وتەبێژی پارتی: لە هەندێ شاری عێراق هەژاریی گەیشتۆتە 50%، كارەساتە

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیوکرفاتی کوردستان رایگەیاند لە وڵاتێكی سامانداری وەك عێراق، هەژاری لە هەندێك لە شارەكان گەیشتۆتە زیاتر 50%، ئەوەشی بە "كارەسات" ناوبرد و داوای لە مستەفا كازمی کرد دەست بە چارەسەركردنی كێشەكان بكات.

مەحمود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەڕمی حزبەکەی راگەیاندووە، "ئەگەر پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووایە، ئێستا كۆنگرەی پارتی كۆتاییشی پێهاتبوو، لەم دۆخەدا بەستنی كۆنگرە كارێكی ئاسان نیە، بەڵام ئێستاش ئەو لێژنەی كە دامەزراوە بۆ دیراسەكردنی كۆنگرە، ئەو بابەتانەی چ لە پەیڕەو پرۆگرام، دراسەی ئەو بابەتانە دەكرێت، ئامادەكارییەكان بەردەوامن، كەی ئەم پەتایە ڕێگەی پێداین، ئەو كات بە دڵنیایەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات."

دەشڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەر كۆنگرەیەك هەندێك گۆڕانكاری دەكات، لە دوای كۆنگرەش بە هەمان شێوە گۆڕانكاری دەكات، بە بەردەوامیش لەگەڵ پێویستی شوێنی جوگرافیای لقەكان و ناوچەكان گۆڕانكاریی كردووە، ئەو بەرنامەیە هەبووە، كەی پێویست بێت گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی و رێککەوتنیان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باسی لەوەکردووە، "لە كۆبوونەوەی فەڕمی نێوان پارتی و یەكێتیدا كۆمەڵێك خاڵمان جێگیركردووە، هەردوو لامان بەوە  قانع بووین كە بەیەكەوە كاركردن و لەگەڵ یەكبوون، هێز دەداتە پرۆسەی سیاسی كوردستانی لە بەغدا و لە جێگای تر، بۆیە دەبێت ئەو بۆچوونە جیاوازانەی كە هەمانە  لێك جیابكرێنەوە، لە كوێ هاوبەشین لە كوێش هاوبەش نین كار بكەین، لەسەر جیاوازییەكانیش گفتۆگۆی زیاتر بكەین."

پارتی دیموكراتی كوردستان، هێزی ژمارە یەكی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی ٤٥ كورسیە لە پەرلەمانی کوردستان. هاوکات، لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتیدا هاتووە، كە هەر چوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستێت، بەڵام دوایین كۆنگرەی لە ساڵی ٢٠١٠دا بەستووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار