ئەپیکور دوو مەرج بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت دادەنێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ، ناسراو بە "ئەپیکور" دوو مەرج بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دادەنێت.

ئەپیکور، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە راگەیەندراوێکدا گوتى "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور خواستی خۆمان دووپات دەکەینەوە دەستبەجێ هەناردەى نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە دەستپێبکەینەوە". ئەپیکور لەمبارەیەوە مەرجى داناوە و دەڵێت "هەر کاتێک رێککەوتنێکی نووسراو بێتە ئاراوە".

ئەپیکور، ئاماژەى بەوەشکردووە، چەند مانگێکە رێککەوتوون لەسەر هەماهەنگی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیاى سۆمۆوە.

کۆمەڵەکە، پێشنیازیش دەکات کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان شایستەى داراییان بەشێوەى نەختینە لەگەڵ گەیشتنى نەوتەکە بە بەندەرى جەیهانى تورکیا وەربگرن، دەشڵێت ئەم رێکخستنە دڵنیایی دەدات کە هەموو لایەنەکان مافەکانیان بە شەفافى و خێراترین شێوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی گرێبەستەکاندا وەربگرن.

پێشتر لەمبارەیەوە ناکۆکى لەنێوان ئەپیکور و وەزارەتى نەوتى عێراقدا هەبوو، بەجۆرێک ئەپیکور داواى دەکرد لەگەڵ بەرهەمهێنانى نەوتەکەدا شایستەى دارایى خۆیان وەربگرن، لەبەرامبەردا وەزارەتى نەوت داواى دەکرد پاش فرۆشتنى نەوتەکە لەلایەن سۆمۆوە ئینجا شایستە داراییەکانیان پێبدرێت.

ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بیانی بوارى نەوت پێکهاتووە و 60%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش راگرتنى هەناردەش ئێستا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار