مەسرور بارزانی: گەشبینم لەگەڵ عێراق بگەینە رێککەوتنی کۆتایی

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ھەینی رایگەیاند، گەشبینە بەوەی کە دەتوانن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بوودجە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توویتێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە بەربەستی زۆر هەن، بەڵام تیمێکی دانوستاندنی بەهێزمان هەیە و لە مەبەستەکەیاندا یەکگرتوون. گەشبینی خۆشی دربڕی بەوەی کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

رۆژی 10ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەنێویاندا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەدوای کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە رایگەیاند "ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ کاری هاوبەش، هەروەک چۆن پێشتر هاوکاری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی هەردوولا بەشداربوون لە باش بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەدژی داعش".
  
هەر دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی 10ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی رایگەیاند "مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی رەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت".

بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە، "هیوادارین هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار