هه‌ست ناکه‌م په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌ندروستمان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌بێت...هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر کاک سۆران دۆسیه‌یه‌کى قورسه

محه‌مه‌د حه‌کیم، کارگێرى ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵى ئیسلامى بۆ‌هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: هاوڵاتى

کارگێڕى ئهنجومهنى سیاسى کۆمهڵ دهڵێت:» ههست ناکهم پهیوهندییهکى تهندروستمان لهگهڵ پارتى ههبێت، ههڵگرتنى پارێزبهندى لهسهر کاک سۆران دۆسیهیهکى قورسهو ئێستا یهکێک لهڕێگریهکانى ههندێ ههنگاوى پێکهوهیی بوونه لهههرێمى کوردستان».

محهمهد حهکیم، کارگێرى ئهنجومهنى سیاسى کۆمهڵى ئیسلامى لهم چاوپێکهوتنهیدا لهگهڵ هاوڵاتى ئاماژه بهوه دهدات که «لهچوار دامهزراوهی یاسایی ههرێمى کوردستان، سیانیان سهدا سهد بهدهستى پارتى دیموکراتى کوردستانهوهیهو پهرلهمانیش ئهوهى بینیومانه 70%ى بهدهست پارتییهوهیه، بۆیه سهرۆکى پهرلهمان لهو سهدا سییهش لهوانهیه ههمووى نهبێ، بۆیه بڕیارهکهى نهچووه بوارى جێبهجێکردنهوه تایبهت بهپارێزبهندى سۆران عومهر».

ههروهها دهشڵێت:» دائیمهن پارتى و یهکێتى تهبابن بۆ دابهشکردنى ملیارهکان نا، بهڵکو تهبابن بۆ بهدهمهوهچوونى خواستى هاوڵاتیان ئهوه لهبهرژهوهندى ههرێم تهواو دهبێت، بهڵام تاوهکو گرژى لهنێوانیاندا ههبێ و تاوهکو تهباشبن بۆ دابهشکردنى کێکهکه ئهوه خراپه«.

هاوکات، محهمهد حهکیم ئهوهش دووپات دهکاتهوه« نێچیرڤان بارزانى لهڕاستیدا ههوڵدهدات و بهوهناسراوه لاى ههموو لایهنهکان تهباییهک لهنێوان لایهنه سیاسییهکان ههبێ «.

هاوڵاتى: وهک کۆمهڵى ئیسلامى خوێندنهوهو تێڕوانینتان چیه بۆ ئهم دۆخهى ئێستاى ههرێمى کوردستان؟

محهمهد حهکیم:  ئهم دۆخهى ههرێمى کوردستانى تێدایه دهبێت لهچهند روویهکهوه خوێندنهوهى بۆ بکهین، لهڕووى ئابوورییهوه دوو هۆکارى سهرهکى ههیه بۆ ئهم بارودۆخه خراپهى تێى کهوتووین، یهکهم هۆکار ئهوهیه که سیاسهتى ئابورى و ههڵهى کابینه یهک لهدوای یهکهکانى حکومهتى ههرێمى کوردستان دهسهڵاتى کوردى له 92- هوه تائهمڕۆ نهیانتوانیوه ستراتیژیان ههبێت بتوانن داهاتوو چۆن موچه بۆ خهڵک دابین دهکهن.

لهگهڵ بهغداش سیاسهتى ئابوورى خراپیان ههبووه، بێمنهتى لهبهغداو ئێستاش بهسوپاسهوه بهغدا مهرجهکانى قورسن ئهگینا ههرێم ئامادهی ههموو رێککهوتنێکه.

هۆکارى دووهم ئهم ماوهیه نرخى نهوت دابهزیوه بۆ عێراقێک که له 95%ى ئیراداتى لهسهر نهوت بهستووه بهههرێمى کوردستانیشهوه دهکرێ بڵێین ههرێم له 99%ى داهاتهکهى لهسهر نهوته، ئهمه وایکردووه  ئهم دابهزینه بۆ ههرێمێکى بێ ستراتیژیهت و بێ نهخشهڕێگا ئهو دۆخه ئابووریهى دروستکردووهو نهتوانێت موچهى فهرمانبهرانى بدات و موچهخۆر نهزانێت کهى و چهند پارهى موچهکهى وهردهگرێت، ئهمه گرفتێکى گهورهیه تێى کهوتووین.

لهڕووى سیاسییهوه تائێستاش بڕیارى ریفراندۆم کاریگهرى لهسهر ههرێم ماوه لهڕووى پهیوهندیشهوه ههرێم وهکو جاران نیهو لهپێگهى پێش ریفراندۆم نییه، زۆر لهدۆستهکانى دهرهوه پێیان وت ئهو کاره مهکه دوایخه، لهسهر ئاستى وهزارهتى دهرهوهى ئهمریکا نامهى نارد ئهمانه ههمووى بێمنهت و بێ موبالات تهماشاکراو ئیتر ئهمریکاش یهکێک لهو وڵاتانهیه کهحساب نهکردن بۆى قورس لهسهر ئهو کهسه دهکهوێت، زۆریشمان بینى ئهوانهى حسابیان بۆ ئهمریکا نهکرد بهههڵه خوێندنهوهیان بۆ بڕیارو رێنمایی و قسهى ئهمریکا ههبوو تایبهت بهههرێمى کوردستان بڵێین و نهڵێین  لهبڕیارى دژهفڕین تا شهڕى داعش ئهمریکاو هاوپهیمانان پشتیوانى ههرێم بوون، بهڵام گوێنهگرتن تووشى ئهو دۆخهى کردووین، پێگهى پهیوهندییهکانمان وهکو جاران نیه، پێم وانیه ئێستا کهس منهتى بهههرێم و کوردیش بێ لهنهخشهى وڵاته زلهێزهکاندا.

له‌‌ڕووى ناوخۆییهوه به راستى کۆنگرهى یهکێتى و حساب نهکردن یان ههزمنهکردنى سهرکردایهتى نوێى یهکێتى لهلایهن پارتى دیموکراتهوه، ئهوهش دۆخێکى خراپى دروستکردووه، حکومهت و ئهم کابینهیهش دهوترێت و دهشبینرێت ههوڵدهدرێت حکومهتێکى پۆلیسى بێت، ئهمهش وایکردووه گرفت لهگهڵ لایهنێکى وهکو کۆمهڵى ئیسلامى دروستبێت، سهرۆکى حکومهت نهتوانێت تهقهبولى رهخنهى پهرلهمانتارێک بکات یهکسهر دهرگاى مهحکهمهى لێبگرێت و دواییش دۆسیهکهى بهسیاسی بکرێت، ئهوهش ئاڵۆزییهکى لهنێوان ئێمهو پارتى دیموکرات دروستکردووه.

ئهمانه کۆمهڵێ کێشهن ئهو بێمتمانهییهى لهناو لایهنه ئۆپۆزسێۆنهکان ههیهو لایهنێک نیه خهڵک ئومێدى لهسهر ههڵچنیبێت، ئهمهش دۆخێکى تازهیه.

هاوڵاتى: مامۆستا عهلى باپیر پهیامێکى بڵاوکردهوهو ههندێ چارهسهرو خاڵى گرنگ و جهوههرى تێدایه، چ وهڵامدانهوهیهکى ههبووه؟

محهمهد حهکیم: پهیامهکهى مامۆستا رهخنه ئامێزبوو بهشى خۆى رووى لهدهسهڵات بووهو تائێستاش لهلایهن دهسهڵاتهوه وهکو پێویست پێشوازى لێنهکرا، وهک خهڵک چاوهڕوان بوون بکرێته ئهساسێک و دهوڵهمهندبکرێ، مامۆستا نهخۆشییهکانى خستووهتهڕوو باسى لهگرفتهکان کردووهو ههندێ چارهسهریشى گرتووهتهڕێ و بهشى خۆشى خوێندنهوهى بۆ ههڵوێستى خهڵکى ههرێم خستووهتهڕوو.

ئهوهندهى بزانم مامۆستا دیدارى ههبووه لهگهڵ سهرۆک کۆمار خۆى باسی کردووهو وتوویهتى باشم خوێندووهتهوهو دهبێت بیکهینه وهرهقهیهک بۆ کۆکردنهوهى هێزه سیاسییهکان و کارى لهسهربکهین وهک نهخشهڕێگایهک دهبێ سودى لێوهربگرین، ههندێک لایهنى تریش پهیوهندییان پێوهکردووین و پێشوازییان لێکردووه، بهڵام وهکو حکومهت و دهسهڵات ئهوهندهى من بزانم هیچ کاردانهوهیان نهبووه.

هاوڵاتى: لهو دیدارهى سهرۆککۆمارو مامۆستا عهلى باپیر باس لهوهکراوه بهرههم ساڵح پرۆژهیهکى ههیه بۆ کۆکردنهوهى لایهنه سیاسییهکان لهسهر بنهماى قسهکانى ئهوه یان ئهوهى مامۆستا دهکاته بنهما؟

محهمهد حهکیم: دیاره دکتۆر بهرههم بیرۆکهیهکى ههبووه، بهڵام تهئیکدى لهوهى مامۆستا کردووهتهوه که شتێکى ئامادهو نووسراوه بۆ ئهوهى هێزو لایهنه سیاسییهکان لهسهرى کۆببنهوه، ئێمه گهیشتووینهته ئهو قهناعهتهو بێهیوابووین لهوجۆره کۆبوونهوانه، ئهگهر ههر کۆبوونهوهیهک ههبێ دهبێ پێشوهخت مهرجداربێ، بزانرێ چى لێ سهوز دهبێ دۆخى ههرێم و خهڵکى کوردستان و ئابورییهکهى چى لێ بهسهردێ، ئهمه لهوانهیه ههڵوێستى فهرمى حزبهکهشم نهبێ، بهڵام پێموایه ئهگهر وهک جاران بێت بێبێسووده، دهبێ لهسهر کۆمهڵێک خاڵ دابنیشین کۆى پرۆسهى حکومڕانى لهههرێمى کوردستان لهو کۆبوونهوانهدا باسبکرێت و بڕیارى تێدا بدرێت، ئهگهر دواجار بڕیار بۆ پارتى دیموکرات بێ به 60% و یهکێتیش له 40% بێ، ئهوه با خۆیان پێکهوه دابنیشن و پێویستیان بهئێمه نیه.

هاوڵاتى: سۆران عومهر دهستى لهکارکێشایهوه، ئایا هیچ گفتوگۆیهک ههبووه لهگهڵ پارتى لهسهر ئهم پرسه یا ئێوه وهکو کۆمهڵ بێهیوابوون لهبڕیارهکهى سهرۆکى پهرلهمان؟

محهمهد حهکیم: ههرێمى کوردستان چوار دامهزراوهی یاسایی ههیه، چونکه دهستورمان نیه بهداخهوه، ئهم چوار دامهزراوه سێى سهدا سهد به دهستى پارتى دیموکراتى کوردستانهوهیهو پهرلهمانیش ئهوهى بینیومانه 70%ى بهدهست پارتییهوه، بۆیه سهرۆکى پهرلهمان لهو سهدا سییهش لهوانهیه ههمووى نهبێ، بڕیارهکهى نهچووه بوارى جێبهجێکردنهوه.

کاک سۆران گفتوگۆى لهگهڵ ئێمه کردووه، نه ئهو نه ئێمه گفتوگۆمان لهگهڵ کهس نهکردووه، ئهو بڕیاره سهدا سهد ههڵقوڵاوى گفتوگۆکانى ئهنجومهنى سیاسى لهگهڵ کاک سۆران و فراکسیۆنى کۆمهڵ دراوه، وامان بهبهرژهوهندى زانى ئهو داوایهى کاک سۆران به پهسهند بزانین، ئهگهر بێ ئهمهلیش بووبێ پێموایه مافى خۆیهتى لهسهر داواو ههقى خهڵکى کوردستان هاتووهته گۆ، وێڕاى سوپاس بۆ ئهوانهى که ههڵوێستیان ههبووه، بهڵام ههڵوێسته جهماوهرییهکهم هى حزب و لایهنه سیاسییهکان زۆر دڵخۆشکهر نهبوون، چونکه کاک سۆران قوربانى داکۆکیکردنه لهمافى موچهخۆران و ستهمدیدانى کوردستان، ههڵوێستهکانى یهکێتى نیشتیمانى لهو بوارهدا ئهگهرچى لهوهیه بۆ پێگهى پهرلهمان و سهرۆکهکهشى بێ، چونکه نهکسهکه بۆ یهکێتى نیشتیمانى که پارتى و ههندێک لهپێکهاتهکان ئهو بڕیارهیان چهسپاند، ئهمه دهبێت یهکێتى ههوڵى رهدى ئیعتیبار بۆ خۆى بدات، بهڵام سهرهڕاى ئهوانه، ههر جوهدێکى یهکێتى و فراکسیۆنهکهیان و سهرۆکى پهرلهمان نرخاندومانهو سوپاسمان کردوون.

هاوڵاتى: ئێوه کۆبوونهوهتان لهگهڵ هاوسهرۆکى یهکێتى ههبووه، هیچ بهڵێنێکى ئهوهیان پێدان کهئهمه سهرناگرێت؟

محهمهد حهکیم: لهههموو ئهو کۆبوونهوانهى ئهو ماوهیه کردوومانه بهڵێ باسمانکردوهو قسهمان لهسهر کردووه، بهڵام هیچ وهعدو بهڵێنێک نیه لهسهرئهوه لهنێوان ئێمهو یهکێتى، ئێمه ئهوهمان بهیهکێتى وتووه، ئهو بڕیاره شکسته بۆ پێگهى ئێوه کهسهرۆکایهتى پهرلهمانتان لهدهسته، پهیرهوى ناوخۆ وایکردووه کهسهرۆکى پهرلهمان دهسهڵاتى کهمبێت واقیعهکه وایه، چونکه بڕیارهکان سهرۆکایهتى دهیدات، بهڵام لهدامهزراوهکانى تر کهسى یهکهم دهیدات، بۆیه پێگهو بڕیارهکانى پارتى دیاره، بهڵام سهرکردایهتى نوێى یهکێتى بۆ خۆى ههست بهوهدهکات، ئهگینا ئێمه بهدواى گرژى نێوان لایهنه سیاسییهکانى ههرێم نین، پێمان وایه دائیمهن پارتى و یهکێتى تهبابن بۆ دابهشکردنى ملیارهکان نا، بهڵکو تهبابن بۆ بهدهمهوهچوونى خواستى هاوڵاتیان ئهوه لهبهرژهوهندى ههرێم تهواودهبێت، بهڵام تاوهکوو گرژى لهنێوانیاندا ههبێ و تاوهکو تهباشبن بۆ دابهشکردنى کێکهکه ئهوه خراپه.

هاوڵاتى: رۆڵى پهرلهمان چۆن دهبینن بهتایبهتى لهئێستادا ههندێک ئهم خوله بهبێهێزترین خول دادهنێن؟

محهمهد حهکیم: بهبهرنامه دواى ئهوهى لهخولى پێشوو پارتى تووشى ئهو گرفته هات، ههتا که لهسهرۆکایهتیدا ئهوان نوێنهرێکیان ههبووه ئهو بڕیارانهى که دران کۆبوونهوهى پهرلهمان بکرێ و نهکرێ و لهسهر یاساى سهرۆکایهتى لهڕابردوو، پارتى لهوکاتهوه ههستى بهوهکردووه دهبێت لهم خولهوه واته ئهم خولهى ئێستا دهبێ ههوڵبدات لهسهرۆکایهتى پهرلهمان زۆرینه واته دوو دهنگى ههبێت ئهوهى فهراههمکردووهو بهدهستیهێناوه، لهم ههڵبژاردنهشدا ههرچۆنێک بێت (45) کورسى مسۆگهر کردووه، لهگهڵ لهههندێ لههاوپهیمانانى توانیویانه زۆرینهى پهرلهمان دروستبکهن، بۆیه لهیهکێتى نیشتیمانى بێمنهتن بهسهرۆکى پهرلهمانیشهوه، ئهمه وایکردووه پێگهو رۆڵى پهرلهمان ههستدهکهم بهمهبهست ئهو دهسهڵاته تهشریعیه ریقابیه دهورى خۆى نهبینێت.

لهخولى دووهم پهرلهمانتاربووم بهراورد بهئێستا خولى دووهم هیچ نهبێ لهڕووى تهشرعیهوه باشتربووهو هیچ خولێک بهقهدهر ئهو خولهى ئێمه یاساى دهرنهکردووه تاڕادهیهکى باشیش که ههرچهنده ئۆپۆزسیۆنیش نهبوو، بهڵام بانگکردنى وهزیرو لێپێچینهوه ههبووهو پهرلهمانتاریش لاى حکومهت رێزو تهقدیرى خۆى ههبوو، بهڵام ئێستا هیچى ئهوانه نهماوه، نه یاسا دهردهکهن، نه کۆبوونهوهیان ههیه لهڕووى چاودێرییشهوه حکومهت نهیهێشتووه بهڕۆڵى خۆیان ههستن.

هاوڵاتى: ئێوه حهوت کورسیتان ههیه لهپهرلهمان ئێستا ئێوه یهکهم حزبى ئۆپۆزسیۆنن لهکوردستان بهپێى قهباره؟

محهمهد حهکیم: ئێمه وهکو ئۆپۆزسیۆنى پهرلهمانى رۆڵى خۆمان دهبینین و پێموانیه لهناوهوه و لهدهرهوهى پهرلهمان و لهڕووى میدیایی و حزبیشهوه هیچ حزبێک نیه بهقهدهر ئێمه ههڵوێستى زیاتربێت لهخزمهتکردن و داکۆکیکردن لهمافى خهڵکى، ئێمه قسوریمان نهکردووه، بهڵگهش ئهوهتا پهرلهمانتارهکهى ئێمه بۆته قوربانى داکۆکیکردن لهمافى خهڵک، ههتا لهبهغداش دوو پهرلهمانتارمان ههیه تائێستاش یهکێکیان لهدهڤهرى پارتى کێشهى یاساییان بۆ دروستکردووه، لهخۆپیشاندانهکانى پارو پێراریش لهههولێر ئهندام پهرلهمانى ئێمهو ئهندام و دۆست و لایهنگرى ئێمه بوون ناڕهحهتکران و دواى ئهوهش هێرشى بهردبارانکرایه سهر نووسینگهى مامۆستا عهلى باپیر، ئهمانه بهڵگهى ئهوهن ئێمه بهڕۆڵى خۆمان ههستاوین، جا سهیرى ئهوهمان نهکردووه یهکهم یان دووهم هێزى ئۆپۆزسیۆنین، ههندێک ئالییهت و میکانیزمیش که حزبه ئۆپۆزسیۆنهکان لهپێشوودا گرتوویانهته بهر جێى ههڵوێستهیه، یهکێک لهوانه خۆپیشاندان بهس دهڤهرى سلێمانى بگرێتهوه کههیچ کاریگهریهکى جهزرى ریشهیی لهسهر بڕیارهکانى ناوهند کهههولێره نییه، ئهمه وایکردووه ههموومان ههڵوێستهیهک بکهین و بیربکهینهوه لهمیکانیزمى ترى فشار بۆ سهر حکومهتى ههرێم بۆ ئهوهى بڕیارهکانى لهبهرژهوهندى هاوڵاتیان بێت.

هاوڵاتى: دواى ئهو کهیسهى سۆران عومهر ئێوه هیچ پهیوهندییهکتان لهگهڵ پارتی ماوه؟

محهمهد حهکیم: نازانم ئهگهر ههندێ لهبهرپرسانى پارتى لهبۆنهو مناسهباتهکاندا پهیوهندییان لهگهڵ ئهمیرى کۆمهڵ ههبووبێ، یان سهرۆکى ههرێم که پرس و راوێژ بهلایهنه سیاسییهکان دهکات بهمامۆستا عهلى باپیریشهوه بۆ گرفتهکانى بهغدا، پهیوهندى ئێمهو پارتى ههرچهنده دواى ههڵبژاردنهکان دهستپێشخهریمان کرد مامۆستا سهردانى کاک مهسعودى کرد، ههم ئێمهش سهردانى مهکتهب سیاسى پارتیمان کرد، بهڵام ههستناکهم پهیوهندییهکى تهندروست بووبێ.

لهکۆبوونهوهیهکدا مهکتهبى سیاسى پارتى پرسییان پهیوهندى تهندروست چییه؟ منیش باسمکرد وتم ئهوهیه پهیوهندى حزبیمان جیابێ لهپهرلهمان، ئێمه پهرلهمانتارمان ئازادکردووه لهوهى چۆن داکۆکى لهمافى خهڵک دهکات، نابێ ئهم پهیوهندیه ئهوهنده شلۆق بێت بهلێدوانى پهرلهمانتارێک بشێوێ، یان ئێوه پێتان وابێ بۆ ئهوهى پهیوهندیمان ههبێ نابێ فراکسیۆن و پهرلهمانتارانمان هیچ رهخنهیهک بگرن.

ئێمه پهرلهمان و فراکسیۆنهکهمان خهڵک دهنگى پێداون بۆ ئهوهى داکۆکییان لێبکهن و نوێنهرایهتى خهڵک دهکهن، جا ئهگهر پهیوهندیتان دهوێ لهسهر ئهو بنهمایهن ئهوه زۆر چاکه دیاربوو ئهو پهیوهندییه لاى ئهوان بهوشێوهیه نهبوو، ئهگهر بهو شێوهیه بوایه دهبوو کاک سۆران و ههر پهرلهمانتارێکى تر کهداکۆکى لهمافى خهڵک دهکهن، دهبوو پارتى و سهرۆکى حکومهت که ئهندامى مهکتهبى سیاسییهو کوڕى جهنابى کاک مهسعوده نهیگهیهنێته ئهو دۆخه، پێموایه ههڵگرتنى پارێزبهندى لهسهر کاک سۆران دۆسیهیهکى قورسهو ئێستا یهکێک لهڕێگریهکانى ههندێ ههنگاوى پێکهوهیی بوونه لهههرێمى کوردستان.

هاوڵاتى: دواى ساڵێک لهکابینهى نۆیهم چ قسهیهکتان ههیه لهسهر بهڵێنهکانى سهرۆکى حکومهت، بۆ تائێستا پهیامێکى روونتان نیه؟

محهمهد حهکیم: خۆتان دهزانن ئهوه چهند مانگێکه لهکوردستان کهرهنتینهیه، ئێمه وهک کۆمهڵ شهش حهوت کۆنفرانسمان بهستووهو لهگهڵ لیژنهى باڵاى کۆنگره قسهکراوه، ئهو دوو سێ کۆنفرانسهى ماوه بکرێت و لهدواى جهژن کۆنگرهى خۆمان دهکهین، لهڕاستیدا ماوهیهکه وهک رێزێک بۆ ئهو بڕیارانهى کهههیه کۆبوونهوهى سهرکردایهتیشمان نهکردووه، ئهگینا ههقى خۆیهتى ئێمه کۆببینهوه گهرچى لهحکومهتیشدانین، بهڵام لهو رووهوه ههڵوێستێکى روون بخهینهڕوو که ئهو دۆخهى ههرێمى کوردستان ئێستا تێى کهوتووه، بهڵام ههرواش دانهنیشتووین لهگفتوگۆکانمان لهگهڵ لایهنه سیاسییهکان بهتایبهتى دووپێکهێنهرى سهرهکى که یهکێتى و گۆڕانن باسمان لهوهکردووه که کوردستان پینهو پهڕۆى ناوێ، بڕیارى پیاوانهو جهریئى دهوێ ئهم دۆخه، بۆ ئهوهى چاکسازى راستگۆیانه بکرێت نهک چهواشهکارانه.

هاوڵاتى: حکومهتى ههرێم پۆلیسییه؟

محهمهد حهکیم: وا ههست دهکرێ من ناتوانم حوکم بدهم، بهڵام قسهدهکرێت و ههندێک لهبڕیارهکانیش زۆرجار ئاوا لێکدانهوهى بۆ دهکرێت لهناوخهڵکدا، من بۆ خۆم نههاتووم لێى وردببمهوهو بۆخۆم بگهمه ئهو بڕیاره کهبڵێم پۆلیسییه، بهڵام قسهکه ههیهو لهواقیعیشدا ههندێک شت دهبینى، بهداخهوه ههندێک لهجموجوڵهکانیش ئهوهى پێوه دیاره، ئێمهش وهکو کۆمهڵى ئیسلامى ههقى خۆمانهو ئهو دۆسیهیهى کاک سۆران کهم نیهو ههموو کهس دهزانێت ئهو قسانهى کاک سۆران کردویهتى بهرانبهر سهرۆکى حکومهت ههم پهرلهمانتارى تر ههبووه خهستتر بهرانبهر سهرۆکى حکومهت کردوویهتى لهلایهنى تر ئهو ههڵوێستهى نهبووه، ههم ههندێک پهرلهمانتارى پارتى لهسهر یهکێتى لهسهر ئێمه قسهى زۆر لهوهخراپتریان کردووه، ئایا سکاڵایهکى ئێمه ههمان حسابى سکاڵاکهى سهرۆکى حکومهتى بۆ دهکرێت لهلاى حاکم و دهسهڵاتى دادوهریی ههولێر، لهکاتێکدا یاساش بۆ ههمووان یهکسانه، بهڵام لهڕاستیدا وانیه ئایا پهرلهمان بۆ بهس پارێزبهندیهکى ئهویان لابرد، شێوازى ههڵگرتنى پارێزبهندیهکهش زۆر ناشیرین بوو، چوار پهرلهمانتار بێنى بهسیانیان بڵێى کاکه ئێوه بهس بۆ ئهوهیه نهڵێن تهنها سۆرانه دهنگ بهئێوه نادهین، بۆ یهکهم جاریشه ئێمه لهژێر دهسهڵاتى پارتیدا لهسهدا سهدى دهنگهکان بهێنین.

هاوڵاتى: حکومهتى ههرێم دهیهوێ نهوت رادهستى بهغدا نهکات تهنها داهاتهکهى نهبێت پێتوایه ئهمه جۆریکه لهپاشهکشهى حکومهت و نایهوێ ئهم دۆخه بهوشێوهیه چارهسهر ببێ؟

محهمهد حهکیم: پێکهێنهرى حکومهت سێ لایهنه، بهڵام ئهوهى حکومى بهدهسته که لهسهرووى حکومهتهوهیه یهکێتى و پارتییه جهمسهرهکانى ناو یهکێتى و پارتى ئهمانه کهدهچنه بهغدا کۆمهڵێک بیرۆکهى جیاواز جیاوازى ئهم جهمسهرانهیان پێیه یانى ههموویان کۆک نین لهسهر ئهوهى چۆن مامهڵه لهگهڵ بهغدا دهکهن، ههموومان دهزانین لهناو پارتى دوو جهمسهرى بیرکردنهوه بۆ مهلهفى نهوت ههیه، لهناو یهکێتیشدا ههیه، یهکێتى راى جیاوازى ههیه لهو دۆسیهیهدا بهرانبهر بهپارتى، بۆیه ههر تیمێک ئهچن بۆ گفتوگۆ پتهو نهبێ و یهک بۆچوون نهبێ و پشتیوانى لهناوخۆ نهبێت ئهوه ناتوانێت تیمێکى سهرکهوتووبێت، ئێستا تیمى بهغدا دهزانێ چى دهکات و دهیهوێ شهقام ئاشت بکاتهوهو بڕیارهکان بهدڵى ئهوان بێ، لهناو شهقامى عهرهبیدا ناڕهزایهتیهک ههیه که بهغدا تهسلیمى ههولێر بووه، بۆیه ئێستا ئهو دهیهوێ تهسلیمى ههولێر نهبێ و ئهو مهرجى بهسهر ههولێردا ههبێ، لهبهرئهوه سهرۆک حکومهتهکانى دیکه زۆر ههوڵیاندا پاره نهنێرن، بهڵام ئهوهتا کازمى ناینێرێت و ههرچهنده پاساوهکهى دابهزینى نرخى نهوته، بهڵام دهتوانێ بۆ نمونه (100) بۆ (300) ملیار دینارێک بنێرێت تا دهگهنه رێککهوتنێک، لهبهرئهوهى بهغدا دهزانێ چۆن گفتوگۆ دهکات و بهرچاووى روونه، ئێمه ههندێ شتمان ههیه شهفاف نیه،  بۆ نموونه له 2014 حکومهت هێزو لایهنه سیاسییهکانى کۆکردهوه بۆ مهسهلهى فرۆشتنى نهوت بهسهربهخۆ، من پرسیم ئایا بڕیارتانداوه یان دهتانهوێ پێکهوه بڕیار دهدهین ئیحراج بوون وتیان بڕیارهکه دراوهو ئاگادارتان دهکهین.

لهبهرئهوهى مهحکومن بهعهقدێکى (50) ساڵه لهگهڵ تورکیاو ئهمهش ئیلتیزامێکی خستووهته سهر ههرێمى کوردستان، گهندهڵییهک لهمهلهفى نهوتدا ههیه تائێستا دهڵێن ههندێک لهبیرهکان بۆ کهسهکانن، ئهمانه کۆمهڵێک مهلهفن که روون نهبوون گفتوگۆ لهگهڵ بهغدا سهرکهوتوونابێ.

هاوڵاتى: پێتوایه چارهسهرى بارودۆخى ههرێمى کوردستان بهتایبهت لهگهڵ بهغدا لهسهر چ بنهمایهک دهکرێت؟

محهمهد حهکیم:  دهبێ ههرێمى کوردستان ههم داکۆکی بکات لهمافهکانى بهپێى دهستور ههم خۆى پابهندبێ بهدهستورهوه، لهگهڵ ئهوهدام ههموو نهوتى ئێمه بدرێت بهبهغداو موچهى فهرمانبهرانمان دابینبکرێت، چونکه دابینکردنى موچهى فهرمانبهرانى ههرێم دهبێ داخوازى یهکهمى خهڵک و حکومهت و لایهنه سیاسیهکان بێ، چى لهو پێناوهدا دهکرێ بابکرێ، ئهوهى تهنها ئێمه داکۆکی لێبکهین پاراستنى قهوارهى ههرێمى کوردستانه، قهوارهکه بهرى رهنج و تێکۆشانى شههیدان و ماندوو قوربانی خهڵکى کوردستانه، قهواره جیاوازه لهوانهى ئهوهى قهوارهکه بهڕێوه دهبهن، نابێ ئێمه ناشیرینیهکانى دهسهڵات قهوارهکهمان لهبهرچاو بخات، چونکه بهغداش ئهو وڵاته دیموکراسییه نیه کهزۆر دڵمان پێى خۆشبێ و رێگهبدهین سوپاى بێت و بگهڕێتهوه بۆ ههرێم، ههموو خهڵک دهزانێ لهعێراقیش چى باسه، جیاوازییهکانى نێوان شیعهو سوننه‌ ،ئهو سیاسهتهش تادووربێ لهئێمه باشه، لهڕووى ئابورییهوه چى نهرمییهک ههیه بینوێنن لهبهرانبهر مهلهفى نهوت بۆ دابینکردنى مووچه.

هاوڵاتى: پهیوهندى ئێوهو ئێران چۆنهو لهسهر چ بنهمایهکه دهوترێ زۆر نزیکن لهئێوهوه؟

محهمهد حهکیم: ئهو قسانه سواوه ئهوهنده وتراوه ئێران ئهوهندهى بۆ یهکێتى و پارتى ههیه، نازانم ئهگهر ههندێ برا ئیسلامیهکانمان ناحهزایهتیهکى لهگهڵ کۆمهڵى ئیسلامى ههیه ئهوه دهڵێنهوه، ههروهکو ئهو لایهن سیاسیانه وهکو یهکگرتوو وهک سۆشیالیست زۆرجار لهدواى ئهوانیشهوه ئێمه پهیوهندیمان لهگهڵ ئێران ههبووبێن، ئێران وڵاتێکى دراوسێیهو زۆرجاریش بهدهم میللهتهکهشمانهوه هاتووه، هیچ شتێکى تایبهتیمان نیه لهگهڵ ئێران.

هاوڵاتى: قسهتان لهسهر لامهرکهزیهت چیه؟ پارتى ترسى ئهوهى ههیه ئهم قهوارهیه تێکبچێ ئهگهر سهربگرێ؟

محهمهد حهکیم: پارتى ئهگهر ترسى ههیه بۆچى لهلیژنهکهى سلێمانى ئهندامى ههیهو بهشدارن، ئێمه لامهرکهزیهتمان بۆ ههموو پارێزگاکانى تریش دهوێ، بهڵام چهند ساڵێکیشه ههموو خهڵک ههستى بهوهکردووه سلێمانى لهچاو ههولێر ئیهمالکراوه، دابهشکردنى خزمهتگوزارى بهپێى قهبارهى خۆى بهسهر ههموو شارو شارۆچکهکان مافێکه نابێ هیچ ناوچهیهکى ههرێمى کوردستان ئیهمال بکرێ، ئهگهر ههر کهسێکیش قهڵسه بهجوڵاندنى ئهو مهلهفه، دهبێ بپرسێ بۆ ئهو خهڵکه گهیشتووه بهوه، ئێمه لهگهڵ جوڵاندنى هیچ مهلهفێک نین بۆ دانوستانى نێوان لایهنه سیاسییهکان، حهزدهکهین ههر مهلهفێک دهجوڵێنن بهپرس و راوێژبێ، ئێمه بۆ خۆمان ناچینه ناو بابهتێک که بۆ گفتوگۆبێ و بۆ فشارخستنه سهر یهکترى بێ، ههموو پرسێک دهچینه ناوی بۆ خزمهتکردنى خهڵکى کوردستان، دهسهڵاتدان بهئهنجومهنى پارێزگاکان ئهوه داواکارى لهمێژینهى ئێمه بووه.

هاوڵاتى: وهکو کۆمهڵ هیچ دهستگیرکراوێکى سیاسیتان ههیه که ئازاد نهکرابێ؟

محهمهد حهکیم: ههمانه تائێستاو بێسهروشوێنیشمان ههیه، بهژمارهو داتا لام نیه لهئێستادا، بهڵام ههوڵمانداوهو فشارمان کردووه بۆ دیاریکردنى چارهنووسیان.

هاوڵاتى: کۆنگرهى کۆمهڵى ئیسلامى کهى دهکرێ؟

محهمهد حهکیم: ئهگهر ئهم کهرهنتینهو وهزعه نهبوایه، لهوانهبوو ئێمه لهمانگى سێ کۆنگرهمان تهواوبکردایه، بهڵام بهبۆنهى ئهم بڕیارانهو ئهو نهخۆشییهوه کۆنگرهمان راگرت لهکۆى (12) مهڵبهند ئێمه کۆنفرانسمان لهنۆیان کردووه بهرپرسى مهڵبهند ههڵبژێردراوه بۆ سهرکردایهتى داهاتوو بهس پهسهندکردنێکى ئاشکراى پێویسته، سێ مهڵبهند ماوه لهدواى جهژن کۆنفرانسى تێدا دهکرێ و کهمێک ژیان ئاسایی ببێتهوه کۆنگره دهکهین و زۆریش زهروره بکرێ، چونکه ئێمه دهستمانپێکردوه ههر حزبێکیش دهگاته کۆنگره جۆرێک لهسستى رووى تێدهکات.

هاوڵاتى: بارودۆخى دارایی ئێستاى کۆمهڵ چۆنه، چۆن ئیدارهى دارایى خۆتان دهدهن کهحکومهت چهند ساڵێکه پشتیوانى دارایى حزبهکانى راگرتووه؟

محهمهد حهکیم: ئێمه شهش بۆ حهوت ساڵیشه هیچ پارهیهکمان لهحکومهت وهرنهگرتوهو نهماوه، ئێمه زیاتر خۆمان بچوککردووهتهوه لهرووى دارایی و مهسروفاتهوه ئهو ماوهیهى پێشوو زۆر ههوڵمانداوه بنکهو بارهگاکانمان هى خۆمان بێت و کرێمان زۆر کهمبێت، گرفتى گهورهمان پهیام و بانگهوازو ئهو کهناڵانهیه مهسروفى زۆریان دهوێ، موچه لاى ئێمه نهماوه هاوکارییهکى کهم نهبێت، ئهندام مهڵبهندو مهکتهب لهوانهیه (75) بۆ (100) ههزارێکیان ههبێ بۆ هاتوچۆو مۆبایل و ئهو بابهتانهیه، سهرکردایهتیمان ئهگهر (400) بۆ (500) ههزارێکى ههبێ، ئهوانهمان پێشترو ئێستا پهرلهمانتارن موچهیان لهحزبهوه نیهو ئیشیان پێدهکهین، ئهو پارهیهى وهرماندهگرت لهپهرلهمان لهسێیهکهوه تا نیوهى دهگهرێتهوه بۆ دارایی کۆمهڵ بهههموویهوه (30) بۆ (40) کهسێکمان ههیه کهپهرلهمانتارو وهزیرو بهڕێوهبهرى گشتى لهبهغداو کوردستانن، ئهمانه پارهکهیان مانگ ههبووه (150) ملیۆنێک کۆبووهتهوه ئیدارهى ئیشوکارى خۆمان پێکردووه، لهگهڵ داهاتى ئهو بهخشینهى کهخهڵکى خۆمان ههندێ جار روومان لهدهوڵهمهندهکان، لهخێرخوازهکان دهکهین بهتایبهتى کهناڵه راگهیاندنهکانمان و بهتایبهتى تر ئهو کهناڵانهمان هى بانگهوازن و خێرخوازین، خهڵک یارمهتى چاکیان دهدات و ئهوان بهڕێوهى دهبهن.

هاوڵاتى: مووچهى مامۆستا عهلى باپیریش پهرلهمانتار بووه لهبهغدا بهههمان شێوه دهبڕدرێت؟

محهمهد حهکیم: لهسهردهمى ئهودا لهبهغدا بهکۆى گشتى بهناوى ئهوهوه تهسلیم دهکرا (36) ملیۆن بوو بهپاسهوان و ههموویهوه، وهکو مهکتهبى سیاسى پێنج ملیۆن دینارمان بۆ بڕیبوهوهو (31) ملیۆنیشى دهگهڕایهوه بۆ دارایی کۆمهڵ و لهوێوه یارمهتى ئهو چهند پاسهوانهى دهدرا که لهگهڵیدا بوون، لهبهغداو لهههرێم هیچ حزبێک نییه لهعێراق و کوردستان لهشیعه و سوننهو لهکورد وهک ئێمهى کردبێ.

هاوڵاتى: کۆمهڵى ئیسلامى لهشێوهى ناڕاستهوخۆ دهنگیدا به ریفراندۆم، کاردانهوهى رووداوهکان لهئهستۆى ئێوهشدایه؟

محهمهد حهکیم: ئێمه ههموو ههوڵێکى خۆمان خستهگهڕ بۆ ئهوهى ئهو ریفراندۆمه دوابخات لهبهیاننامهمان، لهقسهمان، لهگفتوگۆمان وتمان نهچووین بۆ ئهو کۆبوونهوانهى لهسهرۆکایهتى ههرێم دهکرا، دواجار نهک ئێمه ههندێ کهسایهتى کوردیش بۆ نموونه وهک کاک ئاسۆس ههردى نووسهرێکهو رێزو خۆشهویستییهکى لهناو شهقامى کوردى ههیهو ههڵوێستى ئێمه ههمان ههڵوێستى ئهو بووه، یان ئهو هى ئێمه بووه، بهڵام زۆرجار پرسیارێک دهکرێ ئایا تۆ دهوڵهتى کوردیت دهوێ، ئێمه ئهگهر ئهو پرسیاره لهتاران و ئهنقهرهش لێمان بکرێ ههر دهڵێین بهڵێ ئهوه مافێکه خواى گهوره پێیداوین.

ئێمه یهکێتى هاتن بۆ لامان و لهگهڵیان دانیشتین وتمان کهرکوک لهدهستدهدهن و لهوێ مهیکهن ئهوێ زیاترینى هی یهکێتیه دیاره، بهڵام کهس بهقسهى نهکردین، دوایى بڵێى وهڵا تۆش شهریکى لهبڕیارهکهدا ئهوه وانیه، لهئهستۆى پارتى و یهکێتیه کهبڕیارهکهیاندا ئێ با یهکێتى لهکهرکوک ریفراندۆمى نهکرادایه، با یهکێتى ئهو دهنگهى زاڵبکردایه کهدژى ئهوهبوون لهو ناوچانه ریفراندۆمهکه بکرێ، ئهوکاته ئهو ناوچانهمان بهوشێوهیه لهدهستنهدهدا، ئهو ئهنجومهنه که کۆدهبوونهوه ههموویان بهرپرسیارن، بهڵام ئهوهش بهڕێژهییه ههرکهس بهڕێژهى خۆى.

هاوڵاتى: مامۆستا عهلى باپیر پهیوهندییهکى باشى لهگهڵ نێچیرڤان بارزانى ههیه ئهمه تاچهند رهنگیداوهتهوه بۆ پهیوهندییهکانى نێوان کۆمهڵ و پارتى؟

محهمهد حهکیم: لەڕاستیدا کاک نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە لای لایەنە سیاسییەکان کە هەوڵ دەدات تەباییەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەبێت، یان ئهگهر گرژییهک دروست نهبێ ئهوه شتێکى زۆر چاکه، بهڵام تائێستا کاک نێچیرڤان پابهنده بهههندێ سیستهمى حوکمڕانى و دهسهڵاتهکانى ناو پارتى دیموکراتى کوردستان، دیاره شێوازێکى بڕیاردان لهناو پارتى ههیه وادیاره تائێستا کاک نێچیرڤان پێوهى پابهنده، بهڵام ئهمه وامان لێناکات بێ ئینساف بین بهرانبهر بهوهى زۆرجار لهگرژییهکان لهنێوان ههموو لایهنهکان به یهکێتى و پارتیشهوه لهوانهیه راى کاک نێچیرڤان جیاوازبێ، من لهمهسهلهى سۆران عومهردا ناتوانم زوڵمى لێبکهم دیاره سیستهمێکى بڕیاردان ههیه لهناو پارتى جا کاک نێچیرڤان یان تێیدایه لهبڕیارهکه یان پێوهى پابهنده.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار