بەختیار عەلی لەکاردانەوەیەکیدا بەرامبەر بە وەزارەتی رۆشنبیری رۆمانێکی بەبێ ژمارەی سپاردن بڵاودەکاتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
نووسەرو رۆماننووس بەختیار عەلی رایگەیاند بەبێ ژمارەی سپاردن رۆمانێکی نوێی بڵاودەکاتەوە ئەوەش لەکاردانەوەیەکیدا بەرامبەر بە بڕیاریکی وەزارەتی رۆشنبیری کە ژمارەی سپاردنی بە مەرکەزی کردوە.
لە بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، "پێدانی ژمارەی سپاردن ئەرکێکی گەورە و لێپرسراویەتی رۆشنبیری و ئەخلاقییە، بۆیە لەدوای دەرچوونی ئەم فەرمانە بەشێوەیەکی مەرکەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانەوە دەدرێت".
بەختیار عەلی لە وتارێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کردووە، "بڕیارەکە بە روونی هەوڵێکی راستەوخۆیە بۆ زیندووکردنەوە و سەپاندنەوەی سیستەمی سانسۆر بەسەر کتێب و چاپەمەنیدا".
وتیشی "دەبێت بێ هیچ گفتوگۆ و قسە لەسەر کردنێک لەلایەن هەموو رۆشنبیران و دەزگەکانی بڵاوکردنەوە و چاپخانەکانەوە بە یەک دەنگ رەتبکرێتەوە و جێبەجێ نەکرێت".
بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو بەختیار عەلی رۆمانێکی نوێ چاپبکات، "بۆ یەکەم جار بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپی دەکەم و لە جێگەی ژمارەی سپاردن، تێکستی دژ بە سانسۆر و سەرکوتی فیکری دەنووسم".
