کەرکوک، هەولێرو دهۆک لەفکری بەهەرێمبوونی سلێمانیدا
4 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان، بەکەرکوکی کێشە لەسەریشەوە، بەدەستوری هەمیشەیی عێراق دیاریکراوەو نیوەی داوە بەئیدارەی حکومەتی هەرێم و نیوەکەی تریشی بەمادەی سەدوچل خستۆتە سەر ئیدارەی حکومەتی مەکەزی بەغداو گرەوی راپرسییەکەوە کە پانزەساڵە و ئەو راپرسییە نەکراوە، نوێنەرانی کورد لەبەغداو لە هەرێمیش فەرامۆشیانکردوەو فشاری جێبەجێکردنیان نەکردوە، لەباسکردنیشی بونەتەوە، هەمو ئاماژەکان پێماندەڵێن دەستیان لێشتوە دوای ئەزمونی بیست و نۆ ساڵی حوکمڕانی هەرێم و هەڤدە ساڵی حوکمڕانی کورد لەبەغدا، گەمژەییە بیر لەوەبکەینەوە بەو سیاسەت و ستراتیجەی حزبە کوردستانییەکان پیادەی ئەکەن بتوانین کێشەی خاک و سنوری جوگرافی شارەکانمان، چارەسەر بکەین، لەوەش گەمژەییتر بەردەوامییە بەو سیاسەتەی وەک بەنگ هەموو خەڵکیان پێ بێهۆش کردووە، هەر ئەو بێ هۆشییە وایکردوە خوێنەوارە حزبییەکان هەڵەکانی رابردو نەبینن و ئایندەی رووداوەکان، ناوەرۆکی کێشەکە و چارەسەر نەبینن و نەخوێننەوە. لەحەڤدە ساڵی حوکمڕانی عێراقی نوێدا، دەیان جارو پێکەوە و بەجیا لەلایەن دەیان وڵاتی زلهێزو تەنانەت لەلایەن تورکیا بەجیا و یونامی بەجیا، پێشنیازی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک بۆ نوێنەرەکانی کورد کراوەو هەموو جارێکیش پاڵپشت بەهەندێ شیعاری نامەوزوعی و نادەستوری، رای گشتی کوردیان لێ هانداوەو فکرەکەیان لەباربردووە . ئێستا دەرکەوت کەنوێنەرەکانی ئەو حزبانە کە بەناوی کوردەوە شیوەنی شیعاراتی کوردەوارییان ئەکرد، لەپێناوی هەریسەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و خێزانە سیاسییەکانیاندا بووە، نەک بەرژەوەندی باڵای خاک وخەڵکی کوردستان . ئاسانترین پرسیار ئەوەیە ئەگەر کەرکوک لەپێش شانزەی ئۆکتۆبەرو ساڵانی پێشوو بە رەزامەندی بەغداو پشتیوانی نێودەوڵەتی بکرایە بەهەرێمێکی سەربەخۆ، دەستورێکی بۆ بنووسرایەتەوەو ئیمتیازەکانی هەرێمی لەعێراقدا بەپێی دەستوری عێراق وەربگرتایە، راپرسی و رای خەڵکی هەر بەپێی ئەو دەستورە بکردایە بەبنەمای دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ سەربەخۆیی یان لکاندنی بەهەرێمی کوردستانەوە، ئایا کەرکوک و کوردو کوردستان لەهەموو روویەکەوە زەرەری دەکرد یان ئێستا زەرەری کردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەسە بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە، کەرکوکیان بەو دەردە برد بافریای هەولێرو دهۆک و سلێمانی بکەوین! لەو فریا کەوتنەدا کەرکوکیش بەهەمان پرۆژەی بەفیدراڵیکردنی شارەکانی هەرێم ئەخەینەوە سەر باس و هەمان خەبات و هەمان داوا پێکەوە بۆ کەرکوکیش ئەکەین. بڵاوبونەوەو تەبەنیکردنی ئەم فکرە سیاسی و ستراتیژییە گۆڕانکارییەکی ریشەیی گەورەیە لەگوتاری گەلی کوردستاندا، مێژوی سەد ساڵی بیری سیاسی و حزبایەتی کورد ئەگۆڕێ و ئەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەدوایدا گۆڕانکاری گەورە لەکایەکانی ژیانی کودەواریدا، ئەکات، دەمانخاتە سەر رێگەیەکی راستی خەباتی دەستوری و یاسایی کەهیچ هێزێک لەدنیادا بەمەرکەزی عێراقیشەوە ناتوانێ دەستەواژەکانی یاخیبوون و بێ قانونی بخاتە پاڵمان، مافی چارەنووسیشمان ئەداتە دەست خەڵکی خۆمان و راپرسی گشتی و بۆ هەتایە لەدەستی بەرژەوەندی حزب و کاست و ماڵباتی سیاسی دەریدەهێنێ. ئێمە کەدەستمان داوەتە پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانی، ئەو پرۆژەیە وەک وێستگەیەکی خەباتێکی فکری و ستراتیژی بۆ ئایندەی کوردو هەموو شارەکانی کورسستان دەبینین، بەڵام لەڕووی دەستورو یاسا بەرکارەکانی عێراقەوە، دانیشتوانی پارێزگایەک ناتوانن لەبری پارێزگاکانی تر هەمان داوا و پرۆژە پێشکەش بکەن، بەئەرکیشی ئەزانین بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەمان و گۆڕانکاری سیستەمی حوکمڕانی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوانیش داوایان لێبکەین پشتیوانمان بن و تەبەنی هەمان پڕۆژە بۆ دیاریکردی چارەنووسی خۆیان لەکەرکوک ، هەولێرو دهۆکدا، بکەن و ئێمەش پشت و پەنای ئەوانین . ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی بیری کۆن و کۆنەپەرستی ، بەگژاچونەوەی رژێمی گەندەڵ و نادادی و بەرژەوەندیەکانی خێزان و کاستە سیاسییەکان، گۆڕانکاری گەورە لەکۆمەڵگەدا، زەمینەو زەمینی نوێ، بیری سیاسی نوێ و هیمەتی نەوەی نوێی ئەوێ . رێگەش دورو دژوار بێت یان نا، لەهەنگاوێکەوە دەستپێدەکات.