پارتی گەلی کورد بەرەو کوێ دەبات؟

4 ساڵ لەمەوپێش



سوارە محەمەد

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەى جێگرەکانی ئاگادار بن، سەردانی تورکیای کرد. بارزانی لەو سەردانەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەى تورکیا و لەگەڵ ئەردۆغان دانیشت. هەرچەند بەشێوەى فەرمی هیچ راگەیاندراوێک لەلایەن بارزانییەوە بڵاونەکرایەوە، بەڵام لەمیدیاکانی تورکیادا باس لەبارەی ئەو سەردانەوە دەکرێت.

باشە لەکاتێکدا، کەدەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵدەدات باشووری کوردستانیش داگیر بکات، ئەو سەردانە بۆ ئەنجامدرا؟ ئەو بابەتانەى لەو سەردانەدا گفتوگۆیان لەسەر کراو ئەو بڕیاریانەى لەدانیشتنەکانی ئەو سەردانەدا دران بۆ ئاشکرا ناکرێن؟ بۆ وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەڕۆیشت و وەک بەڕێوەبەری پارتی رۆیشت بۆ ئەو سەردانە؟

ئاشکرایە ئەو سەردانە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامنەدراوە، بەڵکو لەلایەن بەڕێوەبەریی پارتییەوە ئەنجامدراوە.

لەم دۆخەى ئێستادا لەباکوور، لە رۆژئاوا و لەباشوور شەڕ لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتە پاکتاوکەرو داگیرکەرە دەکرێت، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر سوێندی خواردووە، رەگی کورد لەڕیشەوە دەربهێنێت، ئەوە سەد ساڵە هەوڵدەدات کەکوردیش وەک ئەرمەنەکان، سوریانییەکان، رۆمانەکان و ئێزدییەکان پاکتاو بکات، هەر خۆی کاتێک مرۆڤ سەیری ئەم (١٠٠) ساڵەى دوایی دەکات، ئەوەی بەهەموو شێوەیەک بۆ روون دەبێتەوە، لەدۆخی ئێستادا ئەو سیاسەتەیان نەک تەنها لەباکوور، بەڵکو دەیانەوێت لەهەموو کوردستاندا سەربخەن، دەڵێت تاوەکو کورد هەبێت و رێکخستنکراو بن، من دەکەومە ژێر هەڕەشەو مەترسی، لەبەرئەوەش هەبوونی گەلی کورد بەتایبەتی دەبێت رێکخستنبوونی گەلی کورد لەگۆڕێدا نەمێنێت. ئەو هۆکارە لەپشت چاوگەى ئەو دوژمنایەتییەوەیە، کە بەرامبەر بەکورد دەیکەن، بە کورتی پێویست ناکات، مرۆڤ تامەزرۆی ئەوە بێت، کە ئاخۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چۆن لەبارەى کوردەوە بیردەکاتەوە، بە هەمان ئەو وتانەو بەکردەوەکانی خۆیان هەموو شتێکیان بە روونی خستووەتە بەرچاوان. ئەوانەى ئەمە نابینن کوێرن، کەڕن، بێویژدانن و ناتێگەیشتوون.

باشە، مادام ئەوە راستیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، لەو کاتەدا ئەو پەیوەندییەی پارتی لەگەڵ تورکیا بۆ چییە؟ لەلایەکەوە ئەو دەوڵەتە پاکتاوکەرە هەوڵدەدات کورد بسڕێتەوەو لەلایەکی ترەوە لەپەیوەندییەکى بەهێزدایە لەگەڵ پارتیدا؟ ئەوە چۆن دەبێت، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر رۆڵێکی چۆن لەو پەیوەندییەدا لەئەستۆی پارتی دەنێت؟

ئێمە دیسانەوە بێینەوە سەر سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا، هەرچەند راگەیاندنەکانی پارتی دەیانەوێت بابەتە ئابووری و بازرگانییەکان بخەنە پێش چاوو زەقیان بکەنەوە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەوانەى دەستنیشانکردووە، کە لەسەر کام بابەت لەگەڵ پارتیدا گفتوگۆیان کردووە، وەزیری دەرەوەى دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر وتی "ئێمە لەسەر تێکۆشانی هاوبەش لەدژی پەکەکە راوەستاوین". هەرخۆی لەخۆیدا ئەستەمە جگە لەوە شتێکى دیکە لەگۆڕێدا بێت، سڵاوی دەوڵەتی تورکیا لەکوردێک تەنها بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى بزووتنەوەى ئازادییە، لەناوبردنی بزووتنەوەى ئازادی بۆ خۆی کردووە بەمەرجی هەبوون و مانەوەى خۆی، بە داخەوە ئەو رێگایەى بۆ خۆی هەڵبژاردووەو لەدۆخی ئێستادا هەموو هێزی خۆی خستوووەتەگەڕ تاوەکو بتوانێت ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەى خۆی سەربخات. هەموو توانا ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتیکی خۆی بۆ ئەو بابەتە خستووەتە کار، کاتێک مرۆڤ سەیری دانوستاندنەکانیان دەکات ئەوەی زۆر بەڕوونی بۆ ئاشکرا دەبێت، بەڵام بۆ سەرخستنی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەى خۆی رۆڵێکی جیاوازو تایبەتی بەهەندێک کورد داوە.

لەدۆخی ئێستادا ئەگەر هەموو کوردان بخاتە بەردەم خۆی و بڵێت، من لەڕەگەوە دەرتان دەهێنم، ئەوا لەوکاتەدا هەم کورد یەکدەگرن و لەدژی دەوەستنەوە، هەم لەگۆڕەپانی نێونەتەوەیدا رووبەڕووی کاردانەوەی جۆراجۆر دەبێتەوە. لەبەرئەوەش سەرەتا دەستدەکات بەپارچەکردنی کوردان، لەگەڵ هەندێک لەکورداندا دەکەوێتە پەیوەندی و ئەوانی تریش پاکتاو دەکات، ئەو پەیوەندییە بۆ سەرخستنی سیاسەتە پاکتاوکارییەکەى بەکاردەهێنێت، لەو چوارچێوەیەدا رۆڵی پەردەپۆشکردنی هەوڵ و پلانە پاکتاوکارییەکەى داوەتە هەندێک لەکوردان، لەئێستادا ئەو رۆڵەى بەپارتی و هێزەکانی سەر بەپارتی داوە، بەو شێوەیە پارتی و هێزەکانی سەر بەپارتی لەهەموو پارچەکانی کوردستان لەچوارچێوەی هاوکاریکردنی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەی دەوڵەتی تورکیادان، هەر چەند پارتی ئەوە قبوڵ ناکات، بەڵام سەردانی ئەمدواییەى نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە بوو.

ئێمە دەزانین دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆچی هەوڵدەدات بزووتنەوەى ئازادی لەناوببات، چونکە هەر خۆی لەخۆیدا دوژمنی گەلی کوردەو تاوەکو لەعەقڵیەتی پاکتاوکارییدا گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروستنەکات درێژە بەو سیاسەتە پاکتاوکارییەى دەدات، بەڵام ئەوەى ئێمە لێی تێناگەین، ئەوەیە کە بۆ پارتی بەو رادەیە بەدڵ و بەگیان بەشدارە لەو سیاسەتە پاکتاوکارییەدا؟ روون و ئاشکرایە گەلی کورد پەکەکە بەگارانتی هەبوونی خۆی دەزانێت و نایەوێت پەکەکە لەناوبچێت، بەپێچەوانەوە دەیەوێت پەکەکە لەهەموو کوردستاندا بەهێز بێت، بەو شێوەیە گەلی کورد نایەوێت بۆ یەک ساتیش بیر لەژیان بەبێ پەکەکە بکاتەوە، چونکە دەزانێت پەکەکە چەند سوودی بۆ کۆمەڵگەى کورد هەیە و چیی بۆ ئازادیی گەلی کورد کردووە. هەموو کەس دەزانێت لەپاراستنی هەبوونی کوردو کوردستان لەباکووری کوردستاندا، لە بەدەستهێنانی هەموو دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستاندا، لەچەسپاندنی پێگەو قەوارەی باشووری کوردستان و پاراستنی شەنگال، مەخمور، هەولێرو بەگشتی پێگەو قەوارەی باشووردا چۆن رۆڵێکی گێڕاوە، بۆیە گەلی کورد بزووتنەوەى ئازادی و هەبوونی پەکەکەی بۆ خۆی وەک ئاووهەوا بەپێویست دەزانێت، بەڵام لەبەرچی پارتی بەو شێوەیە نایبینێت و بۆ ئەوەى پەکەکە پاکتاو بکرێت ئەو هەموو هاوکارییە گەورەیە پێشکەشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەکات. دەبێت پارتی هەڵسوکەوت و رەفتاری خۆی بەرامبەر بەبزووتنەوەى ئازادی ئاشکرا بکات، دەبێت هەموو کەس بزانێت، کە پارتی لەبارەى بزووتنەوەى ئازادییەوە چۆن بیر دەکاتەوە، دەبێت ئاشکرای بکات، کەوەک دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بیردەکاتەوە یان وەک گەلی کورد بیردەکاتەوە.

پارتی بیر لەوە دەکاتەوە، کە بەپاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی، هەموو دەستکەوتەکانی بزووتنەوەى ئازادی لەهەموو پارچەکاندا دەکەونە ژێردەستی خۆی، بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە پارتی و هەموو حزبە کوردییەکان لەپێناو گەلی کورددا دروستبوون، بۆیە هەموو حزبەکان ناچارن بەوتەو کرداری خۆیان بەپێی خواست و بەرژەوەندیی گەلی کورد بجوڵێنەوە. دەبێت پارتی ئەوە ئاشکرا بکات، کە لەپاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادیدا چ بەرژەوەندییەک بۆ گەلی کورد دەبینێت.

روون و ئاشکرایە پارتی نەتەوەییانە بیر ناکاتەوەو من منی دەکات، روون و ئاشکرایە پارتی لەناو خەونێکی شومدایە، بزووتنەوەى ئازادی وەک ئەوەى ئەوان دەیانەوێت پاکتاو ناکرێت و بەدڵنیاییەوە لەم دۆخەشدا بە بەهێزی دەردەچێت و ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت، ئەگەریش بڵێین، پاکتاوکرا، ئەوا لەو کاتەدا رێگا دەدەرێت بە بەدەستهێنانی شتی نوێ، بەدڵنیاییەوە نا و ئەوە بۆ پارتی دەبێتە دەرد، چونکە ئەوە پاروویەک نییە کە بۆ پارتی قوت بچێت، لەبازاڕی دەوڵەتە گەورەکاندا هیچ کاتێک نرخی کورد بەئەندازەی نرخی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نەبووەو ناشبێت، دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، بەرخودانی ئاگری، کۆماری دیموکراتیکى مەهاباد، پەیمانی جەزایر، شەڕی یەکەمی کەنداو، ریفراندۆمی ٢٠١٧، داگیرکردنی عەفرین، داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی، ئەو راستییە بە ئەندازەی پێویست روون دەکەنەوە. سیاسەتەکانی پارتی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد دەرگاکان بەتەواوەتی دەخاتە سەر پشت، دەبێت ئێمە بەخێرایی پارتی ناچار بکەین لەو رێگا مەترسیدارە بگەڕێتەوە. ئەگەر نا....

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار