حزبەکان فەیسبووکیان کردووە بەزێراب

ئاکۆ عه‌باس ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی ئاکۆیان بۆ ‌هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین-هاوڵاتى

 

ئاکۆ عهباس ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی ئاکۆیان نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەدۆخی سیاسی و ئابوریی کوردستان و رەخنەش لەحزبەکان دەگرێت کەدوای شەڕی ناوخۆ شەڕیان لە فەیسبوک دەستپێکردووە.

ئاکۆ عهباس ئاغا دەڵێت «ئێستا شەڕی ناوخۆ نەماوە، بهڵام حزبەکان فهیسبوکیان کردووەتە زێراب و ههموو شتێکى تیا دهوترێت».

ئاکۆ عهباس ئاغا لەچاوپیکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتى باسی رۆڵی عەشیرەتەکەیان دەکات لەشۆڕشەکانی کورددا. هەروەها بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوریی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو. هەریەکە لەپارتى و یهکێتى و شیوعى بەقهرزاربارى عهشیرهتەکەیان دەزانێ.

لەبەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا باسی رۆڵی عەشیرەتەکەیان لەچارەسەکردنی کێشەکان دەکات و هەروەها باسی رۆڵ و رێزی ئافرەت دەکات لەناو عەشیرەتەکەیان و دەڵێت «من قسهى براو پیاوی ریش سپییم شکاندووه، بهس نهمتوانیوه هی دایکم بشکێنم».

هاوڵاتى: عەشیرەتەکەتان چ رۆڵێکی ههبووه لهشۆڕشهکانى کوردو دروستبوونی پارتە کوردییەکان؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: لهمهسهلهى عهشائیریدا باسکردنى چاکهو پیاوهتى و وهسفکردنى خۆت عهیبه، دهبوو ئهوه لهپارتى و یهکێتى و شیوعى بپرسیت، چونکه ههموویان قهرزاى عهشیرهتى ناوچهکهى ئێمهن، پێش ئهوهى شۆڕش دروستببێت له (58)، ئهوانه کهشیوعى لێى قهوما هاتوونهته ئێرهو چهند ساڵێک لهلاى باوکم بوون، حزبى دیموکراتى ئێران که قازى محهمهد لێى قهوما کادیرو ئهسپسواریان بهشاهیدى خۆیان لێره حهواونهتهوه، حزبى دیموکراتى سوریاو ئهوانی تریش ههر لهم ناوچهیهو لهلاى باوکم بوون، بهڵام ئهمانه ئهوان خۆیان باسیان بکردایه باشتربوو.

پێش دروستبوونى شۆڕش عهشائیر دروستیکرد، ههمووان لهناوچەی خهلهکان و کۆیهو دهربهندیخان و ئهوانه عهشائیربوون و باوکم و شێخ حسێن و ئیسماعیلى سورائاغاو جافهکان و خۆشناوو سهرجهم عهشیرهتهکانى تریشی تێدابووه. تائهوکاته مهلا مستهفا بهشدارى شۆڕشى نهکردبوو دوایی کهویستبووى بهشدارى بکات ههواڵى بۆ بابى من ناردبوو، ئهویش هێزێکى ناردبوو بهدهمیهوه بۆ ناوچهى خهلیفان، نزیکهى (500) کهس دهبوو بۆ پێشوازیکردن لهمهلا مستهفا لهساڵى 1961، بهڵام مهلا مستهفا بهوێدا نههاتبوو، باوکم ئهوکات لهناوچهى خانهقا بوو لهشکریان لهوێ بوو، جهماعهتى حزبى پارتیش مام جهلال و ئهوان لهوێ بوون، دواتر بهوێدا هات و هاتنه ئهم ناوچهیهو لێره مایهوه.

مهلا مستهفا تاکۆتایی ساڵى 1964 لهگوندێکى ناوچهى ئێمه مایهوه بهناوى دێرێ، دواتر چووه ناوچهى حاجى ئۆمهران، جهماعهتى مام جهلال و ئهوان کاتێک گهڕانهوه لهههمهدان هاتوونهته لاى باوکم لهدۆڵێ، دواى ئهوان حزبى دیموکرات و پهکهکهو بهگشتى ههر حزبێک لێى قهومابێت هاتوونهته ئهم ناوچهیهى ئێمه.

هاوڵاتى: ئایا عهشیرهتهکهى ئێوه لهکاتى ناکۆکى حزبهکان تاچهند باڵانسى راگرتووه، بۆ نموونه لهکاتى جیابوونهوهى برایم ئهحمهد لهپارتى، ئێوه لایهنى کامیانتان زیاتر گرتووه؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: مهسهلە لێکنزیکبوونهوه نهبوو، بهشاهیدى ههموو خهڵک باوکم و ئهوان لهههردوو لایهنیان بههێزترو گهورهتر بوو، لهوکاتهدا ههم لهتهرهفى برایم ئهحمهدو مام جهلال و ههم لهتهرهفى مهلا مستهفا، بهس ئهوکاتهى که مام جهلال و ئهوان لهههمهدان گهڕانهوه هاتوونەتە لاى باوکم.

زانیارییهک ههبووه گوایه لهکاتى گهڕانهوهى مام جهلال و عهلى عهسکهرى، ئیدریس بارزانى چهند کهسێکى ناردبوو بیانکوژێت، کههاتوونهته لاى باوکم و ئهمهیان باسکردووه، بابیشم وتوویهتى بامن پهیامێک بۆ مهلا مستهفا بنێرم بزانین مهسهله چییه، ئهوکات لهناوچهى پێنجوێن بووه، باوکم به مهلا مستهفا دهڵێت ئهگهر پێویستت بهمام جهلال و جهماعهت ههیه ئهوه لهگهڵ خۆم دهیانهێنم و دێینه لات، مهلا مستهفا لهوهڵامى پهیامهکهدا دهڵێن نا بچنه لاى ئیدریس، ئهوکاتیش قادر خهبات و ئهوان لهسهر جیهازدهبن لهدۆڵهڕهقه، پهیامهکه دهگرن و دهڵێن بابچینهوه لاى عهباس ئاغا، ئهمه قسهى مام جهلاله بۆ منى گێڕاوهتهوه، کهدێنهوه لاى باوکم ههمان شتیان پێدهڵێت، ئهوه فکرى کوشتنیانى ههیه، بهڵام تا لاى ئێمهبن کهس ناتوانێ دهستان بۆ بهرێ، ئهگهر شتێکى دیکهش دهکهن ئهوه ئازادن.

ئهوانیش وتبوویان بۆ خراپ نیه ئهگهر ئێمه بچینه شارهکان و بهشاراوهیی خۆمان بهێڵینهوه، باوکم وتبووى نهخێر، باوکم حهسهن دهمانچهو یهک دوو کهسى دیکهى ناردبوون ههتا کوردستان لاى خاڵه ئهسکهندهرو ئهویش لهوێوه بهڕێیکردبوون تا لاى کانى بناوێ و بنارى کۆسرهت، لهوێشهوه ناوچهى دوکان، لهوێشهوه بۆ ناوچهى چهمى رێزان و خۆیان مهخفى کردو دواتر لهگهڵ حکومهت رێککهوتن.

هاوڵاتى: عهباس ئاغاى باوکت ویستوویهتى شۆڕش وهکخۆى بکرێت ههستى نهتهوایهتى و کوردایهتى بهلاوه گرنگ بووه، ئێوهش لهسهر ئهو بنهمایە دهڕۆن؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: ئێمهش ههتا ئێستا واین، شهخسى خۆم لهساڵى 1976 کهچوومه دهرهوهش نهبوومه هیچ حزبێک و ههتا ئێستاش، بهڵام دۆستایهتیم لهگهڵ ههموویان ههیه، لهکاتى شهڕى براکوژیش زۆر دژى بووم، ئهوهبوو لهساڵى 1982 هاتمهوه ئهوکات و ئێستا شهڕی براکوژیم هیچ پێ باش نهبووه.

هاوڵاتى: لهکاتى ململانێ و ناکۆکییهکان چ رۆڵێکتان ههبووه، دهوترێت لهکاتى جیابوونهوهى باڵى ئیبراهیم ئهحمهد لهپارتى باوکت زۆر کارى بۆ ئهوهکردووه شهڕ دروست نهبێ؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: بهڵێ راسته کارى بۆ ئهوهکردووه شهڕهکه دروست نهبێ و زۆریش ههوڵیداوه، بهڵام ئهوان بڕیارى خۆیاندابوو، خۆشت دهزانى نیهت و قسهى عهشائیر جیاوازه لهنیهتى حزبایهتى، کابراى عهشائیر چى لهدڵیدایهتى لهسهر زاریهتى، بهڵام حزبایهتى ههموو فهن و تاکتیکه راستیان نهبوو، بهقسه زۆر محاوهلهیان کرد، بهڵام دواتر مهلا مستهفاو ئهوان چووبوونه دهوروبهرى پێنجوێن و بڕیارى شهڕیاندابوو، چوونه ئهودیو نزیکهى دوو ساڵیان پێچوو ئهوکات هاتنهوه.

هاوڵاتى: ئێوهو باوکیشتان رۆڵتان ههبووه لهشۆڕش، بهڵام ئهمڕۆ دهبینیت ئهنجامى شۆڕشهکه شتێکى ترهو خهڵک لێى ناڕازییه ئێوه قسهتان چیه؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: ههر کهسێک قوربانیداوه لهپێناو میللهتهکهى بووه، ئهگهر بۆ شتى شهخسی بوایه ههمووکهس دهیتوانى ئهوکاته بهدهستى بهێنێت، لە (61) کهباوکم دهستى بهو جوڵانهوهیه کردووه من بۆیان گێڕاومهتهوه چهندین جار حکومهت ناردویهتى بهدواى باوکمدا بزانن خۆى و عهشیرهتهکهشى چى دهوێ بیدهنێ، بهڵام باوکم بهردهوام بووه.

لهساڵى (76) کهچووینه دهرهوه شۆڕش نهمابوو، دواى (75) عومهر دهبابهو رهسوڵ مامهندو عهلى عهسکهرى و دکتۆر خالید لهدیوى قهندیل بوون، بهس بایز ئاغاى براگهورهم کهچووه دهرهوه بهماوهیهک هەزارو (700) کهس دروستبووین، ناوچهکه ههمووى ئازادبوو، دەوروبهرى قهندیل ئهوکات جهماعەت مهفرهزهو شتیان بڵاودهکردهوه. ئهوکاتیش حکومهتى عێراق خهڵکى ناردهوه وتیان چیتان دهوێ بۆتان دهکهین، بهڵام بایز ئاغا قبوڵى نهکرد، چونکه ئهمه کهمووکورتى عهشیرهت و شهخسى نهبوو، ههموو جارێکیش حکومهت نهیتوانیوه لهناوچهى ئێمه دهسهڵاتى تهواوى ههبێ.

بهڵام بهداخهوه ههموو خهڵک بۆ کوردایهتى بوو ئهو قوربانیهى دهدا، دوایى بۆته شتى شهخسى، جا بهبیرو باوهڕى جیاوازهوه، ئێستا وایانکردووه شۆڕشهکهو ئهوهى خهڵک کردوویهتى ههموویان ناشیرین کردوه، ههمووى یهکترى شکاندنه، یهکترى کهمکردنهوهیهو خۆ فهرزکردن و قۆرخکردنه، ئینجا دهبینیت هیچم نهکردووه بهڵام مهسئولهکانیان ئهو ههمووه دزییه گهورهیەیان کردووه ناویان ناهێنم، ئێستا دێن لهمن و تۆى بهردهدهن، مناڵێک دێنن و پارهیهکى دهدهنێ و بهس بۆ ئهوهى خهڵکى پێ مشهوهش و مهشغوڵ بکهن، ئامانجى شۆڕش ئهوهنهبوو کهئێمه بهشداریمان تێداکردووه.

