تاکەی جەستەی گەریلاکانی پەکەکە بە لەت لەت کراوی ببینین ؟
5 ساڵ لەمەوپێش
هۆشیارجەمال
پێشتر جارجار گوێبیستی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەبووین بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە، لە زنجیرە چیای قەندیل و دواتر هەواڵی شەهیدبوونی گەریلایەک یان چەند گەریلا بڵاودەکرایەوە، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەوەیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا فرۆکەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە ئاشكرا سنوری بۆردومانەکانیان فراوان کردوە، نەک هەر قەندیل بەڵكو لە شەنگال و دهۆک و شاخی ئەزمەر و سنوری رانیە و قەڵادزی و لە نوێترن بۆدرومانیشدا لە سنوری قەزای ماوەتی سەربە پارێزگای سلێمانی هێرشکردۆتە سەر ئوتومبێلێکی گەریلاکانی پەکەکە، جەستەی لەت لەت بووی گەریلاکان ناخی هەموو کوردێکی بەشەرەف دەهەژێنێت>
بەردەوامی هێرشەکانی ئەم دەوڵەتە داگیرکەرە وای کردوە نەک هەر گەریلاکانی پەکەکە لە هەر بۆردومانێکدا گریمانەی ئەوە بکرێت کە سەرکردەی باڵای ئەو حیزبەش،شەهیدبکرێت، کە ئەمەش نیشانەی چالاکبوونی بێ سنووری دەزگای هەواڵگری تورکیایە لە باشوری کوردستان. ئەم دۆخەی هاتۆتە ئاراوە بەرئەنجامی شکستی حوکومڕانی کوردیە لە باشوری کوردستان چونکە هێرشکردنە سەرخاکی وڵاتێكی تر پێشێڵکردنی هەموو بەها دەستوری و بڕگە یاسایە نێودەوڵەتیەکانە، کەچی دەسەڵاتداری باشور نەک هەربێ دەنگ و بێ هەڵوێستن، بەڵكو ڕێگایانداوە بەدرێژایی زیاتر لە (٣٥)کیلۆمەتر لەناوخاکی هەرێمدا هێزەکانی تورکیان بوونی هەبێت و چەندین بارەگایی کردۆتەوە، لە دوای ساڵی (٢٠١٧)،وە هەر هێزێکی تورکیا هاتبێتە هەر ناوچەیەکی باشوری کوردستان ئامادە نەبووە بەجێی بهێڵێت، ئەم هێزانە بەردەوامیشن لەسەر پێشڕەوی کە زۆرجار جگە لە شەهیدکردنی گەریلاکانی پەکەکە هاوڵاتیانی ناوچەکەشی کردوە بەقوربانی و زەرەر وزیانی گیانی و ماڵیان لێداون. لەت لەت بوونی جەستەی گەریلاکان بەردەوام دەبێت، چونکە ئەم دوو حیزبەی لەباشوری کوردستان حوکمی رەهای کوردستان دەکەن، تاوەکو ئێستا گرێدراوی هەردوو وڵاتانی تورکیا و ئێرانن لە پێناو بەژەوەندی ئابوری خۆیاندا ئامادەنین گۆڕانکاری لە سیاستەی گشتی و سیاسەتی دەرەوەیاندا بکەن.
بەهۆی پارتیەوە هەژموونی تورکیا بە بەردەوامی ڕوو لەزیادبوونە لە هەرێـمی کوردستان، شەهیدکردنی بەردەوامی گەریلاکان و هێرشکردنە سەریان لەهەر جوڵەیەکیاندا، گومانیش دەخانە سەر تواناکانی باشوری کوردستان لە رووی ئەمنەیەوە. بە بۆچوونی من گرفتی گەورە نەبوونی هێزی نیشتمانیە کە لە ئێستادا هێزە ئەمنیەکانی باشوری کوردستان جگە لەوەی دابەشبوون بەسەر هەردوو حیزبدا هێزی شەخس و بەرپرسیش دروستبووە کە لە جیاتی ئینتمانی نیشتمانی ئینتمایان بۆ شەخس و حیزب یاخود بڕێک مووچەی مانگانە هەیە، لە کاتێکدا کە ئەم هێزانە شایستەی ژیانی شەرەفمەندانەن. باشترین چارەسەر بۆ کۆتایی هاتن بە شەهیدکردنی گەریلاکان گەڕانەوەیە بۆ پرۆژەی بزووتنەوەی گۆڕان و دیدگای نەوشیروان مستەفا بۆ پرسی پارچەکانی تری کوردستان، کە بریتیە لەوی پێویستە پەیوەندیەکانی باشوری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی ئێران و تورکیا لە ڕێگای حکومەتەوە بێت و لەسەر حسابی بەرژوەندی پارچەکانی ترنەبێت، چونکە باشوری کوردستان لە ژێر بەرپرسیاریتی گەورەدایە بەرامبەر پارچەکانی تری کوردستان، کە زمان و کلتورو ئاین و نەتەوەیان لە ژێر مەترسی لەناوبردندایە، پێویستە هەرچی هێزەکانی باشوری کوردستانە سەرجەمیان هێزی نیشتمانی تۆکەمە بن و هەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین بکرێت، لە جیاتی پاراستنی باخی بەرپرس و ماڵ و بەکارهێنانیان لە ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ و سەنگەرگرتن بەرامبەر هێزەکانی پارچەکانی تری کوردستان،بەرگری کردن لە سنورەکانی باشوری کوردستان ئەرکی سەرشانیان بێت و ئامادەبن بۆ هەر هاوکاریەک بۆ بەشەکانی تر و بە ئەرکی خۆیانی بزانن و پیشەکەیان بە پیرۆز بزانن.
درەنگ یان زوو لە پێناو باشوری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستانیش دەبێت ئەم پرۆژەیە هەر جێبەجێبکرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەم جۆرە سیاسەت کردنە ئەوا نەک هێرش بۆ سەرگەریلاکان بەردوام دەبێت بەڵکو ژیانی هەر هاوڵاتیەکی باشوری کوردستانیش لەمەترسیدادەبێت، هەروەها هەرکاتێک ئەم وڵاتە داگیرکەرانە بیانەویت دەتوانن ئەم خۆبەڕێوەبەریە دەستووریەی لە باشوری کوردستان هەیە و ناونراوە هەرێمی کوردستان بەهۆی لاوازی و نەبوونی پایەکانی دەوڵەتداری بڕوخێنن.