حکومه‌تى هه‌رێم بڕیاریدا وه‌رزى یه‌که‌مى ساڵى نوێى خوێندن به ئۆنلاین بێت

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دواى کۆبونه‌وه‌ى به رێگاى ڤیدیۆ کۆنفرانس ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بڕیاریدا وه‌زرزى یه‌که‌مى ساڵى نوێى خوێندن به ئۆنلاین بێت.
ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى حکومه‌تى هه‌رێم:
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2020/9/2 مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به به‌شداریى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ، سه‌رپه‌رشتى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانى کرد که تایبه‌ت بوو به تاووتوێ کردنى بژارده‌کانى ده‌ستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن 2020-2021 له ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌کانى خوێندنى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵا له ھه‌رێمى کوردستان .
له ده‌ستپێکى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ، هه‌ر یه‌ک له ئالان حه‌مه سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده و عه‌بدولحه‌کیم خه‌سرۆ سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون ( له جیاتى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی) ڕاپۆرتێکى به‌رفراوانیان ده‌رباره‌ى چۆنێتى و ئه‌گه‌ر و بژارده‌کانى ده‌ستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن خسته‌ڕوو به له‌به‌رچاوگرتنى ڕێکاره‌کانى خۆپارێزى و ڕینماییه ته‌ندروستییه‌کان.
دواتر سامان به‌رزنجى وه‌زیرى ته‌ندروستى ڕاپۆرتێکى هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ دۆخى ته‌ندروستى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان ئاماره‌کانى په‌تاى کۆرۆنا( کۆڤید 19) و پێشھات وئه‌گه‌ره‌کان خسته‌ڕوو .
دواى تاوتووێ کردنى هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان و به هۆى به‌رده‌وامیى ته‌شه‌نه‌کردنى ڤایرۆسى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان و له پێناوى به‌رده‌وامیدان به پرۆسه‌ى خوێندن وفێرکردن و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى قوتابیان وخوێندکارانى ھه‌رێمى کوردستان و له‌سه‌ر پێشنیارى وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا وه‌رزى یه‌که‌مى ساڵى نوێى خوێندنى 2020-2021 به شێوه‌ى خوێندنى ئه‌لیکترۆنى ده‌ست پێ بکات ( جگه له قۆناغى دوازده‌ى ئاماده‌یی) و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانیشى ڕاسپارد له چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆیان ڕێنمایى و ئاماده‌کاریى پێویست بکه‌ن بۆ ڕاگه‌یاندنى رۆژژمێرى وه‌رزى یه‌که‌مى خوێندن له گشت ناوه‌نده‌کانى خوێندن و دیاریکردنى یه‌که‌م ڕۆژى ده‌ستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن به شێوه‌ى ئه‌لیکترۆنی. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌ره‌ڕاى دووپاتکردنه‌وه‌ى گرنگیى پابه‌ندبوونى ھاووڵاتیان به ڕێنماییه‌کانى خۆپارێزیى له کۆرۆنا که به‌داخه‌وه له ته‌شه‌نه‌کردندایه، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیشى ڕاسپارد که ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌کانیان له‌مباره‌یه‌وه ڕێکبخه‌نه‌وه و به ھامه‌ھه‌نگیى له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى به‌رده‌وام بن له ھه‌ڵمه‌ته‌کانى ھۆشیارکردنه‌وه‌ى خۆپارێزیى و وه‌زاره‌تى دارایى وئابوورى و سه‌رۆکایه‌تى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش، ڕاسپێردران کار بکه‌ن بۆ دابینکردنى پێداویستى دارایى بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه به ھه‌ماھه‌نگى ھه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى .

