هه‌ردوو وه‌زیرى به‌رگى ئه‌مریکا له‌سه‌ر کوشتنى پیاوه ره‌شپێسته‌که له‌گه‌ڵ تره‌مپ ناکۆکن

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دژی بەکارهێنانی سوپایە بۆ چەسپاندنی یاسا لە خۆپیشاندانەکانی وڵات هاوکات وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر دۆناڵد ترەمپ و دەڵێت: ترەمپ خراپ دەسەڵاتەکەی بەکاردەهێنێت و دەیەوێت ئەمریکییەکان بۆ دووبەرە دابەش بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پێشتر هۆشداری دا لەوەی هێزی لەشکری دەنێرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان، بەڵام مارک ئیسپەر رۆژی چوارشەممە 3 حوزه‌یرانى 2020 له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند" بەکارهێنانی سوپا تەنیا بۆ هه‌لومه‌رجه دژواره‌كانه، ئەو هەلومەرجانەی هیچ رێگەچارەی دیکەیان نییە".
ئیسپەر لەژێر گوشاری تره‌مپ رێگەی داوه نزیکەی 1300 یەکەی لەشکری رەوانەی بنکەیەکی سەربازی لە دەرەوەی واشنتن بکرێت.
وه‌زیری به‌رگریی ئەمەریکا له پێنتاگۆن، رەخنەی لە کردارەکانی پۆلیسی مینیاپۆلیس گرت و، گیانله‌ده‌ستدانی جۆرج فلۆیدی به "کوشتن و تاوانێکی سامناک" لەقەڵەم دا.
ترەمپ پێشتر رایگه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته خۆجێیه‌كان نه‌یانتوانی كۆنترۆڵی خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن و رێگری له تووندوتیژی بكه‌ن، "هێزی سه‌ربازی و سوپا" له شاره‌كاندا بۆ رێگری له ئاژاوه و پشێوی بڵاوده‌كاته‌وه.
سەرۆکی ئەمەریکا لە وتەکانیدا رەخنەی ئەوەشی گرتبوو کە "ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌ند ویلایه‌تێك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون لەوەی ئاسایش و ئارامی دابین بكه‌ن".
جەیمس ماتیس، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا لە وتارێکیدا بۆ زە ئەتلانتیک لەبارەی سیاسەتەکانی ترەمپ بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران نووسیوویەتی: ''دۆناڵد ترەمپ یەکەمین سەرۆکە لە هەموو ژیانمدا بینیبێتم، هەوڵنەدات گەلی ئەمریکا یەکبگرێت و تەنانەت وای نیشان نادات کە هەوڵی یەکگرتوویی دەدات."
ماتیس لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، دۆناڵد ترەمپ خراپ دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت و هەروەها هەوڵدەدات ئەمریکییەکان بۆ دووبەرەی جیاواز دابەشبکات.
ماتیس نووسیوویەتیشی" ئێمە ئێستا شایەتحاڵی دەرئەنجامی سێ ساڵی خراپی هەوڵە مەبەستدارەکانی ترەمپین، شایەتحاڵی دەرئەنجامی خراپی سێ ساڵی سەرۆکایەتییەکی پێنەگەیشتووین".
لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ بە چەند تویتێک وەڵامی رەخنەکانی ماتیسی داوەتەوە و نووسیوویەتی: ''رەنگە تاکە شتێک کە من و باراک ئۆباما بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ئەوەبێت هەردووکمان شەڕەفی ئەوەمان هەبووە جەیمس ماتیس لە کارەکەی دووربخەینەوە."
ترەمپ لە تویتەکانیدا ئاماژەی بەوەشداوە، ژەنەراڵ جەیمس ماتیس، ژەنەڕاڵێکی زێدەڕۆکارە، داوای لێکردووە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پێبدات و خۆشحاڵە کە وەزیری بەرگری نەماوە.
ترەمپ دەشلێت: "ناوی ماتیس ئاژاوەچی بوو، بەڵام من حەزم بەو ناوە نەکرد و ناوەکەم گۆڕی بۆ سەگی هار".
جەیمس ماتیس لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا بوو بە وەزیری بەرگری، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018 بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەسەر پرسی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا دەستیلەکارکێشایەوە
ئێستا، هه‌زاران پۆلیس و هێزی ئاسایش له واشنتن و به‌شێكی شاره‌كانی دیكه‌ی وڵات بڵاوه‌یان پێكراوه تاوەكو ئاسایش و ئارامی دابینبكه‌ن و نەهێڵن خۆپیشاندانەکان زیاتر لەژێر کۆنترۆڵ دەربچن.
ئه‌م قسانه‌ی وه‌زیری به‌رگری له‌كاتێدان، رۆژی چوارشەممە دادگا سزای نوێی بەسەر دێرک شۆوڤین، بکوژی جۆرج فلۆید راگه‌یاند کە کوشتنی پلە دووە. کوشتنی پلە دوو لە یاسای تاوانکاریی ئەمریکادا واتا کەسێک بەبێ ئەوەی پیلانی داڕشتبێت، کەسێکی دیکە بکوژێت؛ بەوەش ئەو ئەفسەرەی پۆلیس رووبەڕووی سزای قورس‌تر دەبێتەوە و رەنگە ماوەی بەندکردنی بگاتە 40 ساڵ.
هه‌روه‌ها بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردن بۆ سێ ئەفسەرەکەی دیکەش دەرچووه كه لەکاتی کوشتنی جۆرج فلۆید، لەگەڵ دێرک شۆوڤین بوون، ئه‌وان بە تاوانی هاوکاریکردن لە کوشتنی پلە دوو دادگایی دەکرێن.
رۆژی 25-5-2020 جۆرج فلۆید، هاووڵاتییەکی رەشپێستی ته‌مه‌ن 46 له‌لایه‌ن چه‌ند پۆلیسێكه‌وه له‌شاری مینیاپۆلیس گه‌وره‌ترین شاری ویلایه‌تی مینیسۆتا ده‌ستگیركرا، به‌ڵام له كاتی قۆڵبه‌ستكردنیدا له‌ژێر دەستی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس گیانی له‌ده‌ستدا.
بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه، كه تێیدا پۆلیسەکە و فلۆید دەردەکەون، لەکاتێکدا پۆلیسەکە ئه‌ژنۆی خستووەتە سه‌ر ملی فلۆید و ئەویش دەپاڕێتەوە کە قاچی هەڵگرێت بەهۆی ئەوەی ناتوانێت هەناسە بدات، بەڵام پۆلیسەکە بێباکە لە قسەکانی و تاوەکو نزیکەی نۆ خولەک قاچی بەرزناکاتەوە. فلۆید لەژێر ئه‌ژنۆی پۆلیسەکەدا ده‌بوورێته‌وه و دواتر گیانله‌ده‌ستده‌دات. به‌هۆی ئه‌م رووداوه، زیاتر له 200 شاری ئه‌مەریكا رێپێوان و ناڕه‌زایه‌تییان به خۆیانەوە بینیوە. لە بەشێک لە خۆپیشاندانەکانیش تووندوتیژی و تاڵان و دزی کراوە.
