نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ماکرۆن کۆدەبێتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سبەینێ چوارشەممە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بەغدا کۆدەبێتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ماکرۆن بڕیاریداوە سەردانی عێراق بکات.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، جیاواز لە سەردانەکانی پێشووتری سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەمجارەیان ماکرۆن پلانی نییە سەردانی هەولێر بکات، بەڵام چاوەڕێدەکات سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا بۆ بینینی ماکرۆن.

هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و ساڵی رابردوو لە سەرەتاکانی مانگی تەممووز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ لە فەرەنسا لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازیی لێکرا.

ماکرۆن تەنیا یەک رۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە. بابەتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراقی پرسی سەروەریی خاکی عێراق دەبێت، کە چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەنێو خاکی عێراق و سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بێت کە بەم دواییانە چەند جارێک بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

لەکاتی دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، ئیمانوێل ماکرۆن لەرێگەی دۆمينيك ماس، كۆنسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان نامەیەکی پیرۆزبایی گەیاندە نێچيرڤان بارزانى.

لە نامەکەدا ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاندبوو "دەستبەكاربوونتان قۆناخێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عێراق كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەوایيی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاريه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان كە فەرەنسا پشتگیریی تەواوی لێدەكات".

سەرۆکی فەرەنسا جەختیکردووەتەوە، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت و گوتبووی "فەرەنسا و كوردستانی عێراق لەڕێگەی پەیوەندیی مێژوویييه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار