بەرپرسێکی پنتاگۆن: سێ لە مووشەکەکان بەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا کەوتوون لە ھەولێر

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
دوو کەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە هێرشە موشەکییەکانی شەوی ڕابردووی دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراون و یەکێک لەوانەش بەرپرسێکی حەشدی شەعبییە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی. بەرپرسێکی ئەمریکیش رایگەیاند سێ مووشەک بەر بنەکەیەکی ئەوان کەوتووە.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە CNNی ئەمریکیی ڕاگەیاند، سێ لە موشەکەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر لە بنکەیەکی سەبازی ئەمریکا کەوتووەتەخوارەوە و موشەکێکی دیکەش لەدەرەوەی بنکەکە کەوتووەتەخوارەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەبوونی هیچ بریندارێک یان زیانێکی مادی ئەو موشەکانە بکات.
هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمنییەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، موشەکەکەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر قەبارەیان گەورەتر بووە لە موشەکە ئاڕاستەکراوەکان کە لە ماوەی پێشوودا بەکارهێنراون.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە کە یەکێک لەو دوو کەسەی دەستگیرکراون، فەرماندەی لیوای 30ی حەشدی شەعبییە.
ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ کشانەوەی دیپلۆماتەکانی لە عێراق دوای ئەوەی بەغدادی ئاگادارکردەوە لە داخستنی باڵیۆزخانەکەی، ئەمەش ئەو هەنگاوەیە عێراقییەکان لێیدەترسن کە وڵاتەکەیان بکاتە مەیدانی شەڕ و پێکدادان.
شەوی ڕابردوو چوارشەممە، لە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر، شەش مووشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کران و لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، " حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت".
