مه‌سرور بارزانى راسته‌وخۆ وه‌ڵامى پرسیارى په‌رله‌مانتاران ده‌داته‌وه

5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان واده‌ى ئاماده‌بوونى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى له‌په‌رله‌مان دیاریکرد و وه‌ڵامى په‌رله‌مانتارانیش راسته‌وخۆ په‌خش ده‌کرێت و سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى ده‌ڵێت:" به‌پێى رێکارى په‌یڕه‌وى سه‌رۆکى حکومه‌ت دێته په‌رله‌مان".
ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان بڕیاریدا، رۆژى دووشه‌ممه 5ى تشرینى یه‌که‌مى 2020 مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌توانێت بچێته په‌رله‌مان و له دانیشتن ئاماده‌بێت.
ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ ئاماده‌بونى مه‌سرور بارزانى له‌په‌رله‌مان ئه‌م پێشنیازانه‌ى خستوه‌ته‌ڕوو:
- هه‌ر سه‌رۆک فراکسیۆنێک پێنج خوله‌ک قسه بکات.
- له هه‌ر فراکسیۆنێک چه‌ند په‌رله‌مانتارێک دوو خوله‌ک قسه بکه‌ن و پرسیار له شانده‌که‌ى حکومه‌ت بکه‌ن.
- دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مانى کوردستان کراوه ده‌بێت و راسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه.
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت، هاتنى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ په‌رله‌مان رێکارێکى په‌یڕه‌وییه.
زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" هاتنى سه‌رۆکى حکومه‌ت به‌پێى رێکارى په‌یڕه‌وى په‌رله‌مان بووه".
هه‌روه‌ها وتیشى:" ئێمه پرسیارى خۆمان ده‌که‌ین و چاوه‌رێى وه‌ڵامى موقنیعى لێ ده‌که‌ین له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى که هه‌یه به‌تایبه‌ت موچه‌و لێبیرینى موچه".
