زەینەب جەلالیان؛ رزگاربووی بەردەم پەتی سێدارە، لەزینداندا ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا دەکات

زەینەب جەلالیان، ژنە سیاسی و چالاکوانی رۆژھەڵاتی کوردستان ماوەی (12) ساڵە لەزیندانەکانی ئێران لەدۆخیکی تەندروستی خراپدا ژیان دەگوزەرێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

زەینەب جەلالیان، ژنە سیاسی و چالاکوانی رۆژھەڵاتی کوردستان ماوەی (12) ساڵە لەزیندانەکانی ئێران لەدۆخیکی تەندروستی خراپدا ژیان دەگوزەرێنێ.  لەچەند مانگی رابردوودا لەزیندان تووشی کۆرۆنا بوو، ئەمە جگە لەوەی دۆخی تەندروستی پێشتریش ناجێگیر بووە.

زەینەب جەلالیان، (37) ساڵ تەمەن لە 2008   بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەیەکێک لەحزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام  دواتر سزاکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد لەچەندین زیندانی ئێران جێگۆڕکێ بەشوێنەکەی کراوە، دوای سێ مانگ راگیران لەبەندیخانەی ناوەندیی کرمان، بۆ جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لەڕۆژی پێنجشەممە (٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠).

ئەو بەندکراوە سیاسییە رۆژی  ٢٨ی نیسان تووشی پەتای کۆرۆنا بوو، دوای دوو مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرمان گوازرایەوە.

زەینەب جەلالیان لەکاتی دەستبەسەرکرانەوە لەساڵی 2008، لەبەندیخانەی دیزڵاوای کرماشاندا راگیرا بۆ ماوەی پینج مانگ، دواتر گواسترایەوە بۆ گرتووخانەی ئێڤین لەتاران.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لەنێوان بەندکراوانی سیاسیی ژن لەئێراندا قورسترین حوکمی بەسەردا سەپاوە، پاش هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆری بنەماڵەکەی گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی خۆی لەکرماشان و لەوکاتەوە لەو بەندیخانەیە راگیرابوو لەبەھاری ئەمساڵدا بۆ بەندیخانەی کرمان گوازرایەوە. ھەفتەی رابردوو بۆ جارێکی دیکە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان گوازراوەتەوە.

زەینەب لەدایکببووی ساڵی 1983یە لەگوندی دەمقشلاقی سەر بەشاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان.

جەلالیان لە 2008 لەڕێگای نێوان کرماشان و سنەدا لەبازگەی بازڕەسی قازانچی نزیک شاری کامیاران لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لەلایەن چەند پۆلیسێکی  جل مەدەنی چەکدارەوە دەستبەسەر کرا. بەوتەی شایەدان چەند پیاوێکی  چەکدار ئۆتۆمبێلەکەیان دەورپێچکردووەو زەینەبیان بەزەبری لێدان لەئۆتۆمبێلەکە ھێناوەتە خوارەوەو خستویانەتە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلێکی ترەوە.

زەینەب جەلالیان دوابەدوای دەستبەسەرکردنی رەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵا‌‌عاتی شاری کرماشان ناسراو بەزیندانی مەیدانی نەفت کرا.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، لەم زیندانەدا زۆر ئەشکەنجەو ئازاری بینیوە، لەدوای دەستبەسەرکردنیشی کەسوکاری لەوردەکاریی  تۆمەتەکانی سەری بێئاگابوون. ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ زەینەب جەلالیان بریتین لە:

١-چالاکی چەکداریی دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێران.

٢-بەشداربوون لە پژاک.

٣-هەڵگرتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی.

٤- چالاکی و پڕوپاگەندە بۆ گروپەکانی دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێران.

لەدادگادا تۆمەتی دژایەتیکردنی خودا دراوەتە پاڵی و سەرەتا سزای لەسێدارەدان سەپێنراوە بەسەریدا، بەڵام لەئەنجامی فشاری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەمپینە نێودەوڵەتییەکان ئەم سزایە گۆڕدرا بەسزای زیندانی هەتاهەتایی.

پارێزەرەکانی چەندین جار وتوویانە رەوشی تەندروستی زەینەب جەلالیان باش نییەو لەئەنجامی (12) ساڵ زیندانیدا زۆر کێشەی تەندروستی بۆ دروستبووە، بەتایبەت چاوەکانی و گورچیلەکانی زۆر ئەزیەتی دەدەن.

ھەروەھا لەئەنجامی مانگرتنی درێژ لەخواردندا کێشەی تری  تەندروستیشی بۆ دروستبووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان رێگەنادەن زەینەب جەلالیان بچێتە نەخۆشخانە.

ژنە زیندانی سیاسیی کورد، زەینەب جەلالیان لەھاوینی ئەمساڵدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی کردووەو باسی لەوە کردووە کە لەدۆخێکی سەخت و لەژووری تاکەکەسی زیندانی کرمان رادەگیردرێت، ئەوەش لەکاتێکدا بوو کەھێشتا نەگەڕێنرابووەوە بۆ کرماشان.

زەینەب جەلالیان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەروەها، ئاماژەی بەوەداوە کەکاربەدەستانی زیندان رایانگەیاندووە؛ ئەگەر خەرجی گواستنەوەکە خۆی لەئەستۆی بگرێت، دەیبەنەوە بۆ زیندانی شاری (خۆی) لەپارێزگای ئورمیە، بەڵام هێشتا ئەمە جێبەجێی نەکراوە.

بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژھەڵاتی کوردستان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی زەینەب چەند هەفتە جارێک و بەئامادەبوونی دوو کارمەندی ئەمنیی زیندانەکە دەکرێت و رێگەی پێنادرێت بەزمانی کوردی قسە بکات و ناچاردەکرێت بەزمانی فارسی لەگەڵ باوک و دایکی قسە بکات کە بەسەختی لەو زمانە تێدەگەن.

هەریەک لەکۆمەڵگای ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( کەنەکە) داوایان کردبوو هەرچی زووە دەبێت زەینەب جەلالیان و زیندانیانی سیاسی لەگرتووخانەکانی ئێران ئازاد بکرێن.

زەینەب جەلالیان ژنە زیندانی سیاسیی کورد کەماوەی (١2) ساڵە لەگرتووخانەدایە، ئەو ماوە درێژەی زیندان ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەی زیندان کاریگەریی زۆری لەتەندروستی کردووە.

دوای ئەوەی بڵاوبووەوە کە زەینەب جەلالیان تووشی پەتای کۆرۆنا بووە، لەژێر فشاری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی لەژێر رێوشوێنێکی توندی ئەمنی و دەستبەستراوی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی گرتووخانەکە، سەرەڕای ئەوەی کەپزیشکەکان پشکنینان بۆ ئەنجامدابوو داوایان کردبوو لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدابێت، بەڵام جارێکی تر گەڕێندرایەوە گرتووخانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار