تورکیا بانگهێشتنامە بۆ مستەفا کازمی دەنێرێت و ئەردۆغانیش دەیەوێت سەردانی بەغدا بکات

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
بەرپرسێکی عێراقی رایگەیاند تورکیا بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی ناردوە و سەرکۆماری تورکیاش رەجەن تەیب ئەردۆغان دەیەوێت سەردانی بەغدا بکات.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و فاتیح یڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێکرد و دواتر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی تورکیا وتی "سەرۆککۆماری تورکیا گرنگیەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەدات و دەیەوێت لە کاتێکی گونجاودا سەردانی بەغدا بکات."
باڵیۆزی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو "ئێمەش بانگهێشتنامەى فەرمیمان پێشکەش کردووە تاوەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا بکات."
ھەروەھا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند "بەرژەوەندی عێراق دەخوازێت پەیوەندی هاوسەنگی لەگەڵ هاوسێکانیدا هەبێت."
باسی لەوەشکرد، "عێراق و تورکیا بەرژەوەندی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەیە، پێویستە بۆ خزمەتکردنی هەردوو وڵات گەشە بەو پەیوەندییانە بدرێت."
لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی کوشتنی سێ سەربازی سەرسنوری عێراق لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، عێراق بڕیاریدا سەردانی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ بەغدا هەڵبوەشێنێتەوە و نامەیەکی ناڕەزایەتیشی پێشکەشی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا کرد.

