۆم ئەو دەربڕینەم لا سەیرە، مەبەستەکە زیاتر لە سێ مانگی بەسەردا تێپەڕیوە،دیارە هەر ئەوکاتە هەموو دۆسیەکان گەیشتوەتە لای ئەو، گەر ئەوکاتە یان ماوەیەک پاش ئەوەش ئەو دەربڕینەی ببوایە وا مەعقول دەبوو باسی لێوەبکرێت. بەڵام، بۆچ ئەو هەموو ماوەیە بێدەنگ بووەو زیاتر لە سێ مانگ هیچ قسەو ئاماژەیەکی بۆ ئەو مەبەستە نەکردو ئێستا لەو قەیرانی گازو توندبوونی ناکۆکی و ململانێی چەند بەرپرسێکی هەردوولا،پرسیار لای هەموو خەڵک دروستدەکات و مەبەستەکە دەبەستێتەوە بەئەو ناکۆکیانە نەوەک ئەسڵی مەبەستەکە.
ئیمە لەسەرەتا هەموو نووسیمان کە تیرۆرە بەدەربڕینی هێندێک دەزگاو کەسایەتی باڵای دەوڵەتیشەوە. بەڵام پاشان چەندین راستی کەوتەڕوو لەبابەتی ناکۆکی بنەماڵەیی و قسەی کەسانی بنەماڵەو تەقەنەکردن لەدەرەوەو کوننەبوونی جامی سەیارە...هتد. ئەوەی زیاتر سەلماند کەهەر لەناو ئۆتۆمبیلەکە مەبەستەکە روویدابیت، بەتایبەتی دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی باسی لەوەکردووە کەدریژەی رووداوەکە و هەموو مەبەستەکانیان بەمەبەستی فیشەکەکانیشەوە ناردە لای ئەو لەهەولێرو روونیانکردووەتەوە.
جائێستاو لەم قەیرانە و تۆمەتبارکردنی یەک بەزۆر مەبەست، ئەوەش زیاتر دەکاتە جێگای پرسیار. رەنگە ئەمەش دواهەنگاو نەبێت و جارێکی تر تۆمەتبارکردنی یەک بۆ زۆر مەبەستی تر، هەروەک کۆن سەرهەڵداتەوەو مێشک و بیری خەڵک ئاڵۆز بکات، سەرباری قەیرانەکانی تری کوردستان وعێراقیش، چەند مەبەستێکی تریشی بێتە سەر، کەمەینەتی و نیگەرانی هاوڵاتیان زیاتر بکات، لەم کاتەی کەزۆر کەس نازانێت سبەی لەعێراق چی روودەدات. کە رێکیشکەوتن، نە باس دەکرێت و نە هیج لەگۆڕێیە!.