ئهگهر ئامانج و خهباتى شۆڕش بۆ کوردایهتى و میللهتى کورد نهبوایهو ئهوانى پێ گهوره دهبوو بۆ خۆتت دهکرد، تۆ ئهگهر سهیرى عهشیرهت بکهى دهست لهکاروبارى یهکترهوه بهرنادهن، ههرکهسێک ئهگهر خۆى لهئهوى ترى پێگهورهتر نهبێ کهمتر نییه، بهڵام ئێمهو خهڵک خوێنماداوه بۆ ئهوحزبانهو دهنگمان پێداون و لهگهڵیان بووین بهماڵ و بهنان و ههمووشتێکهوه، ئێستا ئهوان جوابى کهس نادهنهوه، ئهوان لهئاسمان و تۆش لهزهویت و شوڕش ئامانجى خۆى نهپێکا.

هاوڵاتى: چۆن دهڕوانیته نهوهى دووهم و ئهو گهنجانهى ئێستا لهلوتکهى دهسهڵاتدان؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: ئهوانه نهوهى دووهم نین، ههر تهواوکهرى ئهوانن لهسهر ئهوهى ئهوان دهڕۆن وهک میراتهو شتێکى نوێیان نییه، خهڵک بهگشتى چاوهڕوانى لهدهستى ئهوان بوو بههۆى ئهوهى گهنجن و لهگهڵ سهردهم بێنهوه، بهڵام ئێستا نازانم لهبهر نهبوونى ئابوریی یا لهبهر کێشهو گرفتى زۆر یان کۆرۆنایه، کۆمهڵێک پاساو بیانویان ههیه، خهڵک چاوهڕوانى ئهوهیه باش بن.

هاوڵاتى: دهوترێت باوکت داواى ژنى کردووه بۆ ئیدریس بارزانى، ئهوه چۆنه؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: بابم داوای کچى حهمهى عهبدولڕهحمان ئاغاى سلێمانى کردووه بۆ ئیدریس بارزانی، چونکە حهمهى عهبدولڕهحمان ئاغا خزمایهتى و دۆستایهتى لهگهڵ باوکم هەبووە، ئهوکاتیش ئهوان ئاوا ناسراو نهبوون، تهکلیفیان کردبوو نهیاندابوویه، که باوکم چوو داواى کرد پێیاندا، مهلا مستهفا داواى لهباوکى من کردبوو کهداواى ئهو کچه بکات.

هاوڵاتى: عهشیرهتهکان رۆڵیان ههبووه بۆ ژن و ژنخوازى کهسه سیاسییهکان، ئهوان بهرانبهر بهعهشیرهتهکان چۆنن لهڕابردوو ئێستاشدا؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: ئهوان لهپێناو خۆیان خۆشیان دهتوێننهوه نهک ئێمه، ههر دهسهڵاتێک کهدێت نایهوێ عهشیرهت و ئهوه ببێ، دژى ئهوهن و ئێستا عهشیرهت نهماوه، ئهوان لهبهر خهت خهتێنهى ناوخۆیان ئاگایان لهعهشیرهت و ئهوهى باسیاندهکرد نهماوه، ئێستا باو باوى ئهوهیه چهنده دهوڵهمهندبێت و چهنده دهسهڵاتى ههبێ، عهشیرهتهکان مهمنونن، ئهوان خزمهت بهگهنج و بهخهڵک بکهن، نیمچه حکومهتێک بن، یاسایهک ههبێ، دهستورێک ههبێ خزمهت بهههمووى بکات، بڵێین و نهڵێین سهدام خراپ بوو لهشتى سیاسییدا، بهڵام لهبابهتى کۆمهڵایهتى و ئابورى عهدالهتى ههبوو، شتى خراپى نهدهدا بهخهڵک، دهچوویته بازاڕ چى خراپ و تهزویرو بهسهرچووت دهدى. خهڵک گلهیی زیاتر لهسهر ئهوهیه، ئێستا لهبهر دهوڵهمهندبوون قوزهڵقورتى دهده‌‌نێ، ئهو خهڵکه دهرمانی بێ کهڵکه، خواردن ههروا.

هاوڵاتى: قسهتان چیه لهسهر ریفراندۆم و ئهنجامهکهى؟

ئاکۆ عهباس ئاغا:  من لهکاتى ریفراندۆم لێره نهبووم بۆ ئهنجامهکهشى دهبێ لهیهکێتى و پارتى بپرسیت، ئهوان یهکترى تۆمهتبار دهکهن به (16)ی ئۆکتۆبهر یهکترى تاوانبار دهکهن و دواییش دادهنیشن و براى دایک و باوکى یهکترن و یهک کێشهشیان نییه، دهبێ ئهو پرسیاره لهئهوان بکهین.

هاوڵاتى: بهبۆچوونى تۆ دواى دهرکهوتنى دهرئهنجامهکهى ریفراندۆم قازانجى ههبوو کهکردمان؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: وهکخۆم ئهگهر ئێستاش ریفراندۆم بکرێت و ههرکهسێک بیکات پشتیوانى دهکهم، ههرشتێک و ریفراندۆمێک بۆ داواکردنى شتى زیاتر بێ بۆ کورد پێم باشه، بهڵام ئهگهر کورد بهتهبایی و برایهتى ههمووى ئاگاى لهیهک نهبێت و حساب بۆ یهکترى نهکرێت ههر فهشهل دێنێت.

هاوڵاتى: تاچهنده پێویستمان بهیهکێتى نهتهوهیی ههیه بۆ ههر چوار پارچهکهى کوردستان؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: ههر جارێک گۆڕانکارى دهبێت له رۆژههڵاتى ناوهڕاست دووباره دهبێتهوه، دوژمنهکانى کورد زۆر دهترسن، بهڵام بهداخهوه هیچکام لهحزبهکان خۆیان بۆ ئامادهنهکردووه، بهس ئهو گۆڕانکارییهش ههردهبێ ئهوهندهى ئهوان لێوهیانهوه دیاره، ئهگهر پێى تێکچوون و پێیان ناخۆشه لهناو ئێمه ئهوهنده خۆشحاڵى و خۆ ئامادهکردنى تێدانییه. ههتا 2023 دهبێ گۆڕانکارى دروستببێ لهههموو ناوچهکه، لهسهر ئاستى تورکیاو ئێران، ئهوان زۆر لهو گۆڕانکاریه دهترسن، پهلامارى ئهمولاو ئهولا دهدهن، ئهو پهلاماره بۆ ئهوهنیه کهئێستا ئهو تواناییه ههیه، بهڵکو لهوه دهترسێ دانوستانێک دروستببێ و بزانێ چى دهگۆڕێ.

هاوڵاتى: لهقسهکانتدا باسى دهستورت کرد تائێستا کوردستان دهستورى نیه، چۆن دهڕوانیته ئهم دهسهڵاته کهنهیانتوانیوه دهستورێک بۆ ههرێم بنووسنهوه؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: بهرژهوهندى خۆیان و دهسهڵات لهوهدایه، ئهگهرنا تۆ میللهتێک بیت کیانێک و دهستورو یاسایهکت نهبێ یانى هیچ نیت، خۆ کوێخایی و عهشیرهتگهرى نیت، ئهتۆ حکومهتى و ههرێمێکت ههیه، کاتى خۆى ئهو ههرێمه هێڵى (36)ى بۆ دانراوه، هێزى خهڵکى دیکهى تێدایهو پشتگیریت دهکات، بێ دهستورو قانون ناکرێ بڵێى ههرێم بهڕێوهدهبهم، ئهوهى کهبهڕێوهت بردووه کهموکوڕیى دهبێت.

هاوڵاتى: نهوشیروان مستهفاو مام جهلالیش کۆچى دواییان کردووه ئێستا تهنها مهسعود بازرانى ماوهتهوه، دهبێت ئهو چى بکات بۆ چارهسهرى ئهم دۆخهى ئێستا؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: راسته ئێستا تهنها کاک مهسعود ماوه، بهڵام بههۆى حزبایهتیهوه ههموو شتهکان لێک دابڕاون، ئێستا دووکهس بچێت لهگهڵ کاک مهسعود دابنیشێت بڵێت تۆ کوڕى مهلا مستهفایت و هاورێى کاک نهوشیروان و مام جهلال بوویت بهس تۆ ماویت، سبهینێ ههر لهگۆڕان و یهکێتى دهڵێن کاکه ئهوه بووهته پارتى، ئهو دهرگایه کراوهنیهو ناتوانیت، خهڵک ئهوهنده تۆمهتى پێدهدرێت ناتوانی هیچ بکهیت. خهڵکیش لهناوبانگ و سومعهى خۆى دهترسێت و دوومنداڵ شتى خراپت لهسهر دهنووسن، ئێستا ههموو شتهکان لهدهست و نێوان حزبهکان خۆیاندایه ئهگینا موشکیلهى خوێندهوارو عهشیرهت و ئهوانهیان نهماوه، پهرلهمانه، حکومهته ههر بۆ ئهوانه، دهنگدانه، پارهیه، دهسهڵاته ههرچى ههیه ههر بۆ ئهوانه، ئێستا من جهمعیهتێک بکهمهوه بهناوى بێلایهن ههزار ناووناتۆرهو شتم بۆ دروستدهکهن، کابرا ناوێرێت خۆى لههیچ بدات.

لهسهرهتاى شهڕى براکوژى لهههموو ناوچهکانهوه لهههڵهبجهو کهلارو سلێمانى و ناوچهکانى ترهوه چهندین کهسایهتى جیاواز چوینه لاى مام جهلال و کاک مهسعودو کاک نهوشیروان و داواى وهستانى شهڕیان دهکرد، بهڵام ئێستا ئهوه نهماوه، بهتایبهت ئهو فهیسبوکه بووهته زێراب و ههمووشتێکى تیا دهوترێ.

هاوڵاتى: ئایا تۆ پێتوایە کە دەبێت رۆڵ بۆ عهشیرهتهکان بگێڕدرێتهوه بۆ چارهسهرى کێشهکان؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: بهڵێ کاتى ئهوه هاتووه، بهڵام ئێمه وهک عهشیرهت ناتوانین فشارى زۆر بکهین، ئهگهر مێژوو بخوێنیتهوه ههر شتێکیشیان بهسهرهاتبێ هێناویانه بهسهر شێخ و مهلاو عهشائیردا، کابرا یارمهتى شۆڕشى ههر چوار پارچهکهى کوردستانى داوه، بهڵام وایانلێکردووه دهڵێن ئهو شۆڕشهى کراوه نهخوێندهوارو شێخ و مهلا بووه، خهڵک لهبهرئهوه ناوێرێ زۆر تهداخول بکات، زۆر شت و غهدریش قبوڵدهکات و دانى بهخۆیدا گرتووه، مهسهله ترس نییه بهس ئهو تهجروبهیهى کهههیه لهملى ئهوان بێ، ئهوهى دهگوزهرێ کهس پێى خۆش نیه، بهڕاستى زروفى وڵاتى ئێمه زۆر خهتهره، دوژمنهکان لهخۆت بههێزترن، دوژمنهکان دهستیان لهنێو ئێمهدایه. لهو فهترهیەى سێ چوار کهس هاتبوونه لام بهمیوانى، کهچى بڵاوکرابووهوه کهدهیهوێ هێز دروستبکات، بابه هێزى چى و شتى چى، ئهوه پارتى و یهکێتى هێزو پارهیان لهههمووخهڵکى زۆر زیاترهو خهڵکیش ههر لهگهڵ ئهوانه.

هاوڵاتى: قسهت چیه لهسهر بارودۆخى ئابوورى و فرۆشتنى نهوتى ههرێم و دهستکهوتنى داهاتهکان؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: من نازانم بهس گوێم لهخهڵک دهبێ دهڵێن نهوت دهفرۆشین یان نهوت دهکڕین خۆ قهرزارین، ئێستا ئهو نهوتهى دهفرۆشین ههر قهرزارین، دهبێ ئهو پرسیاره لهوان بکهیت، چونکه ئهوان دهزانن چۆنیان فرۆشتووهو چۆن قهرزارن و ژیانى خهڵکیان پێ دابین ناکرێ دهچنهوه بهغداو داوا لهو دهکهن مهعاش و بژێوى خهڵکى بدات، بهس من دهڵێم ئیهمالى ههیه یهک، نه بوونیان ههیه، ئهگینا لهبهرچى موچه نادرێ، لههیچ وڵاتێک شتى وانهبووه دهڵێن لهسهدا (25) دهبڕین خهڵک بهگلهییه، بهڵام بهدوومانگ جارێ دهتداتێ له (75)ى دهبڕدرێ. من زۆرم پێ باشتره لهگهڵ بهغدا رێکبهون نهک لهگهڵ تورکیا، یان ئهوهى دیار نهبێ بۆ کوێ دهڕوات.

هاوڵاتى: پهیوهندیت لهگهڵ پارتى و یهکێتى چۆنه؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: پهیوهندیم لهگهڵ ههموو لایهنهکان زۆر باشه، حزبهکانى رۆژههڵات، ئهوانهى تورکیا، ئهوانهى باشوور، لهگهڵ ههمووى باشم و خراپ نیم.

هاوڵاتى: تاچهند پرس و راوێژتان پێدهکهن؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: وهختى خۆى کهگۆڕان و یهکێتى جیا نهبووبوونهوه، ئهگهر لهناو یهکێتى شتێک دهبوو بهتایبهتى مام جهلال بۆچوونى خهڵکى وهردهگرت پێش ئهوهى رووداوهکه ببێ یان کارێک ئهنجامدات، بهڵام ئێستا ئهوهنهماوه، ئهوهى مام جهلال کردوویهتى بهس بهئهو دهکرێ، ئهوانهى ئێستا بهس بیانتوانیایه راوێژ بهخهڵک بکهن مهرج نیه یهکێتیش بێ، مام جهلال تهنها هى یهکێتى نهبوو.

هاوڵاتى: قسهت چی بوو لهسهر جیابوونهوهى گۆڕان لهیهکێتى؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: بهبۆچوونى من زهرهرێک بوو لهیهکێتدا، ئهوکاتهى کهجیابوونهوه، جارێک ده پانزه کهسێک چووینه لای کاک نهوشیروان و دواتریش بۆلاى مام جهلال بۆ ئاشتبوونهوه چووین، دواى ماوهیهک کاک نهوشیروان کهسێکى ناردبوو بهدوامدا بهئاگادارى مام جهلال چووم و باسى گۆڕانی کرد، وتم کاک نهوشیروان ئهگهر بهرانبهر ئهو دهسهڵاته شتێکى نوێ دروستدهکهیت ئهوه پێم باشه بهس ئهو کهسانهى که لهزانکۆکانن و خوێندهوارو گهنجن و ناڕازین ئهوانه بێنه، بهس ئهگهر وهک ئینشیقاق لهو جهماعهتهى یهکێتى ببهى، پێم باش نییه.

هاوڵاتى: پێت باشه ئێستا گۆڕان و یهکێتى یهکبگرنهوه بۆ راگرتنى باڵانس لهبهرانبهر پارتى؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: نازانم ئهوان ههردوولایان پارتی و یهکێتیان پێ خراپ بوو، گۆڕان لهسهر ناڕهزایهتى خهڵک دروستبوو و ئهو دهنگانهى هێنا، بهڵام ئێستا ههردوو حزبهکه عهینى شتن ئهگهر خراپتر نهبن باشتر نین و چوونهته حکومهتهوه، ئهوه دهبێت خهڵک ئهو بڕیاره بدات.

هاوڵاتى: ئێستا ههوڵێک ههیه بۆ بهههرێمکردنى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارهى گهرمیان و ناوچهکهى ئێوهش راپهڕین دهگرێتهوه، قسهت چیه لهسهر ئهوهو پشتیوانى دهکهن؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: ههتا کوردستان گهورهترى پێوهدیاربێ پێم باشتره، ههتا بچووکتربێتهوه پێم خراپه، بهڵام ژیانى خهڵکیش وایلێهاتووه ناچاریکردووى چى ژیانیان باشتر بکات ئهوه باشتره.

هاوڵاتى: لهماوهى رابردوو فیستیڤاڵى عهشیرهتهکان دهکرا، چۆن لهوه دهڕوانن، ئێوه هیچ داوایهکتان لێکراوه بۆتان بکرێت؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: لهباشور ههموو عهشیرهتهکان یهکترى دهناسن، بهڕاى من ئهوه شتى زیادهیه کهسێک فیستیڤاڵ دهکات که کهس نهیناسێت و خۆى دهردهخات، ئێمه میللهتێکین ههموو یهکترى دهناسین، ئێستا بچمه کوردستانى ئێران و تورکیاو سوریاش چۆن لێره خهڵک دهمناسێت، بههۆى پێشکهوتنى تهنکهلۆژیاش ئهو چهند ساڵه خهڵک زۆر لهیهکتر نزیک بوونهتهوه.

هاوڵاتى: تاچهنده کێشه کۆمهڵایهتیهکانى وهک کوشتن و بابهتى ژن دێته لاتان و چارهسهرى دهکهن؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: ههر زۆر ههیه، ئێستاش رۆژانه خهڵک دێن و خهڵک دهکوژرێ یهک کهسهو دووانه سیانه، دهچیت دادهنیشیت و قهناعهت بهههردوولایان دهکهیت کهئهوه زهرهربووه، زیاتریش بکهى زهرهرى خراپتره، زۆر نموونهى بۆ دههێنینهوه تاوهکو قهناعهتى پێدهکهین و بهمادده بێ، به زهوى بێ، بهلێبوردن بێ و پێک بێنهوه، چونکه لهوڵاتى ئێمه بهدادگا زۆرى ماوهو حهل نابێت، لهو ماوهیەى رابردوو کابرایهک لهمهحکهمه حهوت ساڵ حکوم بوو، ئهوکاتهى ئازادکرا دوژمنهکان لهحاجیاوا کوشتیانهوه، ئهگهر قهناعهتهکه دروست نهبێ نابێ، شت بهئیجبارى نابێ دهبێ قهناعهتى پێبکهیت ئهوکات مهترسى لهسهر نامێنێت.

هاوڵاتى: ژنان رۆڵیان چۆنه لهناو عهشیرهتهکهى ئێوهدا؟ بیرتان لهوه نهکردووهتهوه ئافرهتێک بکهنه سهرۆک عهشیرهت، بڕواتان پێیان نییه؟

ئاکۆ عهباس ئاغا: باوهڕمان پێیانه، بهڵام ئافرهت ناتوانێت ئهو رۆڵهى بگێرێت، ناوچهکهى ئێمهش لهکوردستان بهگشتى وایه، ئێستاش ئهو ماڵهى که زۆر شارستانیه که من بچم، ژنان دهچنه دیوێکى دیکهو لهوێ نابێ، نهک تهنیا لهناو عهشائیرهکان.

ئه‌وه‌نده‌ى له‌ناو عه‌شائیر رێزى ئافره‌ت ده‌گیرێ بڕواناکه‌م له‌جێى دیکه‌ وابێت، من دایکم لێره‌ بووه‌ هه‌ر قسه‌یه‌کى کردبایه‌ که‌س نه‌بوو له‌قسه‌ى ئه‌و ده‌ربچێت و رێزى ده‌گیرا، به‌ڵام وه‌کو سه‌رۆکى عه‌شیره‌ت نا به‌س گوێڕاگرتن و رێزگرتن له‌قسه‌ى ئه‌و زۆر حسابی بۆ ده‌کرا، ئه‌وان له‌هه‌موو شتێکى ئێمه‌دا هاوکارو پشتیوانمانن، من قسه‌ى براو ریش سپییم شکاندووه‌، به‌س نه‌متوانیوه‌ هی دایکم بشکێنم، نه‌ک هه‌ر من هه‌موو خێزانه‌کان و عه‌شیره‌ته‌که‌شمان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار