‌سه‌رکرده‌ى نیشتیمانی

5 ساڵ لەمەوپێش



به‌یار عومه‌ر

له‌ مێژوى سیاسى و کارى حیزبایه‌تى کوردا، ئه‌و سه‌رکردانه‌ زۆر که‌من که‌ خه‌مى خاک و چاره‌نوسى نه‌ته‌وه‌که‌یان خستۆته‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندى خێڵ و خێزان و بنه‌ماڵه‌ و وه‌چه‌کانیانه‌وه‌. هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کان که‌ ویستویانه‌ به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌ت بکه‌ن به‌ ئه‌وله‌ویه‌تى کاریان، نه‌وه‌کانیان ڕیسه‌که‌یان لێکردونه‌ته‌وه‌ به‌ خورى و به‌هاى خه‌باتى باوکیانیان له‌به‌ر چاوى میلله‌ت که‌مکردۆته‌وه‌.

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان به‌خته‌وه‌ره‌ که‌ منداڵى نیه‌ تا له‌ به‌هاى که‌مبکه‌نه‌وه‌؛ سه‌ره‌نجام بووه‌ به‌ یه‌کێک له‌ ڕه‌مزه‌ گه‌وره‌کانى میلله‌تى ئێمه‌. سه‌ربارى زیندانى خۆى و دوژمنایه‌تى تورکیا که‌ دووهه‌مین گه‌وره‌ترین سوپاى ناتۆیه‌، په‌که‌که‌ توانیویه‌تى به‌رگه‌بگرێت و به‌رده‌وام له‌ به‌هێزبوندابێت.

هه‌روه‌ها دکتۆر عبدالرحمان قاسملو، سکرتێرى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران که‌ ساڵى ١٩٨٩ له‌ ڤیه‌ناى پایته‌ختى نه‌مسا تیرۆر کرا. خێزانه‌که‌ى خه‌لکى وڵاتى چیکه‌ و ناوى هێلینه‌ و له‌ ناو پێشمه‌رگه‌دا به‌ نه‌سرین بانگده‌کرا، هه‌رچى پاره‌ى بانکه‌ که‌ به‌ ناوى دکتۆر قاسملۆوه‌ بوو ته‌سلیمى حزبى دیموکراتى کرده‌وه‌. له‌ کاتێکدا ده‌یتوانى وه‌سێته‌که‌ ده‌رنه‌خات و پاره‌که‌ بۆ خۆى هه‌ڵبگرێت چونکه‌ به‌ ناوى مێرده‌که‌یه‌وه‌ بوو. به‌ڵام به‌ ویستى خۆى چووه‌ دادگا و وتى دکتۆر قاسملوى مێردى وه‌سیه‌تى کردوه‌ که‌ ئه‌و پارانه‌ى به‌ ناویانه‌وه‌یه‌ له‌ بانکدا هى حزبى دیموکراته‌ و ده‌بێت دواى مردنى ته‌سلیمى حزب بکرێته‌وه‌. ئێستا حزبى دیموکرات مانگانه‌ى بۆ نه‌سرین و دوو منداڵه‌که‌ى (مینا و هیوا) بڕیوه‌ته‌وه‌.

بوونى منداڵ مافێکى سروشتى هه‌موو که‌سێکه‌، له‌ دنیاى ڕۆژئاوادا هیچ کێشه‌یه‌ک بۆ سه‌رکرده‌ دروستناکات، چونکه‌ منداڵى سه‌رکرده‌ سه‌رقاڵى ژیانى ئاسایى خۆى ده‌بێت، مه‌گه‌ر خولیاى سیاسه‌تى هه‌بێت و به‌ تواناى خۆى سه‌رکه‌وێت. به‌ڵام له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕستدا، منداڵى سه‌رکرده‌ به‌هره‌ى هه‌بێت و نه‌یبێت خۆى به‌ خاوه‌نى وڵاته‌که‌ ده‌زانێت و سامانى سه‌رزه‌وى و ژێرزه‌وى به‌ موڵکى خۆى ده‌زانێت و پێیوایه‌ له‌ باوکیه‌وه‌ بۆى ماوه‌ته‌وه‌. دواجار میلله‌ت گیرۆده‌ى ده‌ستیان ده‌بێت.

بۆ نمونه‌ له‌ ئه‌مریکادا جۆرج واشنتن و بینجامین فرانکلین و ساموێل ئاده‌مز له‌گه‌ڵ پێنج که‌سى تردا که‌ به‌ باوکى دامه‌زرێنه‌رى ئه‌مریکا داده‌نرێن (Founding Fathers)، هیچیان منداڵه‌کانیان ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رمایه‌ى مادى و مه‌عنه‌وى باوکیان و وڵاته‌کیاندا نه‌گرتوه‌ و موڵکى گشتیان داگیرنه‌کردوه‌ و وه‌ک هاوڵاتیه‌کى ئاسایى ژیاون. ئه‌مه‌ وایکردوه‌ جۆرج واشنتن و هاوڕێکانى له‌ باوکى چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ ببن به‌ باوکى هه‌موو گه‌لى ئه‌مریکا و تا ئێستاش به‌و په‌ڕى ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ یادیان بکرێته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار