ماکرۆن بۆ به‌رهه‌م ساڵح: به‌رده‌وام ده‌بین له پشتیوانى کردنى عێراق

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
کۆبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆک کۆمارى فه‌ره‌نسا له کۆشکى سه‌رۆکایه‌تیى کۆمار له به‌غدا کۆتاییهات، سه‌رۆک کۆمارى عێراق جه‌ختى لێکرده‌وه عێراق نابێت ببێته گۆڕه‌پانى ململانێى وڵاتان.
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2ى ئه‌یلولى 2020 ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆک کۆمارى فه‌ره‌نسا گه‌یشته به‌غدا و له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆککۆمارى عێراق له کۆشکى به‌غدا پێشوازیى لێ‌کرا، دواى کۆبونه‌وه‌یان کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا.
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمارى عێراق دواى به‌خێرهاتنى ماکرۆن، له پرێس کۆنفرانسه‌که‌دا رایگه‌یاند: "ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانمان به‌هێز بکه‌ین، رۆڵى فه‌ره‌نسا له پشتیوانیکردنى عێراق له شه‌ڕى تیرۆردا به‌رزده‌نرخێنین له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا فه‌ره‌نسا رۆڵى نایابى هه‌بوو، به‌ڵام عێراق هێشتا پێویستى به هاوکارییه".
سه‌رۆک کۆمارى عێراق ئه‌وه‌ى خسته‌روو که "ده‌بێت وڵاتان به‌رده‌وام بن له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر له عێراق و ناوچه‌که، به‌تایبه‌ت کار له‌سه‌ر بڕینى سه‌رچاوه‌ى داهاتى گرووپه تیرۆریستییه‌کان بکرێت".
به‌رهه‌م ساڵح راشیگه‌یاند"واژۆکردنى ژماره‌یه‌ک گرێبه‌ست له داهاتوودا راده‌گه‌یێنین به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوو وڵات له‌رووى ئابورییه‌وه".
سه‌رۆک کۆمار وتیشى:" ناوچه‌که پێویستى به سه‌قامگیرییه، عێراقیش ده‌بێت وه‌ک وڵاتێکى سه‌ربه‌خۆ، خاوه‌ن بڕیار و سه‌روه‌ریى ته‌واو رۆڵى میحوه‌رى بگێڕێت له ناوچه‌که، عێراق نابێت ببێته گۆڕه‌پانى ململانێى وڵاتان".
ئیمانیۆل ماکرۆن سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا له کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا رایگه‌یاند: "هاتووم پشتیوانیى فه‌ره‌نسا بۆ عێراق دووپات بکه‌مه‌وه".
ماکرۆن باسى له‌وه‌شکرد عێراق به قۆناغێکى هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى عێراق ئه‌م قۆناغه راگوزه‌ره به‌باشى و هاوکاریى یه‌کدى تێپه‌ڕێنن، "عێراق ده‌بێت به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه به‌هێز بکرێت".
ماکرۆنیش جه‌ختى له به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى پاریس و به‌غدا کرده‌وه و وتیشى: "عێراق پێگه‌یه‌کى مێژوویى و ستراتیژیى هه‌یه، ده‌مانه‌وێت به‌رده‌وام پێکه‌وه کار بکه‌ین".
بڕیاره ماکرۆن له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان کۆبونه‌وه ئه‌نجام بدات و دواتر بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته‌که‌ى.

