ھێرشەکەی ھەولێر کێ ئەنجامیداوە؟

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
ئەمشەو چەند مووشەکێک ئاراستەی ھەولیر کران کە لە نزیک فرۆکەخانەی ھەولیر و بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کەوتنە خوارەوە. بەپێی زانیارەیەکان مووشەکەکان لە گوندێکی پارێزگای نەینەواوە لە لایەن ئەو گروپانەی حەشدی شەعبیەوە ئاڕاستەکراون کە نزیکن لە ئێران.
هۆشیار زێباری: ئەوانە ئەنجامیان داوە کە ھێرشیان کردۆتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند موشەكەكانی ئەمشەو لە نزیك بارەگاكانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتونەتە خوارەوەو هێرشەكەش لەلایەن ئەو چەكدارانەوە ئەنجامدراون كە ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.
هۆشیار زێباری لە تویتێكدا رایگەیاند "ئەمشەو سێ هێرشی موشەكی لە دەوروبەری بارەگاكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجامدراون و ئەوەش ئاڵۆزییەكی دیكەیە بۆ تێكدانی ئاسایشی عێراق و كوردستانی عێراق لەلایەن ئەو گروپانەی كە ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداو كاروانە سەربازییەكانی."
هەروەها وتوشیەتی "پێویستە رێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو ھێرشانە."
دژە تیرۆری كوردستان: شەش موشەك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێركران
دژە تیرۆری كوردستان رایگەیاند، ئەمشەو شەش موشەك لە سنوری گوندێكی پارێزگای نەینەواوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كراون.
دژە تیرۆری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی "كاتژمێر 8:30ى ئهمشهو له سنورى گوندى شێخ ئهميرهوه كه سهر به پارێزگاى نهينهوايه لهلايهن ميليشياكانى حهشدى شهعبييهوه 6 موشهك به ئاڕاستهى فڕۆكهخانەی نێودهوڵهتى ههولێر هاوێژران، بهڵام دور له فڕۆكهخانه له چۆڵهوانى كهوتنه خوارهوه و دو لهو موشهكانهش نهتهقيونهتهوه و خۆشبهختانه هيچ زيانێكى لێ نهكهوتهوه."
بەرپرسێکی دیموکرات: مووشەکەکان نزیکی ٥٠٠ مەتر لە دوری بارەگاکانی دیموکراتەوە کەوتوونەتە خوارەوە
بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "ئەو مووشەکانەی لە نزیک گووندی گردەچاڵ کەوتوونەتەوە تەنها ٥٠٠ مەتر دوورن لە بارەگای سێ ناوەندی حیزبی دیموکراتەوە".( دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای هەولێر).
سۆران عەلی ئەندامی کۆمیتەی ناوەدنی و بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ( خالیدی عەزیزی) راگەیاند "کاتژمێ ٨:٣٠ سێ مووشەک لە نزیک بارەگای" سێ "ی ناوەندی حیزبی دیموکرات کەوتۆتە خوارەوە کە تەنها ٥٠٠ مەتر دوورە لە بارەگای حیزبەوە".
دەربارەی زیانەکانی ئەو هێرشە، سۆران عەلی وتی " هیچ زیانێکی گیانی بەداوە نەبووە، بەڵام بەهۆی مووشەکەکانەوە ئاگرێکی گەورە کەوتۆتەوە".
ئەو بارەگایە نزیکەی دوو کلیۆمەتر لە بارەگایەکی هاوپەیمانانەوە دوورە، هەروەها نزیکە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە.
هەروەها هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باسی ئەو هێرشە دەکات کە کراوەتە سەر بارەگای ئەو حیزبەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
تا ئێستا نازانرێت ئاراستەی مووشەکەکان لەوكوێوە ئەو شوێنەی کردۆتە ئامانج و، نازانرێت ئایا ئامانج بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، یان بەرەگای هاوپەیامنانی دژی داعش، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رادەکێشرێت.
