عه‌بدولستار مه‌جید: مانه‌وه له‌ماڵ به‌سکى برسى و گیرفانى به‌تاڵ ناکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت: که‌ره‌نتین و مانه‌وه له‌ماڵ به‌سکى برسى و گیرفانى به‌تاڵ ناکرێت و دوو رێگه بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌و رێگرى له بڵاوبونه‌وه‌ى کۆرۆنا ده‌خاته‌به‌رده‌م حکومه‌تى هه‌رێم.
عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌مشه‌و له نوسینێکدا له ژێر ناوى "که‌ره‌نتین و مانه‌وه له‌ماڵ به‌سکى برسى و گیرفانى به‌تاڵ ناکرێ"، وتویه‌تی"به‌ڕاستى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ر بڕیارێک ده‌دات له‌برى ئه‌وه‌ى له سودى خه‌ڵک بێت، که‌چى وا ده‌رده‌که‌وێت دژبه به‌رژه‌وه‌ندى و بارگرانى بێت بۆسه‌ر شانى خه‌ڵک."
سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ ئه‌وه‌شى نوسیوه که" قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ بۆ ماوه‌ى شه‌ش ڕۆژ چى سودێکى هه‌یه؟ ئه‌ى دواى ئه‌وه چی؟ له مانگى شوباته‌وه هه‌ر خه‌ڵک ده‌که‌نه ژوره‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ پلان و هه‌نگاوێکى دیکه هه‌بێ بۆ ڕێگرتن له نه‌خۆشییه‌که‌و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی."
عه‌بدوستار مه‌جید پێشیوایه قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه ناکات، ده‌شڵێت:"خۆى له‌خۆیدا گوزه‌ران و ژیان و برسێتى و بێ‌کاری، خه‌ڵکى کوردستانى گه‌یاندۆته ئاستێک هیچى به‌لاوه گرنگ نییه‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش ڕه‌فتارو قسه‌ى به‌شێوه‌یه‌ک بوه که خه‌ڵک متمانه‌ى پێ ناکات."
عه‌بدولستار مه‌جید، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌و رێگرى له بڵاوبونه‌وه‌ى کۆرۆنا ته‌نها دو ڕێگاى هه‌یه‌و نابێ به سیان که یه‌که‌میان به بڕواى ئه‌و بریتییه له‌وه‌ى حکومه‌ت لێگه‌ڕێت خه‌ڵک کار‌و کاسبى خۆى بکات و خۆى گوزه‌رانى خۆى دابین بکات (به مه‌رجى پابه‌ندى به ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌کان) کاتێک که حکومه‌ت ناتوانێت موچه‌و بژێوى بۆ دابین بکات.
هه‌روه‌ها دووه‌م رێگه‌ش پیشانى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌دات و ده‌ڵێت موچه‌و گوزه‌ران و نان و خۆراک بۆ خه‌ڵک دابین بکرێت، ئینجا بکرێته ماڵه‌وه ""ناکرێ هیچ مافێکى نه‌ده‌یتێ و داواى ئه‌رکیشى لێ بکه‌یت ."
به‌هۆى بڕیاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆوه، خۆپیشاندان له قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان و رانییه‌و چه‌مچه‌ماڵ و قه‌ڵادزێ ئه‌نجام دراو ئه‌وانه‌ى به‌شداربوون جه‌ختیان له‌وه کرده‌وه پابه‌ند نابن به بڕیاره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و دوکانه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه.
