ئه‌ڵمانییه‌کان گۆته‌ ناکه‌ن به‌ فه‌یله‌سوف، چونکه‌ ده‌زانن فه‌لسه‌فه‌ چییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نازانین چییه‌، بۆیه‌ پیره‌مێرد ده‌که‌ین به‌ فه‌یله‌سوف"

دەربارەی هیگڵ‌و فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال

7 مانگ لەمەوپێش



سازدانی: شوان ئەحمەد

بەشی حەوتەمو کۆتایی

د.محەمەد کەمال، نووسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی حەوتەم و کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش،  تیشک دەخاتە سەر چەند لایەنیکی دیکەی فەلسەفەی هیگڵ.

هاوڵاتى: بەدور لەبابەتە سەرەکیەکەمان و لەپەراوێزی ئەم گفتوگۆیەدا پێمخۆشە پرسیارێک بکەم، سەبارەت بەکوردو فەلسەفە؟ ئایا کورد وەک میللەتێک فەلسەفەی هەیە؟ گەر هەیەتی چۆن و بەچ بارێک؟ گەر نییەتی چۆن دەستپێبکەین؟

د.محەمەد کەمال: گەر بەو جۆرە پێناسەی فەلسەفە بکەین کە لەزانکۆکاندا دەخوێنرێت (بەشێوەیەکی ئەکادیمی)، ئەوا ئێمە لەسەرەتاداین و تازە دەستمان پێکردووە. ئەگەر وابێت، گەر مەبەست لەفەلسەفە ئەو شێوازە بیرکرنەوەو نووسینە ئەکادیمییە بێت کە لەڕۆژئاوادا هەیە، یاخود لەزۆرێک لەزانکۆکانی رۆژهەڵاتدا هەن، ئەوا ئێمەی کورد هێشتا لەسەرەتاداین.

بەڵام ئایا مرۆڤی کور دەتوانێت فەلسەفیانە بیربکاتەوە، یان نا؟ بۆچی ناتوانێت فەلسەفیانە بیربکاتەوەو بۆچی ناتوانێت فەلسەفیانە بنووسێت؟ ئایا مرۆڤی کورد چی لەمرۆڤێکی تر کەمترە کەنەتوانێت فەلسەفیانە بیربکاتەوە، یاخود بنووسێت؟

من بڕوام بەوە نییە مرۆڤ کورد نەتوانێت، فەلسەفیانە بیربکاتەوەو فەلسەفیانە بنووسێت. بەڵام لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو هەلومەرجانەمان بۆ نەڕەخساوە، تابتوانین لەنێو دەزگاکاندا(بۆنمونە دەزگای فێربوون، بەتایبەت قوتابخانە و زانکۆکان)، خوێندکارەکانمان فێری بیرکردنەوەی فەلسەفی بکەین. هەرچەندە کورد بەردەوام خاوەنی ئەندێشەی فەلسەفەی بووە. بۆ نموونە گەر بگەڕێینەوە بۆ سەر کلتوری ئەدەبی کوردی، شاعیرمان هەیە لەکۆپلە شیعرێکدا کێشەی فەلسەفەی زۆر جوانی باسکردووە، بەڵام ناکرێت بڵێین ئەوە فەلسەفەیە. ئەوە لەشێوازێکی شیعریدا، تەعبیری لەئەندێشەیەکی فەلسەفی کردووە.

بەوجۆرەی ئەمڕۆ باسی فەلسەفە دەکرێت، بەشێوەی ئەکادیمیی و زانکۆکان و خوێندن و نووسینی جیدی، ئێمە لەقۆناغێکی سەرەتایداین.

هاوڵاتى: ئەگەرچی کتێبخانەی کوردی خاڵی بووە لەپەرتوکی فەلسەفی و نووسەرانی کورد کەمتر سەروکاریان لەگەڵ فەلسەفەدا هەبووە، کەچی کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە حەزی بەوە بووە بەرگی فەلسەفەو نازناوی فەیلەسوف بکاتەبەرو بداتە پاڵی کەسە بەهرەمەندەکانی(وەک شاعیر و نووسەر و مێژوونوسەکانی). بۆ نمونە ئێمە هەر کاتێک ناوی کارەکتەرە گەورەکانی دنیای رۆشنبیری کوردی دێنین، وەک:(ئەحمەدی خانی و پیرەمێرد و..... هتد)، رێک و راست نازناوی فەیلەسوفێکیان دەدەینە پاڵ . ئەمە لەکاتێکدایە ئینگلیزەکان بەشکسپیر ناڵێن فەیلەسوف و ئەڵمانەکان گۆتە وەک فەیلەسوف ناناسێنن. کەچی ئێمەیەک کە نە حەزمان بەفەلسەفە هەبووەو نە سەروکارمان لەگەڵیدا هەبووە، کوشتەی ئەوە بووین بەرگی فەیلەسوف بکەین بەبەری قەڵەم بەدەست و بەهرەمەندەکانماندا(وەک ئەوەی مەسعود محەمەد فەیلەسوفە و......هتد)؟

د.محەمەد کەمال: بەڵێ.. ئەڵمانییەک بەگۆتە ناڵێت فەیلەسوفە، چونکە دەزانێت فەلسەفە چییە.. بەڵام ئێمە نازانین فەلسەفە چییە، بۆیە پیرەمێرد دەکەین بەفەیلەسوف. ئێمە نازانین فەیلەسوف کێیە؟ لەکوردێک بپرسە، بۆچی پیرەمێرد فەیلەسوفە؟ هەرگیز ئەم پرسیارانەمان لەخۆمان نەکردووە. یان بۆچی ئەحمەدی خانی دەکرێت بەفەیلەسوف و بۆچی ناڵێین شاعیر؟ ئەمانە هەمووی دەرگیری تێنەگەیشتنی ئێمەیە، لەواتاو مانای فەلسەفە. بۆیە ئەو هەڵەیە دەکەین و بەبڕوای من هەڵەیە.

هاوڵاتى: تاچەندە بڕوات بەفەلسەفەی ئیسلامی هەیە؟ ئایا شتێک هەیە ناوی فەلسەفەی ئیسلامی بێت، یان ئەمە فێڵێکە نووسەرانی ئیسلامی لێمانی دەکەن.. ئەوەی هەیە فەلسەفەی خۆرهەڵاتیە، بەڵام ئەوانە بەفەلسەفەی ئیسلامی دەیناسێنن؟

د.محەمەد کەمال: ئەوە پرسیارێکی زۆر جوانە، چونکە بەبڕوای من فەلسەفەی ئیسلامی نییە. فەلسەفەی ئیسلامی وەکو ئەوە وایە بڵێی، چوارگۆشەیەکی بازنەیمان هەیە کەشتی وانییە. چونکە ئەگەر بیرکردنەوەیەک ئیسلامی بێت، پێویستە بیرکردنەوەیەکی ئایینی بێت و نابێت نادینی بێت.

ئەو فەلسەفەیەی کەهەیەو هەندێ لەموسڵمانەکان دایانهێناوە(من پێی دەڵێم فەلسەفەی موسوڵمانەکان، یان فەلسەفەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود رۆژهەڵات)، زۆر لەئایین دوورەو لێی جیاوازە. هەربۆیە پێی دەوترێت فەلسەفە. ئەو کێشانەی کەسانی وەک:(کندی و فارابی و ئیبن سیناو سوهرەوەردی و مەلا سەدرا) باسی دەکەن، فەلسەفەییانە باسی دەکەن و لەڕوانگەیەکی ئایینەوە باسی ناکەن. ئیبن سینا کەباسی خودا دەکات، هەر زۆر لەخودای ئیسلام جیاوازەو خوایەکی ئەفلاتونی نوێیە. خودایەکی ئیسلامی نییە، لەبەرئەوە تۆ ناتوانین بڵێیت ئیبن سینا فەیلەسوفێکی ئیسلامییە.

کێشەیەکی زۆر فەلسەفی ئیبن سینات بۆ باسکەم. کەهەندێ جار بۆ موسڵمانەکانی باس دەکەم، سەرسام دەبن.

ئێمە دوو جۆر زانینمان هەیە:(زانینی هەمەکی، وەک ئەو چەمکە هەمەکیانەی هەمانەو دەڵێین مرۆڤ)، مرۆڤ چەمکێکی هەمەکییە لەبیرکردنەوەی ئێمەدا . دەزانین مرۆڤ هەیە، بەڵام کەمن دەڵێم مرۆڤ، ناڵێم(شوان ئەحمەد)، چونکە (شوان ئەحمەد) هەندەکییە، تاکە. لەکاتێکدا مرۆڤ هەمەکییە، چەمکێکی هەمەکییە. کەواتە دوو جۆر زانینمان هەیە:(هەمەکی و هەندەکی) کە بەعەرەبی پێی دەڵێن(کلی و جزئی).

هاوڵاتى: بەڵێ، (گشت و بەش)...

د.محەمەد کەمال:  ئێمە زانینی هەندەکی لەڕێی هەستکردنەوە دەناسین. من لەڕێی ئەزمونی هەستەکیەوە دەتوانم تۆ بناسم. تۆش بابەتێکی هەندەکیت، نەک هەمەکی. بۆچی من تۆ دەناسم، لەبەرئەوەی ئەزمونی هەستەکیم هەیە. ئەزموونی هەستەکیم هەیە، لەبەرئەوەی لەشم هەیە. گەر لەشم نەبوایەو رۆحێکی پەتی بوومایە، نەمدەتوانی تۆ بناسم، لەڕێی ئەزموونی هەستەکیەوە.

جا ئیبن سینا لێرەدا دەڵێت:(خودا ئەزموونی هەستەکی نییە، چونکە خودا لەشی نییە. گەر خودا ئەزموونی هەستەکی نەبێت، بابەتە هەندەکیەکان ناناسێت). کەواتە خودا نازانێت ئیستا من و تۆ -شوان ئەحمەد و کەمال -، لێرەدا دانیشتووین و باسی بوونی ئەو دەکەین. ئەو تەنها بیرۆکە هەمەکیەکانی لایە، وەکو مرۆڤ. خودا دەزانێت بوومەلەرزە وەک چەمکێکی هەمەکی هەیە، بەڵام نازانێت دوێنێ شەو لەکوردستان بوومەلەرزەیەک روویداوەو ئاگای لەوە نییە.

دەی ئەمە لەکوێدا دینییە؟ ئەمە دین هەڵدەوەشێنێتەوە...ئەمە هەرچی کێشەی قیامەت و بەهەشت و جەهەنەمە، هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە خودا نازانێت من و تۆ چی دەکەین لێرە. ئەمە جۆرێکە لەبیرکردنەوەی فەلسەفەی ئیبن سینا. گەرتۆ ئەمە بەئیسلامی دابنێیت، ئیسلام دەکەوێتە مەترسیەوە. وانییە؟ لەبەرئەوە تۆ ناتوانیت بڵێیت:(ئەمە فەلسەفەیەکی ئیسلامییە). دەتوانیت بڵێیت ئەمە فەلسەفەی موسوڵمانێکە. جا تاچ رادەیەک ئیبن سینا موسوڵمانە، ئەوە نازانین. لەبەرئەوەی ئیبن سینا بەسێکس و بە مەی کۆچی دوایکردووە. واتە کابرا ئەوەندە سێکسی کردووەو ئەوەندە مەی نۆشیوە، کوشتویەتی.

هاوڵاتى: ئەدۆنیسی شاعیر زۆرجار باس لەوەدەکات - چ لەنووسین و چ لەگفتوگۆکانی- داو ئەوانەی لەچوارچێوەی شارستانیەتی ئیسلامیدا ژیاون (وەک بیرمەندو فەیلەسوف و ئەدیبانی بلیمەت و بەهرەمەند)، تێکڕایان زەندیق و بێباوەڕبوون، بەڵام بەپەنهانی و ئاشکرایان نەکردووەو بەبەرهەم و نووسینەکانیانەوە دیارەو ناکرێت وەک مرۆڤی ئیماندار سەیربکرێن؟

د.محەمەد کەمال: لەڕووی دینەوە راستە. ئەی بۆچی مەلاکان تەنگیان بەمەلا سەدرا هەڵچنی، لەئەسفەهان راویان نا؟ چوو دەساڵ لەلادێیەکدا خۆی شارداوە، لەترسی مەلاکان. سەیری ئەو بیرۆکەیەی بکە (الحرکه الجوهریه). من ئێستا کتێبێکم هەیە بەئینگلیزی لەلەندەنە لەژێر چاپدایە، هەر بەناوی(گۆڕانی جەوهەری، لەلای مەلا سەدرا). دوا بەشی کتێبەکە ئاکامەکانی ئەو بیرۆکەیەیە:(گەر هەموو شتێک بەجەوهەرەوە لەگۆڕاندا بێت، شوناس چی لێدێت؟ یاساکانی کۆمەڵ چییان لێدێت؟ شەریعەت چی لێدێت؟ ئایین چی لێدێت؟). وانییە؟

چونکە ئەوە شتێکی رادیکالە... دەی گەر کابرا موسوڵمان و ئیسلامی بێت، چۆن وابیردەکاتەوە کەبڵێت هەموو شتێک لەگۆڕاندایە؟ لەبەرئەوە بڕواناکەم فەلسەفەیەک هەبێت پێی بوترێت ئیسلامی، بەو شێوەیەی کەدەڵێیت شەریعەتی ئیسلامی.

هاوڵاتى: چ وەک نووسین و چ وەک وەرگێڕان، گرنگیتان بەدوو پۆل فەیلەسوف و قۆناغی فەلسەفی داوە، یەکێکیان ئەوانەنن سەر بەفەلسەفەی کۆنی یۆنانن(ئەفلاتون، ئەریستۆ، ئەفلاتۆنیزمی نوێ)، پۆلێکیشیان ئەوانەن کەسەر بەفەلسەفەی مۆدێردنن(سپینۆرا، کانتـ، هیگڵ، نیشتە، هایدیگەر، سارتەر).

لەشەشەم بەشی کتێبەکەی (نیشتە و پاش تازەگەری)یشدا، باس لەپۆلێک لەفەیلەسوفانی پۆست مۆدێرن دەکەیت(ئەڵبەتە زۆر بەکورتی)، وەکو:(دۆڵۆز، فوکۆ،، لیوتارد، بۆدریار، دێریدا). بەتەما نین وەک پرۆژەی داهاتووتان بەشێوەیەکی ورترو بەرفراوانتر، نووسینتان لەسەر بیرمەندانی پۆست مۆدێرن هەبێت؟

د.محەمەد کەمال: ئەڵبەت من بۆ داهاتوو پرۆژەم زۆر بەدەستەوەیە، گەر تەمەن رێگە بدات. زۆر فەیلەسوف هەن ئاوڕم لێ نەداونەتەوەو حەزدەکەم لەداهاتوودا بەسەریان بکەمەوە. بۆنمونە:(فێرگەی ئەزموونگەری). وەک دەبینم لەکتێبخانەکاندا هیچمان نییە لەسەری، وەکو:(جۆن لوک و بارکلی و هیوم) کەئەمانەش زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن، لەمێژووی فەلسەفەو کێشە فەلسەفیەکان.

من حەزدەکەم بەجددی ئاوڕێک لەوانە بدەمەوە، ئاوڕێک لەپۆست مۆدێرنەکان بدەمەوە. بەجددی ئاوڕێک لەهەندێ فەیلەسوفی گرنگی دیکەش بدەمەوە. بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر تواناو ئەوکاتەی هەمە بۆ نووسین. هیوادارم بتوانم لەداهاتوودا، بەرهەمی زیاترم هەبێت.

هاوڵاتى: ئێمەش هیوای بەردەوامی و تەمەن درێژیت بۆ دەخوازین.. سوپاست دەکەم و ماندووم کردن.

- سوپاس بۆ ئێوەش.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار